یایا تۆرێ یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی مانچستەر ستی دووپاتیكردەوە سەرجەم یاریزانانی تیپەكەی خۆشحاڵن بەشێوازی راهێنانەكانی بەڕێوەبەری هونەری تیپەكەی مانویل پیلگرینی كە لەوەتەی وەرزی رابردووەوە ئەركی راهێنەرایەتی ئەو تیپەی وەرگرتووە.....هەروەها یایا تۆرێ بۆ رۆژنامەی دەیلی مەیل روونیكردۆتەوە ئەو شێوازە هێرشبەریەی دەیەوێت لەتیپەكە بونیات بنرێت بووە هۆی ئەوەی تیپەكەمان رووبەڕووی چەند شكستێك ببێتەوە، بەڵام لەسەرمان پێویستە ئاستی هێرشبەریمان برەو پێبدەین و پێشبكەوین.....لەبەشێكی تری قسەكانیدا تۆرێ وەرزی رابردووی تیپەكەی بە گرنگ و خۆشەوە ناوبرد لەژێر ئەركی بەرپرسیاریەتی ئەو راهێنەرە و لەمباریەوە وتی : بەشێوەیەكی زۆر باش یاریمان كردو ئەوەی مەبەستمان بوو توانیمان بۆ دووەم جار لەماوەی سێ ساڵ نازناوی خولی ئینگلیزی بەدەست بهێنین...سەبارەت بە هاتنە خوارەوەی ئاستیشی یایا تۆرێ هۆكارەكەی بۆ بەشداریكردن لەپاڵەوانیەتی جامی جیهانی بەرازیل گەڕاندەوە كە یاریزانەكان پشووی تەواویان نەدابوو سەرلەنوێ چوونەوە نێو ماوەی ئامادەكاری یانەكەیان....سەبارەت بە دەست نیشانكردنی باشترین یاریزان لەنێوان لیۆنیل میسی و هاوڕێی ئێستای سێرگیۆ ئەگوێرۆ، تۆرێ رەتیكردەوە جیاوازی لەنێوانیان بكات تەنیا وتی ئەگوێرو یاریزانێكی ئاست بەرزو نمونەییە.