سەردار ئیسماعیل پاڵـەوانی لەشجوانی جیهانی: بەرز راگرتنی ناوی كوردستان لە پاڵەوانێتییە نــــێودەوڵەتییەكان ئەركی گەورەمانە

سەردار ئیسماعیل پاڵـەوانی لەشجوانی جیهانی: بەرز راگرتنی ناوی كوردستان لە پاڵەوانێتییە نــــێودەوڵەتییەكان ئەركی گەورەمانە
سەردار ئیسماعیل ساڵی 1976 لە شاری كۆیە لەدایكبووە و دەرچووی هەردوو كۆلێژی ئاداب و یاسایە، یەكێكە لە پاڵەوانە جیهانییەكان لە یاریی لەشجوانی و كەم كەس هەیە ناوی ئەو كوڕە كوردە پاڵەوانەی نەبیستبێ، بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی لە پاڵەوانێتییەكانی جیهانی بەدەستیهێناوە، كە نموونەی بەرچاوی پلەی یەكەمی یەكەمەكانی لە پاڵەوانێتیی جیهان لە ئیتاڵیا لە ساڵی 2012بەدەستهێناوە، ئێستاش بۆ بەشداریكردن لە كێبڕكێی پاڵەوانی دیكە ئامادەكاری دەكات و بیر لە بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستەتر بۆ خۆی و بۆ كوردستان دەكاتەوە. ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە:
* ئاستی یاریی لەشجوانی بە شێوەیەكی گشتی لە كوردستان چۆن دەبینی؟
- ئێستا لە لوتكەدایە، بەڵگەشم ئامادەبوونی كوردە لە پاڵەوانێتییە جیهانییەكان و ئەنجامە بەرچاوەكانی ئەم پاڵەوانانە.
* وەكو پاڵەوانێك پێتوایە بۆ بەرەو پێش چوونی ئەم یارییە دەبێت چی بكرێت؟
- بە بۆچوونی من هێنانی راهێنەری جیهانی و كردنەوەی پاڵەوانێتی و بەشداریكردنی راهێنەرانی كورد لە خولە جیهانییەكان بەمەبەستی بەدەستهێنانی زانیاریی نوێ و بەرزكردنەوەی ئاستی راهێنەران ئەوانە هۆكارن بۆ پێشكەوتنی ئەم یارییە.
* كردنەوەی پاڵەوانێتیی ساڵانە بۆ یەك جار ئایا دەبێتە هۆكار بۆ پێشوەچوونی ئەم یارییە؟
- بە بۆچوونی من هەر چەندێك پاڵەوانێتی زیاتر بێت، ژمارەی پاڵەوانەكانمان زیاتر دەبێت، بەڵام بێگومان پێویستی بە توانای ماددی هەیە.
* گرفتی یاریی لەشجوانی لە چیدا زیاتر رەنگ دەداتەوە؟
- كەمیی پشتگیری كردنی یاریزانان لەلایەن یانەكان هۆكاری سەرەكییە.
*كردنەوەی ئەم هۆڵانە تا چەند بە مەبەستی خزمەتە و تا چەند دەچێتە خانەی بارزگانی؟
- بەداخەوە زۆربەی هۆڵەكان بەمەبەستی بازرگانییە تەنیا 2تا3 هۆڵ نەبێت كە جێ دەستیان دیارە لە یاریی لەشجوانی.
* هەست ناكەی ئێستا ئەم یارییە لە ناو چینی گەنجان زیاتر پەرەی سەندبێت؟
- مایەی خۆشحاڵییە كە چینی گەنجان روویان لەم وەرزشە كردووە، ئەمەش گەواهیدەری فروان بوونی پێگەی جەماوەری ئەم یارییە دەردەخات.
* بەرنامەت بۆ داهاتوو چییە ؟
- پەنابەخوا دوای وەرگرتنی پشوویەك بەردەوام دەبم لە بەشداریكردن لە پاڵەوانێتییە جیهانییەكان.
* بڕیاری وازهێنانی یەكجاریت لەم یارییە نەداوە؟
- دوای بەدەستهێنانی ئەو ئەنجامەی كە لە خەیاڵمە، ئینجا بیر لە وازهێنان دەكەمەوە.
* تاچەند بەكارهێنانی دەرمانی وزەبەخش كاریگەری دەبێت لەسەر یاریزانانی لەشجوانی، ئایا ئێوە وەكو یاریزانان بەكاری دەهێنن؟
- دەمەوێت شتێك بۆخوێنەران روون بكەمەوە كە جیاوازییەكی زۆر لە نێوان ماددە وزەبەخشەكان و تەواوكەرە خۆراكییەكان هەیە، بێگومان یاریزانە نێودەوڵەتییەكان پێش بەشداریكردن پكشنینیان بۆ دەكرێت، ئەگەر ماددە وزەبەخشەكانیان بەكارهێنا بێت، سزا دەدرێن، بەڵام ماددە تەواوكەرە خۆراكییەكان وەكو پرۆتین و ترشە ئەمینییەكان و كریاتین و مادە رێپێدراوەكانی دیكە زۆر ئاساییە، بۆیە من وەك پاڵەوانێك نە ماددە وزەبەخشەكان بەكار دەهێنم، نە لەگەڵ بەكارهێنانم.
* باشترین ئەنجامەكانت وەكو یاریزان و پاڵەوانێك تا ئێستا چی بوون؟
- من شانازی بەوە دەكەم یەكەم پاڵەوانی كورد كە بووم بە نێودەوڵەتی لە ساڵی2000خاوەنی زۆرترین بەشداریكردنی نێودەوڵەتیم كە 18 بەشداریكردنە.
1- پلەی چوارەم لە پاڵەوانێـتیی عەرەب لە سوریا لەساڵی 2000.
2-پلەی سێ یەم لە پاڵەوانێـتیی عەرەب لە وڵاتی میسر ساڵی 2001.
3-پلەی هەشتەم لە پاڵەوانێـیی عەرەب لە بەغدا ساڵی 2002.
4-پلەی هەشتەم لە پاڵەوانێـتیی جیهان لە قاهیرە.
5-پلەی یەكەم لە پاڵەوانێـتی عەرەب ساڵی 2004 لە عەممان.
6- پلەی سێیەم لە پاڵەوانێـتی ئاسیا لە بەحرێن ساڵی 2004.
7- بەشداربوون لە لە پاڵەوانێـتیی جامی زێڕینی قەتەر ساڵی 2004.
8-بەشداربوون لە خولی ئاسیا لە دەوحە لە ساڵی 2006.
9- پلەی یەكەم لە پاڵەوانێـتیی عەرەب ساڵی 2007 لە یەمەن.
10- پلەی هەشتەم لە پاڵەوانێـتی جیهان لە بەحرێن.
11-پلەی دووەم لە پاڵەوانێـتیی ئاسیا لە تایلەند سالێ 2009.
12- پلەی چوارەم لە پاڵەوانێتیی جیهان لە ئازەربایجان ساڵی 2011.
13- پلەی حەوتەم لە پاڵەوانێـتیی جیهان لە وڵاتی هیند ساڵی 2011.
14- پلەی یەكەم لە پاڵەوانێتیی جیهان لە ئیتالیا ساڵی 2012.
15-پلەی یەكەمی یەكەمەكان لە پاڵەوانێتیی جیهان لە ئیتالیا ساڵی 2012.
16- پلەی یەكەم لە پاڵەوانێتیی مستەر یونیفیرسی پیشەگەران ساڵی 2013 لە ئەڵمانیا.
17-پلەی یەكەمی یەكەمەكانی پاڵەوانێتیی مستەر یونیفیرس ساڵی 2013.
18- پلەی پێنجەم لە پاڵەوانێتیی ئارنۆڵدكلاسیك لە كێشی 90كگم ساڵی 2014 لە مەدرید.
* لە جیهان بەچ یاریزانێكی لەشجوانی زۆر سەرسامیت؟
- لە كۆنەكان كان ئارنۆڵد شوارزنگر، لە نوێیەكانیش فیل هیت.
* ئەگەر لە كۆتاییدا شتێكت مابێت ؟
- هیوای سەركەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازم و هیوادارم بایەخێكی زیاتر بە یاریی لەشجوانی و پاڵەوانەكانی بدرێت و بەرزڕاگرتنی ئاستی یارییەكە و بەرزڕاگرتنی ناوی كوردستان لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەكانیش ئەركی گەورەی سەرشانمانە.
Top