دوای ئەوەی درنگانی شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە لە رێگەی فرۆكەیەكی تایبەتی شاندی هەڵبژاردەی عێراق گەیشتنە شاری ریاز پایتەختی سعودیە بەمەبەستی بەشداریكردن لە جامی كەنداو 22، لەگەڵ گەیشتنیان شاندی هەڵبژاردەی عێراق لە هۆتێلی تایبەت بە كۆمەڵەی دووەم نیشتەجێبوون، بەڵام شەوی چوارشەممە بەشێوەیەكی سەیر هەڵبژاردەی عێراق كێشەیەكی بۆ رێكخەرانی پاڵەوانێتیەكە دروست كرد، كاتێك بریاری دا هۆتێل جێبهێڵن و لە مۆتێل نێشتەجێبوون، ئەمەش كێشەیەكی گەورەی بۆ لایەنی میواندار دروست كرد، لە لێدوانێكیدا محەمەد ئیبراهیم رێكخەری یەكێتی تۆپی پێی عێراق لە سعودیە سەبارەت بەم كێشەیە گوتی: ئێمە هیچ كێشەیەكەمان لە هۆتێل نییە و هەروەها كێشەمان لە شوێنی نیشتەجێبوون نییە، بەڵام بە بڕیاری سەرۆك شاند، كە بڕیاری دا یاریزانان و دەستەی راهێنەران هۆتێل جێبهێڵن و بچنە مۆتێل بۆ ئەوەی پاڵپەستۆی راگەیاندن لەسەر یاریزانان نەمینێت.
لە درێژەی قسەكانیدا محەمەد ئیبراهیم گوتی: شاندی فەرمی عێراق هەر لە هۆتیل نیشتەجێبوون و هیچ كێشەیەكمان نییە.
جێگەی باسە هەڵبژاردەی عێراق رۆژی هەینی كاتژمێر 8:15 خولەكی شەو بە كاتی هەولێر رووبەرووی هەڵبژاردەی كوەێت دەبێتەوە.
رێبین رەمزی