كچانی كوردستان پاسیكلسوارانی عەرەبیان لە جەزائیر سەرسام كرد
سیروان سامی راهێنەری كچانی هەڵبژاردەی عێراق و یانەی نەورۆز كە ئەوان پشكی شێریان لە بەدەستهێنانی میدالیاكان هەبووە، بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «ئاستی پاڵەوانێتییەكە زۆر بەهێز بوو، كچانی هەڵبژاردە بەشداربووەكان كێبڕكێی بەهێزیان دەكرد لە سەر بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە لەو پاڵەوانێتییە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی كە لە هۆڵە داخراوەكان و دەرەوەی یاریگەكانیش بەڕێوەچوو، كچانی كوردستان هەروەكو لە ئامادەكارییەكانیان دیار بوو،زۆر بە شێوەیەكی توكمە خۆیان ئامادە كردبوو، ئێمە نیازی بەدەستهێنانی ئەنجامی باشمان هەبوو بۆ بەرزكردنەوەی ناوی خۆمان و كوردستان و عێراق، خۆشبەختانەش توانیمان باشترین ئەنجام لەسەر ئاستی هەڵبژاردەكان بەدەست بهێنین لە پێشبڕكێیەكان كە ئەنجامەكانمان بە گشتی لەسەر ئاستی هەڵبژاردەكان پلەی یەكەم و دووەم بوو. ئێمە شانازی بە خۆشمان دەكەین كە وەكو راهێنەر و كچە كوردەكانی هەڵبژاردەی عێراق ئەم ئەنجامەمان بەدەستهێناوە، پێشتر سەرجەم یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق عەرەب بوون، بەڵام دوای ئەوەی لە شاری سلێمانی ئەم تیپەمان دروست كرد، خۆشبەختانە لە ئێستا جێگەی ماندووبوونمان دیارە و سەرجەم یاریزانەكان كوردن لە سلێمانین، ئەوەش شانازییەكی گەورەیە، بەهیوای ئەوەشین بتوانین لە پاڵەوانێتییەكانی داهاتوو بتوانین لە بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە لە پاڵەوانییەكانی دەرەوە بەردەوام بین.
لەلایەن خۆیەوە زریان عەتار كچە یاریزانی كوردی هەڵبژاردەی عێراق و خاوەنی میدالیای ئاڵتوون لە پاڵەوانێتی عەرەبی، بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «بە راستی هەست بە دڵخۆشیەكی زۆر دەكەم كە وەكو كچە كوردێك لەم پاڵەوانێتییە توانیمان ئەم ئەنجامە گەورەیە لەسەر ئاستی هەڵبژاردە بەشداربووەكان بەدەست بهێنین، هەر چەندە مەشقەكانمان زیاتر بۆ پاڵەوانێتی سەر شەقام بوو، بەڵام لە هۆڵە داخراوەكانیش توانیمان ئەنجامی دڵخۆشكەر بەدەست بهێنین، متمانەی تەواومان بەخۆمان هەیە كە دەتوانین لە پاڵەوانێتیەكی داهاتوو ئەنجامەكانمان باشتریش بكەین، بەڵام بەدەستهێنانی كۆمەڵێك میدالیا بۆ ئێمە شانازییەكی گەورەیە هیوامان وایە ئەنجامەكانمان مایەی دڵخۆشی بێت بۆ هەموو لایەك سەری كوردستانیش بەرز بكەینەوە.
هەروەها سۆزی دڵشاد یاریزانی پاسیكلسواری هەڵبژاردەی عێراق لە بارەی پاڵەوانێتییەكە بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «ئەم پاڵەوانێتییە زۆر بەهێز بوو لەسەر ئاستی یاریزانە بەشداربووەكان و تیپەكان، ئێمەش وەكو یاریزانانی كورد توانیمان ئاستێكی بەرز پێشكەش بكەین، هەست بە شانازییەكی گەورە دەكەم كە وەكو یاریزانانی كوردی ریزی هەڵبژاردەی عێراق شان بە شانی یاریزانانی چەندین وڵات توانیمان 13 میدالیای جۆراوجۆر بەدەستبهێنین، ئەم ئەنجامەش بۆ كوردستان و عێراق ئەنجامێكی گەورە بوو، چونكە چەندین ساڵە عێراق چاوەڕوانی ئەو ئەنجامە بوو، خۆشبەختانەش كچانی كورد توانییان ئەم ئەنجامە گەورەیە بەدەستبهێنن، بەهیوای ئەوەشم لە داهاتوودا بتوانین باشترین ئەنجام لەسەر ئاستی جیهانیش بەدەستبهێنین زیاتر ناوی كوردستان بەرز بكەینەوە».
