یانەی سلێمانی دەبێتە پاڵەوانی خولی نایابی تێنسی سەرمێزی كوردستان

یانەی سلێمانی دەبێتە پاڵەوانی خولی نایابی تێنسی سەرمێزی كوردستان
لە شاری سلێمانی و لە هۆڵی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بەسەرپەرشتیی یەكێتیی ناوەندیی تۆپی سەرمێزی كوردستان و بەهاوكاریی لقی سلێمانی یەكێتییەكە و بەبەشداریی هەریەك لە یانەكانی (برایەتی، سلێمانی، پێشمەرگەی سلێمانی، سیروانی نوێ، هەڵەبجەی شەهید، ئەكاد، قەڵا، سۆلاڤ، دهۆك، ئاشتی) لە ئاستی كوڕان خولی تۆپی سەرمێزی نایابی یانەكانی كوردستان بۆ ماوەی سێ رۆژ كێبڕكێیەكانی خولەكە لە نێوان یاریزانانی یانە بەشداربووەكان بەڕێوەچوو، لە پاڵەوانێتییەكەشدا یاریزانانی یانە بەشداربووەكان لە ماوەی خولەكەدا ململانێی بەهێزیان دەكرد بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە لە خولی نایابی تۆپی سەرمێز، لەسەرجەم یارییەكانیش كوڕانی یانەی سلێمانی توانییان بە ئاست و بە ئەنجام یارییەكان بە سوودی خۆیان كۆتایی پێبهێنین و سەركەوتنی یەك لەدوای یەكیان پێشكەشی هاندەرانی ئامادەبووی نێو هۆڵەكە كرد. لەبارەی هۆكاری نەهاتنەوەی هیچ یانەیەكیش لە خولەكە، قەلەندەر نەسرەدین جێگری سەرۆكی یەكێتیی ناوەندیی تۆپی سەرمێزی كوردستان بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «دوای چەند جارێك دواخستن بە هۆی ئەو بارودۆخەی بەسەر هەرێمی كوردستاندا هات و راگرتنی چالاكییەكان لەلایەن لێژنەی ئۆڵۆمپیی هەرێمی كوردستان، دواجار بڕیاردرا لەسەر دەستپێكردنی خولەكە، بۆیە بڕیاری ئەوەمان دا ئەمساڵ هیچ تیپێك دانەبەزێ بۆ ریزی یانە پلە یەكەكان، چونكە خولەكە تەنیا بەیەك قۆناغ بەڕێوە چوو، دواتریش چەند یارییەك لە كاتی خۆی دواكەوت بەهۆی ئەوەی لە ناو پاڵەوانێتییەكەش لە دەرەوەی یاریگە یاریزانێكمان لە ماڵەكەی خۆیدا بە هۆكاری جەڵتەوە كۆچی دوایی كرد، كە ناوی كەیوان لەتیف یاریزانی یانەی قەڵای توركمانی شاری هەولێر بوو، لە هەمان كاتیشدا برای یاریزان كارزان لەتیفی یاریزانی هەڵەبجە بوو، بۆیە بە پێویستمان زانی كە ئەمساڵ هیچ یانەیەك دانەبەزێ بۆ ریزی یانە پلە یەكەكان.ئەنجامی كۆتاییش بەم شێوەیە بوو.
1-یانەی سلێمانی
2-یانەی پێشمەرگەی سلێمانی
3-یانەی سۆلاڤ
Top