هەولێر یەكەم سێ خاڵی لە خولی عێراق بە دەستهێنا

هەولێر یەكەم سێ خاڵی لە خولی عێراق بە دەستهێنا
لە چوارچێوەی یارییەكانی خولی عێراق كۆمەڵەی یەكەم رۆژی یەكشەممە لە یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری لە شاری هەولێر یانەی هەولێر یەكەم یاری خۆی بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی بەرچاوی هاندران میوانداری لە یانەی زاخۆ كرد.
لە یارییەكی ئاست بەرزدا یانەی هەولێر توانی یەكەم سێ خاڵی خولەكە بۆ خۆیان مسۆگەر بكەن دوای ئەوەی یارییەكەیان بە ئەنجامی (3-1) گۆڵ بردەوە.
لە گێمی یەكەمی یارییەكەدا یاریزانانی هەولێر ئاستێكی یەكجار بەرزیان پێشكەش كرد و توانیان لە ماوەی 30 خولەكەدا سێ گۆڵ تۆمار بكەن لە رێگەی یاریزانان لوئەی سەڵاح لە خولەكی (16) و سەعد عەبدولئەمیر لە خولەكەكانی (33، 38) گۆڵەكانیان تۆمار كرد و هەر لەم گێمەدا یانەی هەولێر چەندین هەلی ئاسانی گۆڵ تۆماركردنیان لە دەستدان گێمی یەكەمی یارییەكە بە ئەنجامی (3-0) گۆڵ تەواوبوو، لە گێمی دووەمی یارییەكەدا یانەی زاخۆ بە شێوەیەكی تر هاتە نێو یاریگا بەمەبەستی گەرانەوە بۆ كەش و هەوای یارییەكە لە سەرەتاوە فشارێكی توندیان خستە سەر گۆڵی هەولێر و لە خولەكی (48) یاریزان رێبیر محەمەد گۆڵی یەكەم بۆ یانەی زاخۆ تۆمار كرد پاش ئەم گۆڵە یانەی زاخۆ بەردەوام بوو لەسەر هێرشەكانیان چەندین هێرشی مەترسیداریان بردە سەر گۆڵ هەولێر، بەڵام ئاست بەرزی جەلال حەسەن-ی گۆڵپارێز و یاریزانانی هێڵی بەرگری یانەی هەولێر بوونە رێگر لە تۆماركردنی گۆڵی زیاتر، لە بەرانبەردا یانەی هەولێر لەم گێمە ئاستی وەكو پێویست نەبوو هەرچەندە چەند هێرشێكی مەترسیداری لەسەر گۆڵی زاخۆ هەبوو، بەڵام نەیتوانی گۆڵی زیاتر تۆمار بكەن دواتر ناوبژیوان فیكەی تەواوبوونی یارییەكەی لێدا بەسەركەوتنی یانەی هەولێر بە ئەنجامی (3-1) گۆڵ.
رێبین رەمزی
Top