یانەی هەولێر خەڵات دەکات... سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان : چۆن شانازی بە پێشمەرگەوە دەکەین ئاوا شانازی بە وەرزشکارانەوە دەکەین
لەبارەی ئەو ئاستەی یانەی هەولێر هەیەتی، سەرۆکی پەرلەمان وتی: ئاستی تۆپی پێی هەولێر بۆ هەمو کوردێک جێگەی خۆشحاڵییە، ئێمە چۆن شانازی بە پێشمەرگەوە دەکەین، ئاوا شانازی بە وەرزشکارانەوە دەکەین.!چونکە ئەمڕۆ دیبلۆماتییەتی وەرزشی لە دونیادا پێشکەوتنێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیووەو پێویستە ئێمەش لەم بوارەدا بەرەو پێشەوە بڕۆین."
ئەم وتانەی د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە میانی پێشوازیکردن بوو لە سەرۆک و یاریزانان و دەستەی گارگێڕی یانەی وەرزشی هەولێر، کە نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە، ٢٣ ی ئۆکتۆبەر، سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و لەلایەن سەرۆک و سکرتێری سەرۆکی پەرلەمان پێشوازیکران، بەو بۆنەیەشەوە، سەرۆکی پەرلەمان خەڵاتی تایبەتی یاریزان و ئەندامانی یانەی وەرزشی هەولێری کرد.
لەبەرامبەردا، د.عەبدوڵڵا مەجید سەرۆکی یانەی وەرزشی هەولێر بەناوی ئەندامان و یاریزانان و دەستەی کارگێڕی یانەکەوە، زۆر سوپاسی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیکرد بۆ خەڵات و وتە و پشتگیرییەکانی، هیوای خواست لە خولەکانی داهاتوودا یانەی هەولێر و یانەکانی تری هەرێمی کوردستان پلەی بەرز بەدەستبێنن.
لەبەشێکی تری وتەکانیدا، سەرۆکی یانەی وەرزشی هەولێر، داوای لێبوردنی لە هاندەرانی یانەکەی کرد کە نەیانتوانی پلەی یەکەم بەدەست بێنن و هیوای خواست لە خولی داهاتوودا دڵی هاندەریانیان خۆش بکەن بە بەرزکردنەوەی جامی یەکەمی پاڵەوانییەتییەکە.
