وەزیرى وەرزش و لاوانی عێراق سەردانی یانەی هەولێری كرد

وەزیرى وەرزش و لاوانی عێراق سەردانی یانەی هەولێری كرد
رۆژی چوارشەممە لە بارەگای خۆیدا سەرۆكی یانەی هەولێر د.عەبدوڵڵا مەجید پێشوازی لە وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق عەبدولحوسێن عەبتان و شاندی یاوەری كرد.
شاندی میوان پێكهاتبوون لە وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خالد دۆسكی و سەرۆكی لێژنەی ئۆڵۆمپی عێراق رەعد حەمودی و بەرێوەبەری گشتی وەرزش د.شاكر ئەحمەد سەمو پێكهاتبوون و هەریەكە لە مەحمود عەزیز جێگری سەرۆكی یانە و سەفین كانەبی و بێجان ئیبراهیم و هالە حەمەد ئەندامانی دەستەی كارگێری یانە لە پێشوازی شاندی میوان بوون، سەرەتا چەپكە گولینە پێشكەش بە وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق كرا دواتر سەرۆكی یانەی هەولێر د.عەبدوڵڵا مەجید قەلغانەی یانە و درێسی یانە پێشكەش بە وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق و وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی لێژنەی ئۆڵۆمپی عێراق كرد.
سەرەتا وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق عەبدولحوسێن عەبتان پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی یانەی وەرزشی هەولێر كرد، كە توانیان پلەی دووەم لە جامی یەكێتی ئاسیا بە دەستبهێنن و بە دەستكەوتێكی گرنگی وەسف كرد و خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەم ئاستە بەرزە دەربری، كە یانەكە لەم یارییە پێشكەشی كرد و گوتی: شانازی بە یانەی هەولێر دەكەین، كە بە باشترین شێوە نوێنەرایەتی عێراق-ی كرد لەم پاڵەوانێتیە و یانەی هەولێر نوێنەری عێراق بوو بۆیە ئەركە لەسەر هەموو لایەك پشتگیری لەم یانەیە بكات و پاڵپشتی بكات بۆیە هەوڵ دەدەم لە نزیكترین كاتدا خەڵاتی ئەم تیپە بكەم، كە بە شایستەیی گەیشتە یاری كۆتایی.
حەزم دەكرد لە یاری كۆتایی جامی یەكێتی ئاسیا ئامادە بم بۆ پاڵپشتی كردنی یانەكە، بەڵام بەهۆی پابەند بوونم بە چەند كارێكی حكوومەت نەمتوانی لەم یارییە مێژوویە ئامادە بم.
پاشان سەرۆكی یانەی هەولێر د.عەبدوڵڵا مەجید خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەم سەردانە دەربری و تەئكیدی لە گرنگی ئەم سەردانە كردووە و گوتی: زۆر خۆشحاڵین بە ئامادەبوونتان لە یانەی هەولێر ئەمە دەبێت پاڵپشتییەكی دەروونی باش بۆ یاریزانان، یانەكەمان توانی بە باشترین شێوە لە جامی یەكێتی ئاسیا ئەركی نەتەوایەتی خۆی جێبەجێ بكات بەم هەموو كێشە و گرفتە توانیمان بگەینە یاری كۆتایی، بەڵام داوام لە بەرێزتان ئەوەیە، كاتێك یانەی هەولێر بەشداری لە پاڵەوانێتیەكانی دەرەوەی عێراق دەكات چ وەزارەتی وەرزش و لاوانی عێراق یاخود لێژنەی ئۆڵۆمپی عێراق پاڵپشتی مادی و مەعنوی یانەكە بكەن، چونكە ئێمە تێبینمان كردوو هەر یانەیەكی شاری بەغداد بەشداری لەم جۆرە پاڵەوانێتیانە دەكات بە هەموو لایەك پاڵپشتی دەكەن، كەچی بە پێچەوانەوە كەسی پاڵپشتیمان ناكات.
لە درێژەی قسەكانیدا د.عەبدوڵڵا باسی لە گرنگی گەیشتنی یانەی هەولێر بۆ یاری كۆتایی جامی یەكێتی ئاسیا كرد و گوتی: گەیشتنمان بۆ یاری كۆتایی خۆی لە خۆیدا دەستكەوتێكی باش بوو و هەروەها لەم ماوەیەدا هەموو خەڵكی كوردستان و هەروەها عێراق بە دواداچوونیان بۆ هەواڵەكانی یانەی هەولێریان دەكرد و چاویان لە بەدەستهێنانی نازناوەكە بوو بەتایبەتی برا پێشمەرگەكان، كە لە بەرەكانی پێشەوا خولەك بە خولەك ئاگاداری هەواڵەكانی یانەی هەولێر بوون ئەمەش بووە جێگەی خۆشحالی ئێمە.
دواتر هەردوو لا چەندین تەوەری گرنگی بواری وەرزشیان باس كرد چ لە كوردستان یاخود لە عێراق، پاشان وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق سەردانی مەشقی یانەی هەولێر-ی كرد لە یاریگەی دووەمی شەهید فرەنسۆ هەریری و لە نزیكەوە سەردانی یاریزانانی یانەكە كرد و دەستخۆشی لەم ئەنجامەی لێكردن و تەئكیدی لە گرنگی بە دەستهێنانی پلەی دووەم لەسەر ئاستی ئاسیا كردووە.
جێگەی باسە ئەمە یەكەم جارە لە مێژووی حكوومەتی عێراق وەزیری وەرزش و لاوانی ئەم وڵاتە بەسەردانێكی فەرمی سەردانی یانەی هەولێر بكات ئەمەش بە سەردانێكی مێژووی وەسف دەكرێت.
رێبین رەمزی
فۆتۆ: پشتیوان رەشید
Top