سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان خەڵاتی یانەی هەولێر دەكات

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان خەڵاتی یانەی هەولێر دەكات
رۆژی سێشەممە لێژنەی وەرزش و لاوانی پەرلەمانی كوردستان كە پێكهاتبوون لە (مەردان خدر (سەرۆك)، جەودت نەجار (جێگری سەرۆك)، سەهراب رێكانی، محەمەد سەعدەدین) پێكهاتبوون سەردانی یانەی وەرزشی هەولێر-یان كرد، كە تیایید هەریەكە لە د.عەبدوڵڵا سەرۆكی یانە و مەحمود عەزیز جێگری سەرۆك و بێجان ئیبراهیم و شۆرش عەباس و هالە حەمەد ئەندامانی دەستەی كارگێری و بسیم عیسی سكرتێری یانە لە پێشوازی شاندی میوان بوون
سەرەتا سەرۆك لێژنەی پەرلەمانی كوردستان مەردان خدر سەبارەت بە دەستكەوتی یانەی هەولێر گوتی: دەمەوی بەناوی پەرلەمانی كوردستان دەستخۆشی لە یانەی وەرزشی هەولێرم بكەم، كە توانیان بگەنە یاری كۆتایی جامی یەكێتی ئاسیا بۆ تۆپی پێی و بە دەستهێنانی پلەی دووەم، ئەمە خۆی لە خۆیدا دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ یانەی هەولێر و هەموو كوردستان، چونكە دەزانین یانەی هەولێر لە چ قەیرانێكی دارایی دەژێت و تووشی چەندین كێشە و گرفت هاتووە، بۆیە گەیشتن بەم ئەنجامە خۆی لە خۆیدا دەستكەوتە هەرچەندە هەموو لایەك چاوی لەوبوو، كە یانەی هەولێر بە جامی یەكێتی ئاسیا بگرێتەوە هەولێر پایتەخت، كەچی ئەم تۆپی پێی.
لە درێژەی قسەكانیدا مەردان خدر گوتی: ئێوە نوێنەری راستەقینەی كوردستان بوون و وەرزش هیچ شتێكی لە سیاسەت كەمتر نییە، بەڵكو روولی باڵاتر دەبینێت، ئێوە توانیتان ناوی هەولێر و كوردستان بەهەموو لایەك بناسێنن، بۆیە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بڕیاری دا لەم چەند رۆژی داهاتوو بەفەرمی پێشوازی لە شاندی یانەی هەولێر دەكات و خەڵاتی تیپەكە دەكات، چونكە ئەوەی بە دەست هاتووە شتێكی بچووك نییە، بەڵكو دەبێت هەموو لایەك شانازی بەم ئەنجامە بكەن.
دواتر سەرۆكی یانەی هەولێر د.عەبدوڵڵا مەجید بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و دەستخۆشی لە دەستپێشخەری سەرۆك پەرلەمانی كوردستان كرد و گوتی: ئێمە زۆر سوپاسی ئێوە دەكەین، كە سەردانی یانەی هەولێرتان كرد و دەستكەوتی یانەكەتان بەرز نرخاند، بەراستی ئەمە دەبێتە هۆكاری بەرزبوونەوەی باری دەروونی یاریزانان تاكو بتوانن لە یارییەكانی داهاتووی خولی عێراق و جامی یەكێتی ئاسیا بە وریەكی بەرزەوە بێتە ركابەرییەكان، ئێمە حەزمان دەكرد، بە جامی پاڵەوانێتیەكە بگرێنەوە هەولێری پایتەخت بۆ ئەوەی جامی پاڵەوانێتیەكە بكەینە دیاری بۆ برا پێشمەرگەكانی كوردستان، كە ئێستا بەرگری لە كوردستان دەكەن، ئێمە هەموو شتێكمان كرد تەنیا بۆ ئەوەی دیارییەك پێشكەش بە برا پێشمەرگەكان بكەین، بەڵام لە یاری كۆتایی تووشی دۆران هاتین هەرچەندە ئێمە درێغیمان نەكرد و توانیمان بەهەموو كێشە و گرفتە بگەینە یاری كۆتایی جامی یەكێتی ئاسیا هەرچەندە كارێكی ئاسان نەبوو، بەڵام بروا بەخۆبوون و متمانەی یاریزانان و دەستەی راهێنەران هۆكارێكی سەرەكی بوو و هەروەها لێرەوە دەمەوی شتێك باس بكەم، لە كاتی یارییەكانی یانەی هەولێر زۆربەی برا پێشمەرگەكان لە بەرەكانی جەنگ پەیوەندییان پێوە دەكردم و لە باروودۆخی یانەكەیان دەپرسی و پشتیوانی خۆیان بۆ ئێمە دووپات دەكردووە ئەمە زۆر كاریگەری لێكردم بۆیە حەزم دەكرد شتێك بكەمە دیاری بۆ ئەم پێشمەرگە قارەمانانە.
لە درێژەی قسەكانیدا د.عەبدوڵڵا مەجید گوتی: ئەگەر ئەم كێشە داراییە بەسەر هەر یانەیەكی تر تێپەر بێت ئەوە یان یانەكە دەچێتە پلەیەكی نزمتر یاخود دەرگای یانەكە قەپات دەكات، كەچی ئێمە لە یانەی هەولێر بەهیچ شێوەیەك نەمان دەویست فشار لەسەر حكوومەت دروست بكەین، چونكە سەیری باروودۆخی ئێستای كوردستان مان كرد بۆیە بڕیارمان دا بە بێ دەمگی كاری خۆمان بكەین و گەیشتنە ئامانجی خۆمان كەچی نەمانتوانی ببینە پاڵەوان، بۆیە لێرەوە داوا لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم لە كاتی باش بوونی ئەم باروودۆخەی ئێستا زیاتر بایەخ بە وەرزش و ژێرخانی وەرزشی بدات و پاڵپشتی یانەكان بكات بەتایبەتی هەرچوار یانە گەورەكەی كوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، كەركووك) بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر خزمەتی كوردستان بكەین و ناو و ئاڵای كوردستان لە پاڵەوانێتیەكان بەرزبكەینەوە.
دواتر هەردوو لا لەسەر چەندین تەوەری تر تایبەت بە یاسا و وەرزش و بودجە و ژێرخانی وەرزشی گفتوگۆیان كرد.
لە كۆتایی سەردانەكەیاندا د.عەبدوڵڵا مەجید سەرۆكی یانەی هەولێر زۆر سوپاسی ئاراستەی ئەم لێژنەی كرد و سوپاسی هەڵوێستی سەرۆك پەرلەمانی كوردستان د.محەمەد یوسف كرد، كە بڕیاری خەڵات كردنی تیپەكەی دا دواتر سەرۆك یانەی هەولێر قەلغانەی یانەی هەولێر پێشكەش بە لێژنەی وەرزش و لاوان پەرلەمانی كوردستان كرد.
رێبین رەمزی
Top