لە خولی نایابی كوردستان یانەی هەندرێن چاوی لە بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستەیە

لە خولی نایابی كوردستان یانەی هەندرێن چاوی لە بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستەیە
هەموو ساڵێك لەگەڵ دەستپێكردنی وادەی خولی نایابی یانەكانی كوردستان، یانەكانی كوردستان دەست بە ئامادەكاریی دەكەن بۆ دەستنیشانكردنی پێكهاتەیەكی شایستە بۆ چوونە نێو كێبڕكێیەكانی وەرزی نوێی خولەكە، یانەی (هەندرێن)یش هەموو ساڵێك بە كۆمەڵێك لە یاریزانانی لاوی یانەكە دەست بە مەشقەكانیان دەكەن بە ئامانجی بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە لە خولەكە، ئەم وەرزەش یانەی هەندرێن بۆ ماوەی دوومانگ لە مەشق بەردەوام بووە، بەڵام هەبوونی قەیرانی دارایی یانەكان بۆتە رێگر لە ئەنجامدانی كەمپی مەشقی لە دەرەوەی وڵات، لەگەڵ ئەوەشدا یانەكە متمانەیان بەخۆیان هەیە كە دەتوانن ئەنجامی شایستە لە وەرزی نوێی خولی نایابی كوردستان بەدەست بهێنین كە بڕیارە لە كۆتایی ئەم مانگە یارییەكانی بە بەشداری چواردە یانە دەست پێبكات، لە بارەی ئامادەكارییەكانی یانەكەش گۆڤاری گوڵان راپۆرتێكی مەیدانی لە یەكەیەكی مەشقی یانەكە ئەنجامدا.
راپۆرتی: كارزان كانەبی

دڵشاد مەعروف راهێنەری تیپی تۆپی پێی یانەی هەندرێن لە بارەی ئامادەكارییەكانی تیپەكەیان تایبەت بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «ئەم وەرزە بۆ خولی نایابی كوردستان بە شێوەیەكی زۆر باش خۆمان ئامادە كردووە بە ئامانجی بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە لە خولەكەدا، رۆژانە مەشقێكی چڕ ئەنجام دەدەین بە بەردەوامی بۆ ماوەی دوو مانگ دەبێت، تەنیا پێویستمان بەوەیە كە بۆ چەند یارییەكی دۆستانە ئامادەكاری زیاتر ئەنجام بدەین». گوتیشی: «گرفتی ئێمە تەنیا لە هێڵی هێرشبردنە، چونكە پێشووتر گۆڵكاری تیپەكەمان بەهۆی كێشەی خێزانییەوە ریزی یانەكەی جێهێشتووە، ئەوەش بۆتە گرفت بۆمان، ئەمساڵیش نزیكەی پێنج یاریزانمان ریزی یانەكەیان جێهێشتووە و ئێمەش تەنیا پێنج یاریزانمان هێناوە، نەشمانتوانی كەمپی مەشقی ئەنجام بدەین لە دەرەوەی هەرێم، چونكە كاتی خولەكە دیاری نەكرا بوو، ئەو كێشە داراییەی بەسەر هەرێمیش داهات، دەوری خۆی هەبوو، بۆیە ئەمساڵ هیچ یاریزانێكمان نەهێناوە لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان و زیاتر پشتمان بە یاریزانانی لاوی یانەكەمان بەستووە، متمانەی تەواویشمان بە خۆمان هەیە كە دەتوانین ئەمساڵ ئەنجامی پاش لە خولی نایابی یانەكانی كوردستان شایستە بەدەست بهێنین».
فەرهەنگ تەها كاپتنی یانەی وەرزشی هەندرێن لە بارەی ئامادەكارییەكانی تیپەكەی بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «دەتوانم بڵێم ئەم ساڵ یانەكەمان گەنجترین تیپ دەبێت لە وەرزی نوێی خولی نایابی كوردستان، بۆیە ئامادەكارییەكی زۆر باشمان كردووە لەم وەرزەدا دەستەی راهێنەرانی یانەكەمان بەشێوەیەكی چڕ رۆژانە مەشقەكانیان ئەنجام دەدەن كە بۆ ماوەی دوو مانگ دەبێت، ئەم ساڵیش تیپێكی زۆر باشمان هەیە و چاوەڕوانی ئەوە دەكەین ئەنجامێكی شایستە بەدەست بهێنین، لێرەوەش سوپاسی دەستەی كارگێڕی یانەكەمان دەكەین كە مانگانە پارەی خۆیان دابین كردووە بۆ سەرجەم یاریزانان ئەوەش جێگای دەست خۆشییە، چونكە ئێستا هەرێم دووچاری قەیرانی دارایی بۆتەوە متمانەی تەواومان بە خۆمان هەیە كە بتوانین یانەی هەندرێن هەر بە گەورەیی بمێنێتەوەو ئەنجامی شایستە لە وەزرەش بەدەست بهێنین».
فاخیر عەلی راهێنەری گۆڵچیەكانی یانەی هەندرێن سەبارت بە هەمان پرس و ئاستی ئامادەكارییەكانی یانەكەیان بۆ گوڵان گوتی: «ئەم ساڵ بەشێوەیەكی زۆر باش خۆمان ئامادە كردووە بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی كوردستان، دەتوانم بڵێم گۆڵپارێزەكانمان لەوپەری ئاست بەرزیدان و شایستەی ئەوەن پارێزگاری لە گۆڵی یانەكەیان بكەن، كۆمەڵێك گۆڵپارێزی لاومان هەیە لەسەر ئاستی تەواوی تیپەكان، پاریش لاوترین گۆڵچی بوو كە كەمترین گۆڵی لێكراوە لە خولەكە، هیچ كێشەو گرفتێكمان نییە لە ریزی یانەكەمان و پەنا بەخوا كێشە داراییەكانیش چارەسەر دەبن، ئەوە بە یەكجاری گرفتمان نامێنێ، متمانەی زۆرمان بەو گۆڵچییانە هەیە كە دەتوانین پارێزگاریی لە گۆڵی یانەكەمان بكەین».
سائیر سلێوە یاریدەدەری راهێنەری تیپی تۆپی پێی هەندرێنیش لە بارەی ئامادەكارییەكانیان گوتی: «ئامادەكارییەكانمان یەكجار باشە و ئەم وەرزە زوو دەستمان بە ئامادەكارییەكان كردووە بە ئامانجی ئەوەی بتوانین ئەنجامێكی شایستە بەدەست بهێنین لە وەرزی نوێ خولی نایابی كوردستان، هەرچەندە تیپەكەمان خاوەنی كۆمەڵێك یاریزانانی لاوی بەتوانایە، بەڵام ئێمەش توانای ئەوەمان هەیە كە ئەنجامی زۆر شایستە بۆ یانەكەمان بەدەست بهێنین، مەشقی بەردەوامان هەبووە و هیچ گرفتێكمان نەبووە، سوپاسی دەستەی كارگێڕیی یانەكەشمان دەكەین كە ئەوپەڕی هاوكاریی ئێمە و یاریزانانیان كردووە».
Top