ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئۆرگوای و یانەی بەرشلۆنە لویس سوارێز خۆزگەی ئەوەی دەخواست كەیەكێك بوایە لە دەرچووانی قوتابخانەی لاماسیا كە تایبەتە بە پێگەیاندنی یاریزانان لەیانەی بەرشلۆنە و ئاماژەی بەوەدا كەتووشی شۆك هاتووە كاتێك بۆیەكەمجار سەردانی ئەم قوتابخانەیەی كردووە . سوارێز لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ گۆڤاری بەرشلۆنە گوتی: تووشی شۆك و سەرسوورمان هاتم لەدوای سەردانكردنم بۆ ئەم قوتابخانەیە، لەهەموو وردەكارییەكان سیستەم پەیرەو دەكرێت، بایەخ بەهەموو وردەكارییەكانی ژیان دەدرێت، تەنانەت بایەخ بە ئاستی خوێندن و خواردن دەدرێت . هەروەها سوارێز لەدرێژەی قسەكانی گوتی : لەراستیدا خۆزگەی ئەوەم دەخواست ئەندامێكی ئەو قوتابخانە بوومایە، هیواداربووم دەرچووی ئەم قوتابخانە بوومایە، بێگومان دەبووە هۆكاری ئەوەی كەتوانای هونەریم بەرزتر دەبوو . جێگای ئاماژە پێكردنە سوارێز لە وەرزی گواستنەوەی هاوینە لەیانەی لیڤەرپولەوە پەیوەندی بەیانەی بەرشلۆنەوە كرد، بەڵام بەهۆی سزاكەی فیفاوە نەیتوانی بەشداری لەیارییە فەرمییەكان بكات و وا پێشبینی دەكرێت لە رۆژی شەممەی داهاتوو بەشداری لەیاری كلاسیكۆ بكات بەرامبەر یانەی ریال مەدرید .