هەرچەندە ئەمساڵ لە وادەی خۆیدا خولی نایابی یانەكانی كوردستان دواخرا، بەهۆی قەیرانی دارایی و بڕینی بودجە و موچە لەلایەن حكومەتی بەغدا، بەڵام دواجار یەكێتیی ناوەندیی تۆپی پێی كوردستان وادەی دەستپێكی خولی نایابی یانەكانی كوردستانی بە تەنیا دەستنیشان كرد. لەو بارەیەوە سەلام حوسێن سكرتێری یەكێتیی ناوەندیی تۆپی پێی كوردستان بە گۆڤاری گوڵانی راگەیاند «ئێمە لە كۆبوونەوەی یەكێـتیی ناوەندیی تۆپی پێی كوردستان بڕیاری ئەوەمانداوە كە كۆتایی ئەم مانگە وادەی دەستپێكی خولی نایابی كوردستان بێت، جگە لە ئاستی پێشكەوتووان هیچ خولێكی دی بەڕێوە ناچێت، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە چونكە یانەكان كێشەی داراییان هەیە و ناتوانن بە یەك جار سێ تیپ بەشداری پێبكەن لە خولەكان، بۆیە سەیری بارودۆخی هەرێمی كوردستان دەكەین، بزانین چی بەسەر دێت، چونكە ئێستا یانەكان لە قەیرانی داراییدان»، لە بارەی بەڕێوەبردنی خولەكەش بە قەرز، سەلام گوتی: «ئێمە بای ئەوە پارەمان هەیە كە بتوانین خولی نایاب بەڕێوە ببەین و تووشی گرفتی دارایی نەبینەوە، لە دوای تەواوبوونی قۆناغی یەكەمی خولی نایابیش ئەوكات بڕیاری دیكە لە سەر خولەكانی دیكەش دەدەین».