دوای ئەوەی شاندی یانەی هەولێر رۆژی یەكشەممە لە رێگەی فرۆكەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی گەرایەوە پایتەخت لە پێشوازی شاندی یانەی هەولێر نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر دابوو، كە بەرێزیان چاوی بە یاریزانەكان كەوت و دەستخۆشیان لێكردن و گوتی: ئێوە ئەركی خۆتان بە باشترین شێوە جێبەجێكرد و یاریەكەتان بە لێدانی یەكلاكەرەوەی سزا دۆراند، كە لێدانی یەكلاكەرەوەی سزا چانسە و چانسیش یاوەری ئێمە نەبوو، بەڵام ئێمە سەربەرزین بە ئێوە كە توانیتان ناوی یانەی هەولێر لە كیشوەری ئاسیا بەرزبكەنەوە و بگەنە یاری كۆتایی و پلەی دووەم شتێكی بچووك نییە، بەڵام هەموو حەزمان دەكرد پلەی یەكەم بە دەستبهێنن، كەچی ئەمە تۆپی پێی بۆیە دەبێت ئێوە وەرتان باش بێت و متمانەتان بەخۆتان هەبێت و دۆرانی ئەم یارییە كۆتایی ژیان نییە و دەبێت خۆتان بۆ یارییەكان و پاڵەوانێتیەكانی داهاتوو بە باشترین شێوە ئامادە بكەن ئەم ساڵە نەتان توانی پلەی یەكەم بە دەستبهێنن هەوڵ بدەن لە ساڵی داهاتوو پاڵەوانێتیەكە بە دەستبهێنن، بۆیە دەلنیاتان دەكەمەوە بەهەموو شێوەیەك لەگەڵ ئێوە دەبین و پاڵپشتان دەبین، ئەوەی زیاتر گرنگ بوو لە لای ئێمە و بەتایبەتی خۆم، كە لە نزیكەوە ئاگاداری ئەم باروودۆخە خراپی یانەی هەولێر بووم، كە بە بێ بوونی پارە و بودجە و گرێبەست توانیتان ناوی هەولێر بەرزبكەنەوە بۆیە شانازیتان پێوە دەكەین، لێرەوە سوپاسی سەرمایاداران و خاوەن كۆمپانیاكان دەكەین، كە لە قۆناغی جیاوازی ئەم پاڵەوانێتیە هاوكاری یانەی هەولێریان كردبوو بەهیوای ئەوەم لە پاڵەوانێتیەكانی داهاتوو ئەنجامی باشتر و شایستە تر بە دەست بهێنن.
رێبین رەمزی