بۆ جاری دووەم هەولێر لە یاری كۆتایی جامی یەكێتی ئاسیا تووشی شكست بوو

بۆ جاری دووەم هەولێر لە یاری كۆتایی جامی یەكێتی ئاسیا تووشی شكست بوو
لە چوارچێوەی یاری كۆتایی جامی یەكێتی ئاسیا بۆ تۆپی پێی، رۆژی شەممە لە یاریگەی مەكتوم بن راشد ئەلمەكتوم یاری كۆتایی جامی یەكێتی ئاسیا بۆ تۆپی پێی لە نێوان هەردوو یانەی هەولێر و قادسیەی كۆێتی ئەنجامدرا، لەم یارییەدا یانەی قادسیە توانی یارییەكە بە لێدانی یەكلاكەرەوەی سزا لە یانەی هەولێر بباتەوە بە ئەنجامی (4-2) گۆڵ دوای ئەوەی كاتی یاسایی یارییەكە بە بێ گۆڵ تەواو بوو.
لەم یارییەدا یانەی هەولێر ئاستێكی بەرزی پێشكەش كرد بە تایبەتی لە گێمی دووەم و كاتی زیادكراوی یارییەكە، بەڵام یاریزانان نەیانتوانی هەلی گۆڵ تۆماركردن بقۆزنەوە و چەندین هەلی ئاسانی گۆڵ تۆماركردنیان لە دەستدا.
جێگەی باسە ئەمە جاری دووەمە یانەی هەولێر لە یاری كۆتایی جامی یەكێتی ئاسیا پلەی دووەم بە دەست دەهێنێت دوای ئەوەی لە وەرزی 2012 لە یاری كۆتایی بەرانبەر یانەی كوەێت كوەێتی بە ئەنجامی (4-0) گۆڵ دۆرا.
لەم پاڵەوانێتیە یانەی هەولێر خەڵاتی تیپی نموونەیی و یاری خاوێن-ی وەرگرت.
رێبین رەمزی - دوبەی
Top