هەولێر بە درێسی رەساسی یاری دەكات

هەولێر بە درێسی رەساسی یاری دەكات
ئەمرۆ هەینی لە بارەگای یەكێتی تۆپی پێی ئیمارات كۆنگرەی رۆژنامەنووسی و هونەری یاری كۆتایی جامی یەكێتی ئاسیا بۆ تۆپی پێی ئەنجامدرا، سەرەتا كۆنگرەی هونەری بەرێوەچوو، كە تیاییدا نوێنەرانی یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا و یانەی هەولێر و قادسیە كوێتی و شەباب-ی ئیماراتی و چەندین لایەنی پەیوەندار ئامادەبوون تیاییدا بەفەرمی درێسی یاری كۆتایی دەستنیشان كرا، یانەی هەولێر لەم یارییە بە درێسی رەساسی یاری دەكات و یانەی قادسیە بە درێسی زەرد یاری دەكات و دەستەی ناوبژیوانی یارییەكە لە كۆریای باكوورە و سەرپەرشتیاری یارییەكە لە سەنگافورەیە و سەرپەرشتیاری ناوبژیوان لە وڵاتی قەتەرە.
دواتر كۆنگرەی رۆژنامەنووسی یارییەكە ئەنجامدرا، لە یانەی هەولێر راهێنەری یانەكە ئەیوب ئۆدیشو و گۆڵچی جەلال حەسەن ئامادەی بوون.
سەرەتا ئەیوب ئۆدیشۆ گوتی: ئەوە یاری كۆتایی و یارییەكی قورسە پێویستی وردبین هەیە نابێت بەهیچ شێوەیەك بەشیوەیەكی كراوە یاری بكەین.
لە درێژەی قسەكانیدا ئەیوب ئۆدشۆ گوتی: یانەی قادسیە تیپێكی بەهێزە و خاوەنی چەندین یاریزانی بە توانایە و لە رێزی هەڵبژاردەی كوەێت یاری دەكەن، بەڵام ئێمە زانیارییەكی تەواومان لەسەر یانەی قادسیە هەیە لە رێگەی سەیركردنی چەند یارییەكی ئەم یانەیە و هەروەها دەستنیشانكردنی چەندین خالی لاواز و بەهێزی ئەم تیپە، بەڵام لەم یارییە بۆ بردنەوە یاری دەكەین و چاومان لەسەر نازناوی پاڵەوانێتیەكەیە.
دواتر گۆڵچی جەلال حەسەن گوتی: باری دەروونی و جەستەیی یاریزانان لە ئامادە باشیدایە و ورەی یاریزانان بەرزە بۆ بەدەستهێنانی یەكەم نازناوی پاڵەوانێتیەكە بە دەستبهێنێن.
جێگەی باسە وا بڕیارە سبەی شەممە لە یاریگەی مەكتوم بن راشد مەكتوم یاری كۆتایی جامی یەكێتی بۆ تۆپی پێی ئەنجام بدرێت لە نێوان هەردوو یانەی هەولێر و قادسیە كوەێتی كاتژمێر 7ی شەو بە كاتی هەولێر ئەنجام دەدرێت.
رێبین رەمزی - ئیمارات
فۆتۆ: پشتیوان رەشید
Top