یانەی هەولێر مەشقەكانی لە ئیمارات بەردەوامە

یانەی هەولێر مەشقەكانی لە ئیمارات بەردەوامە
دوای گەیشتنی شاندی یانەی هەولێر بۆ وڵاتی ئیمارات دەستی بە مەشقی فەرمۆ رۆژانەی خۆی كرد، كە تا ئێستا دوو یەكەی مەشقی لە یاریگەی یەكێتی تۆپی پێی ئیماراتی لە شاری دوبەی ئەنجامداوە، لەم یەكە مەشقیە راهێنەر گرنگی بە چەند لایەنێكی داوە تایبەت باری دەروونی و جەستەیی یاریزانان.
وا بڕیارە رۆژی هەینی یانەی هەولێر دواین یەكەی مەشقی خۆی لە یاریگەی مەكتوم بن راشد مەكتوم تایبەت بە یانەی شەباب ئەنجام بدات و ماوەی یەك كاتژمێر دەخاینێت.
لە لایەكی ترەوە رۆژی هەینی كاتژمێر 10 بەیانی لە بارەگای یەكێتی تۆپی پێی ئیمارات كۆنگرەی هونەری ئەنجام دەدرێت پاشان كۆنگرەی رۆژنامەنووسی یارییەكە ئەنجام دەدرێت.
رۆژی پێنجشەممە بالیۆزخانەی عێراق لە ئیمارات نیوەرۆخوانێكی بۆ یاریزانانی یانەی هەولێر ئەنجامدا لە یەكێك لە چێشتخانەكانی عێراقی لە ئیمارات، كە تیاییدا جەنابی بالیۆز، كە بە رەگەز كوردە چەند وتەیەكی پێشكەش كرد تایبەت بوو بە گرنگی ئەم یارییە و گرنگی تۆماركردنی سەركەوتن لەم یارییە باس كرد پاشان سەرۆكی یانەی هەولێر د.عەبدوڵڵا مەجید قەلخانەی یانەی هەولێر و درێسی یانەكەی پێشكەش بە بالیۆزی عێراق كرد و جەنابی بالیۆزی عێراق چەپكە گۆڵی پێشكەش بە سەرۆك و یاریزانان و گشت ئەندامانی شاندی یانەی هەولێر كرد.
جێگەی باسە رۆژی شەممە كاتژمێر 7ی شەو بە كاتی كوردستان یاری كۆتایی جامی یەكێتی ئاسیا لە نێوان هەردوو یانەی هەولێر و قادسیەی كوێتی ئەنجام دەدرێت لە یاریگەی یانەی شەباب.
رێبین رەمزی - ئیمارات
فۆتۆ: پشتیوان رەشید
Top