غوفران سەڵاحەدین یاریزانی تێنسی سەرمێز: گرفتی سەرەكیی ئەم یارییە نەبوونی هۆڵی مەشق و راهێنانە

غوفران سەڵاحەدین  یاریزانی تێنسی سەرمێز:  گرفتی سەرەكیی ئەم یارییە  نەبوونی هۆڵی مەشق و راهێنانە
غوفران سەڵاحەدین یەكێكە لە یاریزانە بەتواناكانی یاریی تۆپی سەرمێز لە شاری هەولێر و ماوەیەكی زۆریشە لە خزمەتی یاریی تێنسی سەرمێزە و خاوەن ئاستێكی بەرزە لە یارییەكەی خۆی، غوفران لەدایكبووی ساڵی 1985ی شاری هەولێرە و دەرچووی كۆلێژی پەروەردەی وەرزشییە، ئێستا لە هیچ یانەیەك یاری ناكات، پێشتر یاریزانی هەریەك لە یانەكانی(هەولێر، بروسك، توركمان، ئەكاد، برایەتی و سلێمانی) بووە. لەم دیدارەیدا لەگەڵ گوڵان سەبارەت بە ژیانی وەرزشی خۆی و ئاستی تێنسی سەرمێز لە كوردستان وەڵامی چەند پرسیارێك دەداتەوە.
دیمانە : كارزان كانەبی
* ئاستی یاریی تێنسی سەرمێز بەگشتی لە كوردستان و عێراق چۆن دەبینی؟
- ئاستی یاریی تۆپی سەرمێز بەرەو نزمی دەڕوات لە كوردستان لەبەر ئەوەی هیچ پاڵپشتیەكی نییە و بە تایبەتی لە شاری هەولێر، لە عێراقیش زۆر پێشكەوتوو نییە، بەڵام یانەكان بەشداری خولەكان دەكەن و یاریزانانی بیانیش دەهێنن.
*وەكو یاریزانێك پێتوایە هێنانی ئەم یاریزانە پیشەگەرانە تا چەند سوودی بۆ وەرزشی كوردستان دەبێت ؟
- بەڵێ من لەگەڵ ئەوەدام كەوا یاریزانانی پیشەگەر بێتە ریزی یانەكانی كوردستان، بەڵام بە مەرجێك ئەم یاریزانە هەر لێرە بمێنێت و راهێنان بكەن لەگەڵ یاریزانە لاوەكان، نەك بە تەنیا بۆ یاریكردن بێت و دواتر ریزی یانەكان بەجێبهێڵن.
* ئەوە نابێتە هۆكار بۆ پشتگوێخستنی یاریزانە لاوەكان؟
- نەخێر، بگرە زیاتریش سوودی دەبێت بۆ یاریزانانی خۆمان و سوود لە ئەزموونی ئەوان وەردەگرن ئەگەر بۆ ماوەیەكی زیاتریش بمێننەوە سوودی زۆرتر دەبێت.
* بۆ بەرەو پێش بردنی ئەم یارییە چی بكرێت باشە؟
- گرنگیدان بە زیاتر كردنەوەی پاڵەوانێتی و مەشق و راهێنانی بەردەوام، ساڵانە ئەگەر بكرێت چەند جارێك بچنە دەرەوەی وڵات بۆ مەشق كردن و بەشداریكردن لە پاڵەوانێتییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان.
* بۆچی ئێستا لەگەڵ هیچ یانەیەك یاری ناكەیت؟
- من هەر بەتەنیا نیم كە یاری بۆ هیچ یانەیەك ناكەم، بگرە چەندین یاریزانی دی هەن لە شاری هەولێر كە بۆ هیچ یانەیەك یاری ناكەن، كە باشترینەكانی شاری هەولێرن وەكو یاریزانان (شاهین نەجات، یەشار نەجات، محەمەد سەعدوڵڵا)كە هەموویان یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق بوون، هۆكاری سەرەكیی یاری نەكردنی ئێمەی یاریزانان ماددییە، چونكە من وەكو یاریزانێك چۆن دەتوانم خۆم بە 300هەزار دینار بەڕێوە ببەم كە بەشی هاتوچۆ ناكات، لە هەمان كاتیشدا هیچ دواڕۆژێكی نییە، ئەوەی راستی بێت هەموو یانەكانی شاری هەولێر هەتا كاریان بە یاریزانان بێت، ئەوە رێزی لێ دەگرن، كە كاریان پێ نەما، لە بری رێزگرتن دەركردنە، بۆیە من و ئەو یاریزانانەی سەرەوە بڕیاری ئەوەمان داوە كە یاری بۆ هیچ یانەیەك نەكەین، تاكو ئەوەی دەمانەوێ بۆمان بكەن، چونكە یانەكانی شاری سلێمانی و عێراق بەگشتی یانەكانی هەولێر تەنیا بۆ یاریزانانی بێگانە باشن و پارەی باشیان پێ دەدەن، من دوای 15 ساڵ لە یانەكانی هەولێر وازم هێنا.
* بۆچی وازت لە یانەی سلێمانی هێنا، ئایا هیچ كێشەیەكت لەو یانەیە هەبوو؟
- هیچ كێشەیەكم نەبوو، بەڵام كە ماوەی گرێبەستەكەم تەواو بوو، بڕیاری ئەوەم دا، یاری بۆ هیچ یانەیەك نەكەم، بەهۆی ئەو هۆكارانەی باسم كرد.
*بڕیارت نەداوە قوتابخانەیەكی پێگەیاندنی یاریی تێنسی سەرمێز لە شاری هەولێر بكەیتەوە ؟
- ئەگەر بیریش بكەمەوە هەر نایەتەدی، چونكە پێویستی بە پاڵپشتیی حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان هەیە، بەداخەوە ئەم یارییە لە هەموو لایەكەوە پشتگوێ خراوە.
* لە یاری تێنسی سەرمێز زیاتر كێشەوگرفتی چیتان هەیە؟
- گرفتی سەرەكیی ئەم یارییە لە كوردستان نەبوونی هۆڵی مەشق و راهێنانە، هیچ یانەیەكی شاری هەولێر هۆڵی مەشق و راهێنانی نییە، جگە لە یانەی ئەكاد ئەویش وەكو پێویست نییە.
* بەرنامەت بۆ داهاتووی خۆت چییە؟
- بەرنامەی من ئەوەیە كە لە داهاتوودا ببمە راهێنەرێكی سەركەوتوو یاریزانی لاوی بەتوانا بۆ شاری هەولێر دروست بكەم.
* ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق یاری دەكەیت؟
-نەخێر ئێستا یاری ناكەم، دوایین یاریم لەگەڵ هەڵبژاردەكە لە پاڵاوتنی ئۆلۆمپیاتی پەكین بوو لە وڵاتی ئوردن.
* هەست ناكەی ئەم یارییە لە شاری هەولێر بەرەو نەمان دەچێت؟
-بەڵێ، رۆژ بە رۆژ بەرەو نەمان دەچێت، ئێستا تەنیا یەك یاریزانی بچووكمان هەیە بە ناوی بەكر سەعدوڵڵا كە ئاستی بەرز بێت، بەڵام كاتێك ئێمە دەستمان پێكرد، نزیكەی 20 یاریزان بووین كە بچووك بووین، بەڵام ئێستا هەمووی شەش یاریزان نابن.
* باشترین ئەنجامەكانت وەكو یاریزان چی بووە؟
- ئەنجامی باشم زۆرە لە ساڵی 2002 پلەی یەكەمم لەسەر ئاستی عێراق هێناوە، لەگەڵ یانەی هەولێر پلەی دووەم لەسەر ئاستی عێراق و لەگەڵ یانەی بروسك بۆ هەڵبژاردەی عێراق دەستنیشان كرام، لەسەر ئاستی عێراق یەكەم بووم لەسەر ئاستی پێشكەوتووان، لە پاڵەوانێتیی رۆژئاوای ئاسیا لە ئوردن پلەی دووەمم بەدەستهێناوە و لەگەڵ یانەی سلێمانی پلەی سێیەم لەسەر ئاستی كوردستان و لەگەڵ چەندین ئەنجامی دیكە.
*وەك دواوتەت دەتەوێ باسی چی بكەی؟
- زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ گرنگیدان بە گشت وەرزشەكان و یاریزانان بەگشتی.
Top