هەولێر بۆ جاری دووەم گەیشتە یاری كۆتایی جامی یەكێتی ئاسیا
«هەولێرە هەولێرە بە بردنەوە فێرە» ئەمە وتەی هاندەرانی یانەكەیە، كاتێك یارییەكانی لە نێو یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری بەڕێوەدەچێت، بەڵام یانەی هەولێر لە پاڵەوانێتی جامی یەكێتی ئاسیا لەم وەرزدا هیچ یارییەكی لە نێو یاریگەی خۆی ئەنجام نەدا، بەهۆی خراپی بارودۆخی ئەمنی عێراق، یارییەكانی رۆژێك لە قەتەر و رۆژیكی دی لە لوبنان و دواتر لە ئوردن.. ئەنجامدا، كەچی یاریزانانی یانەكە توانییان ئەوە بسەلمێنن، كە بە یەكڕیزی و پاڵپشتیكردن هەموو شتێك ئەنجام دەدرێت.
كاروانی یانەی هەولێر لەم پاڵەوانێتیە لە سەرەتادا بەمشێوەیە بوو: كاتێك لە كۆمەڵەی چوارەم یاریكرد شانبەشانی یانەكانی (شەباب ئوردن، رەفاع بەحرێن، ئاڵای ئاوش قیرغستان)، ئەنجامەكانی لەم كۆمەڵەیە بەمشێوەیە بوو:
هەولێر - شەباب ئوردن 3-1 (لوئەی سەڵاح، ئەمجەد رازی، بۆرخا رۆبیاتاو)
هەولێر - ئاڵای ئاوش 6-0 (هاوار مەلا محەمەد (3) گۆڵ، گۆتۆر، هەڵگورد مەلا محەمەد، فەرحان شكور)
هەولێر - رەفاع 1-2 (هەڵگورد مەلا محەمەد)
هەولێر - رفاع 3-0 (لوئەی سەڵاح، بۆرخا رۆبیاتاو (2)
هەولێر - شەباب ئوردن 3-2 (لوئەی سەڵاح (2)، بۆرخا رۆبیاتاو)
هەولێر - ئالی ئاوش 3-0 (بۆرخا رۆبیاتاو، نەبیل سەباح، هاوار مەلا محەمەد)
لە قۆناغی 16ی پاڵەوانێتیەكەدا یانەی هەولێر رووبەڕووی یانەی نەجمەی لوبنانی بووەوە و توانی یارییەكە بە لێدانی یەكلاكەرەوەی سزا بباتەوە. كاتێك كاتی فەرمی یارییەكە بە بێ گۆڵ تەواو بوو و بە لێدانی یەكلاكەرەوەی سزا یارییەكەی بە ئەنجامی (3-0) بردەوە، لە قۆناغی 8ی پاڵەوانێتیەكەشدا كە لەگەڵ یانەی ڤێتنام ئەنجامدرا، یانەی هەولێر توانی یارییەكە بە ئەنجامی (1-0) گۆڵ بباتەوە گۆڵەكەش لە رێگەی یاریزان (ئەمجەد رازی) تۆمار كرا و لە دووەم یارییەدا یانەی هەولێر توانی یارییەكە بە ئەنجامی (2-0) گۆڵ بباتەوە و گۆڵەكانیش لە رێگەی یاریزانان (ئەمجەد رازی، هەڵگورد مەلا محەمەد) تۆماركران.
لە چوارگۆشەی زێڕینی پاڵەوانێتییەكە یانەی هەولێر رووبەڕووی یانەی كیتچی هۆنگ كۆنگ بووە، لە یەكەم یاری هەردوو یانەی بە ئەنجامی (1-1) گۆڵ یەكسان بوون، تاكە گۆڵی هەولێر لە رێگەی یاریزان (لوئەی سەڵاح ) تۆمار كرا، لە دووەم یاری لە وڵاتی هۆنگ كۆنگ یانەی هەولێر توانی سەركەوتن تۆمار بكات و یارییەكە بە ئەنجامی (2-1) گۆڵ بباتەوە گۆڵەكانیش لە رێگەی یاریزانان (عەلی فائز، ئەمجەد رازی) تۆمار كران.
وا بڕیارە یاری كۆتایی پاڵەوانێتی جامی یەكێتی ئاسیا لە رۆژی (18/10/2014) لە نێوان هەردوو یانەی هەولێر و قادسیەی كۆێتی ئەنجام بدرێت، یارییەكە لە وڵاتی ئیمارات لە یاریگەی (مەكتوم بن راشد) تایبەت بە یانەی شەباب لە شاری دوبەی كاتژمێر (7)ی ئێوارە ئەنجام دەدرێت، وا بڕیارە سبەی سێشەممە شاندی یانەی هەولێر بەرەو ئیمارات بەڕێبكەوێت بۆ خۆئامادەكردن بۆ ئەم یارییە و لە یاری كۆتاییدا دەستەی ناوبژیوانی كۆریای باشوور یارییەكە بەڕێوەدەبن و سەرپەرشتیاری یارییەكە لە وڵاتی سەنگافورە و سەرپەرشتیاری ناوبژیوانان لە وڵاتی قەتەرە.
رێبین رەمزی
