دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو گشت پێداویستیەكانی ئەنجامدانی یاری كۆتایی جامی یەكێتی ئاسیا لە نێوان هەردوو یانەی هەولێر و قادسیەی كوێتی لە بەروار و شوێنی ئەنجامدانی و یاریگا و چۆنیەتی مێوانداریكردن دابین كرا، بەڵام لەسەر كاتی بەرێوەچوونی یارییەكە كێشە دروست بوو، كاتێك لە كۆبوونەوەی فەرمی یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا و یەكێتی تۆپی پێی ئیمارات بە ئامادەبوونی نوێنەری یانەی هەولێر و لایەنە پەیوەندارەكان كاتی یارییەكە دەستنیشان كرا بۆ كاتژمێر 8ی شەو بەكاتی ئیمارات (7)ی شەو بە كاتی هەولێر، بەڵام دوای رۆژێك بە نووسراوێك یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا بە پەشت بەستن بە داوای یەكێتی تۆپی پێی ئیمارات كاتی یارییەكەی بۆ كاتژمێر (5)ی ئێوارە بە كاتی ئیمارات، كە دەكاتە (4)ی ئێوارە بە كاتی هەولێر گۆری بە بیانووی بوونی یارییەكی دێربی شاری دوبەی لە خولی ئیمارات لە هەمان رۆژ و لە كاتژمێر 8ی شەو، بۆیە بەفەرمی یانەی وەرزشی هەولێر لە رێگەی یەكێتی تۆپی پێی عێراق نارەزایی خۆی لەسەر كاتە نوێەكەی یارییەكە نیشاندا و بە مافی خۆی زانی كاتی یارییەكە دەستنیشان بكات، چونكە ئەو خاوەن یاریگایە، بۆیە رۆژی هەینی بەفەرمی یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا بە نووسراوێكی فەرەمی داوایەكی یانەی هەولێری پەسند كرد و كاتی یارییەكەی بەفەرمی پەسند كرد، كە یارییەكە كاتژمێر 8ی شەو بە كاتی ئیمارات، كە دەكاتە كاتژمێر (7)ی ئێوارە بە كوردستان ئەنجام دەدرێت لە یاریگەی مەكتوم بن راشد لە شاری دوبەی.
رێبین رەمزی