هەولێر گەیشتە یاری كۆتایی جامی یەكێتی ئاسیا بۆ تۆپی پێی

هەولێر گەیشتە یاری كۆتایی جامی یەكێتی ئاسیا بۆ تۆپی پێی
لە چوارچێوەی یارییەكانی پێش كۆتایی جامی یەكێتی ئاسیا بۆ تۆپی پێی، رۆژی سێشەممە لە وڵاتی هۆنگ كۆنگ هەردوو یانەی هەولێر و كیتچی رووبەرووی یەكتربوونەوە، لەم یارییەدا یانەی هەولێر توانی بە ئەنجامی (2-1) گۆڵ یارییەكە بباتەوە و خۆی بگەێنتە یاری كۆتایی پاڵەوانێتیەكە و ئەنجامی هەردوو یاری لە بەرژەوندی یانەی هەولێر بوو (3-2).
لە گێمی یەكەمی یارییەكەدا یانەی هەولێر هەر زوو توانی گۆڵی یەكەم تۆمار بكات لە خولەكەی (3) لە رێگەی یاریزان عەلی فائز دوای جێبەجێكردنی فاوڵێكی راستەوخۆ بەشێوەیەكی جوان دواتر یاریزان ئەمجەد رازی لە خولەكی 9 توانی گۆڵی دووەم بۆ یانەی هەولێر تۆمار بكات بە لێدانی سەر، دوای ئەم دوو گۆڵە یاریزانانی یانەی كیتچی هەوڵیان دا بگەرێنەوە نێو كەش و هەوای یارییەكە، بەڵام لەم گێمە هیچ هێرشێكی مەترسیداریان نەبوو لەسەر گۆڵی هەولێر و گێمی یەكەمی یارییەكە بە ئەنجامی (2-0) گۆڵ تەواو بوو.
لە گێمی دووەمی یارییەكەدا یاریزانانی هەولێر هەوڵیان لە بە هێرشی پێچەوانەوە ژمارەی گۆڵەكانیان زیاد بكەن، یاریزان نەبیل سەباح دوو هەلی ئاسانی گۆڵ تۆماركردنی لە دەستدا كاتێك بەرانبەر گۆڵ مایەوە لە بەرانبەردا یانەی كیتچی فشارێكی توندی لەسەر گۆڵی هەولێر دروستكردبوو و گۆڵچی یانەی هەولێر جەلال حەسەن توانی دوو تۆپی مەترسیدار دووربخاتەوە تا خولەكی 69 یاریزان گاو وین توانی گۆڵی یەكەم بۆ یانەی كیتچی تۆمار بكات، دوای ئەم گۆڵە یانەی كیتچی هیچ مەترسییەكی ئەوتۆی لەسەر گۆڵی هەولێر نەبوو تەنیا لە خولەكەكانی كۆتایی نەبێت كە یاریزانە ئەحمەد محەمەد تۆپێكی مەترسیداری لەسەر هێڵی گۆڵ دوورخستەوە، دواتر ناوبژیوان فیكەی تەواوبوونی یارییەكەی لێدا بەسەركەوتنی یانەی هەولێر بە ئەنجامی (2-1) گۆڵ.
بەم ئەنجامە یانەی هەولێر لە رۆژی (18/10/2014) یاری كۆتایی جامی یەكێتی ئاسیا بەرانبەر یانەی قادسیەی كۆێتی ئەنجام دەدات.
رێبین رەمزی - هۆنگ كۆنگ
Top