دۆلفینەكەی دووكان داهاتوویەكی گەش چاوەڕوانی دەكات

دۆلفینەكەی دووكان داهاتوویەكی گەش چاوەڕوانی دەكات
شوان جاف: دەمەوێ وەك مایكل فیلیپس ببمە پاڵەوانی جیهان و ئاڵای كوردستان بەرز بكەمەوە
گەورە مەلەوانی بە تەمەن منداڵ (شوان جاف) كە بە دۆلفینەكەی دووكان ناسراوە، لە دیدارێكی تایبەتدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، باسی خەون و ئاواتەكانی دەكات و جەختیش لەوە دەكاتەوە كە دەیەوێ ریكۆردە جیهانییەكانی وەرزشی مەلەوانی لە ئاستی دنیادا بشكێنێ و ئاڵای كوردستان لە كێبڕكێ و پاڵەوانیەتییەكانی جیهاندا بەرز بكاتەوە.
* خۆت بە خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان چۆن دەناسێنیی؟
- من ناوم (عەلی ڕەزا)یە و بە شوان جاف ناسراوم. لە خانەوادەیەكی نیشتمانپەروەری كوردم و لە 6-1-2005 لە شاری بەغدا لەدایكبووم. باوكم وەرزشوان بووە و لە ئاستی پاڵەوانێتی لە وەرزشی زۆرانبازی و جۆدۆ چەندین مەدالیای لە ئاستی وڵات و ئاسیا بەدەستهێناوە. باوكم هەمیشە پشت و پەنام بووە. خۆی بۆمی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: كاتێك تەمەنم سێ مانگان بووە، بەردەوام حەزم لە مەلەی ناو ئاو كردووە و بە حەوزی مەلەی ناوماڵی خۆمان ئارام دەبوومەوە. بۆیە لەو كاتەوە باوكم بەردەوام راهێنانی پێكردووم. لە تەمەنی دووساڵان بەبێ پشتیوانی باوكم دەستگرتنی راهێنەر، لە ناو مەلەوانگەكان مەلەم كردووە.
* تا ئێستا لە چ پاڵەوانێتییەك بەشداریت كردووە و چەند مەدالیات وەرگرتووە؟
- لە تەمەنی حەوت ساڵان بەشداریم لە پاڵەوانێتی ژێر تەمەن هەشت ساڵی یانەكانی عێراق كرد و پلەی یەكەمم بەدەستهێنا. دەیان مەدالیاشم لە سەر ئاستی عێراق و كوردستان بە پلەی یەكەم وەرگرتووە، ساڵی 2012 لە شۆیفاتی نێودەوڵەتی كە 29 دەوڵەت تیا بەشدار بوو لە دوبەی پلەی پێنجەمم بەدەستهێنا. ئەو كات كەسم نەدەناسی باوكیشم لەگەڵم نەهاتبوو. یەكەم ئەزموونم بوو، دەنا دەمتوانی هەر ئەو كاتیش پلەی بەرزتر بەدەست بێنم. بەڵام ئەزموونێكی باش بوو بۆ من، تا بتوانم زیاتر پشت بە تواناكانی خۆم ببەستم. تەمەنم هەشت ساڵ بوو ساڵی 2013 لە پاڵەوانێەتی گەنجانی ژێر تەمەن 16 ساڵ لە دهۆك بەشداریم كرد و پلەی سێهەمم بەدەست هێنا. ساڵی 2014 لە پاڵەوانێەتی ژێر تەمەن 16 ساڵ لە هەولێر بەشداریم كرد لە 25 مەتری ئازاد، باسكەمەلە، سینگەمەلە، پشتەمەلە، پەپولە و لە 100 مەتری ئازاد پلەی یەكەمم هێنا و بە كۆی گشتی وەك باشترین مەلەوانی هەولێر دەستنیشان كراوم. لەوەش دڵنیام كە لە تەمەنی خۆمدا لە ئاستی جیهان ركابەرم نییە، ئەگەر بتوانم راهێنەری جیهانیم هەبێت.
* تا ئێستا لەگەڵ چ یانەیەكی بەناوبانگ گرێبەستت كردووە؟
- داوای گرێبەستیان كردووە، بەڵام من نەمتوانیوە تا ئێستا قبووڵی بكەم. بۆ نموونە یەكێتی مەلەوانی ئیمارات داوای كردووە لە یانەكانی ئیمارات بەشدار بم. هەروەها یانەیەكی كەنەدی پێشنیاری گرێبەستی كرد و ئامادەیی ئەوەشیان دەربڕی كە هەموو خەرجی خوێندنیشم لە ئەستۆ بگرن.
* زیاتر بە كام پاڵەوانی مەلەوان سەرسامی و بەرنامەت بۆ داهاتوو چییە؟
- مایكل فیلیپس پاڵەوانی جیهانە و گەورە مەلەوانی دنیایە، زۆر پێی سەرسامم، منیش دەمەوێ وەك مایكل فیلیپس ببمە پاڵەوانی جیهان و ئاڵای كوردستان بەرز بكەمەوە.
* دۆلفینەكەی دووكان چۆن بوو بە نازناوی تۆ؟
- من دانیشتووی شاری هەولێرم، بەڵام ماوەی دوو ساڵە هاوینان تا كردنەوەی قوتابخانە هەر لە دووكان دەمێنمەوە و خزمێكمان كە بەلەمی هەیە زۆر یارمەتیم دەدات. تەواوی هاوین لەوێ سەرقاڵی مەشقم. وامكردووە ئێستا لە مەلەی ژێر ئاو بە بێ هەناسەدان كەس نەتوانێ لە ئاستی عێراق و كوردستان ریكۆردم بشكێنێ. ئیتر خەڵكی شارەكە ئەو ناوەیان لە من ناوە و پێمدەڵێن: دۆلفینەكەی دووكان.
* دواكاریت چییە وەك دوا وتەت دەتەوێ باسی چی بكەی؟
- داواكارم ئاسانكاریم بۆ بكەن تا بتوانم هاوینان لە دووكان بمێنمەوە و نەبمە ئەرك بۆ خزمان، ئاواتیشم ئەوەیە لە خولەكانی دەرەوەی وڵات و لە لای راهێنەرانی جیهانی مەشق بكەم. لە كۆتاییدا زۆر سوپاسی بەڕێز كاك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی كوردستان دەكەم، كە هەموو تێچووی خوێندنی بۆم دابین كردووە و ئێستا پۆلی پێنجم لە قوتابخانەی نێودەوڵەتی شۆیفات. جەنابیان هەمیشە بۆ هەموو منداڵانی نوخبەی وڵاتەكەمان پشتیوان بوون و هیوادارم ئێمەش بتوانین خزمەتی وڵاتی خۆمان بكەین.
Top