باسكەی دهۆك پشت بە یاریزانانی لاو دەبەستێ

باسكەی دهۆك پشت بە یاریزانانی لاو دەبەستێ
هەر چەندە یانەی وەرزشی دهۆك لە وەزری رابردوو نەیتوانی نازناوی خولەكە بەدەست بهێنێت، بەڵام لەم وەرزەدا هەموو ئاواتی یانەكە بەدەستهێنانی نازناوی خولەكەیە و لە هەوڵی ئەوەدایە بە هێنانی راهێنەرێكی لاو تیپێكی گەنجانە دروست بكات، بۆ ئەم مەبەستەش دەستەی كارگێڕیی یانەكە بە فەرمی گرێبەستیان لەگەڵ راهێنەری لاو محەمەد فازل مۆركرد بۆ سەرپەرشتی كردنی تیپی تۆپی باسكەی خولی نایابی یانەكانی كوردستان.
لەبارەی دەستنیشانكردنی ئەم راهێنەرەش محەمەد عەلی لە راگەیاندنی یانەی وەرزشیی دهۆك بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «ئەمساڵ دەمانەوێ تیپێكی بەهێز بۆ خولی باسكەی كوردستان دەستنیشان بكەین بۆ سەرپەرشتیكردنی مەشقی یانەكەش دەستەی كارگێڕیی یانەی وەرزشیی دهۆك بەفەرمی گرێبەستی لەگەڵ محەمەد فازل مۆركردووە بۆ ئەوەی لە وەرزی نوێ سەرپەرشتی مەشقی یانەكە بكات و تیپێكی لاوانە دروست بكات بۆ چوونە نێو كێبڕكێیەكانی خولی نایابی باسكەی كوردستان، لەئێستاشدا لە هەوڵی كۆكردنەوەی ژمارەیەك لە یاریزانانی لاوە بۆ تیپەكە تا بتوانێ بەم یاریزانانە ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنین و نازناوی خولی كوردستانیش بگەڕێنینەوە شارەكە، وەكو دەستەی كارگێڕیی یانەكەش بەهەموو شێوەیەك لە پشتگیری دەبین بۆ دەستنیشان كردنی پێكهاتەیەكی بەهێز لە وەرزی نوێ.
Top