مەریوان محەمەد بووە راهێنەری گۆڵپارێزەكانی یانەی نەورۆز

مەریوان محەمەد بووە راهێنەری گۆڵپارێزەكانی یانەی نەورۆز
بەمەبەستی بەهێزكردنی ئاستی توانای گۆڵپارێزەكانی و بە ئامانجی بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە لە وەرزی نوێی خولی نایابی یانەكانی كوردستان كە بڕیارە یارییەكانی لە ئایندەیەكی نزیكدا بەڕێوەبچێت، ئەمساڵیش یانەی نەورۆز ماوەیەكی زۆرە دەستی بە ئامادەكارییەكانی كردووە بۆ ئەوەی لە وەرزی نوێ بتوانێ كێبڕكێ لەگەڵ یانە گەورەكانی خولی نایابی كوردستان بكات، لە ئێستاشدا دەستەی كارگێڕیی یانەی نەورۆز لەسەر داوای ئەرسەلان جەلالی راهێنەری یانەكە بەفەرمی راهێنەرێكی بۆ گۆڵپارێزەكانی یانەكەی دەستنیشان كرد، لە بارەی دەستنیشانكردنی ئەم راهێنەرە و هێنانی دوو گۆڵپارێز بۆ ریزی یانەی نەورۆز، ئەرسەلان جەلال راهێنەری تیپی تۆپی پێی یانەی نەورۆز بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «هێنانی مەریوان محەمەدی راهێنەر كە پێشووتر لە گۆڵپارێزەكانی یانەكەمان بووە، لەسەر داوای من بووە، ئەویش پێشتر لە یانەی نەورۆز ماوەیەكی زۆر خزمەتی كردووە، ئێمەش پێمان باش بوو هەر ئەو بێت باشترە، چونكە شارەزاییەكی تەواوی لەسەر یانەی نەورۆز هەیە، گوتیشی: «ئەومان سەرپشك كردووە لەوەی كە كێ دەكاتە گۆڵچیی یانەكە و لەگەڵ هاتنی ئەویش دوو گۆڵپارێزی هێناوە لەگەڵ دانەیەكی خۆشمان ئێستا خاوەنی سێ گۆڵپارێزین، مامۆستا مەریوانیش وەكو راهێنەری گۆڵپارێزەكانی یانەكەمان سەرپشكە لە مەشق و یاری پێكردنی گۆڵپارێزەكان (بەڵێن ساڵح)لە سیروانی نوێ (بیلال كەمال)لە یانەی سەیدسادق لەگەڵ (ئیسماعیل ئەحمەد) كە پێشتریش لە یانەكەمان بوون».
لە بارەی بڕی مووچە و گرێبەستەكانیشی گوتی: «بەڵێن 6ملیۆن و 600هەزار دینار مووچەكەیەتی، بیلال بە تەنیا 600هەزار مووچەكەیەتی و هیچ گرێبەستێكی نییە، ئیسماعیل ئەحمەدیش بەتەنیا 13 ملیۆن دینارە، لە بارەی گرێبەستی مەریوان محەمەدیش گوتی: «هیچ زانیارییەكم نییە لە سەر بڕی گرێبەست و مووچەكەی، بەڵام قسەمان لەگەڵی كردووە بۆ ئەوەی ئاستی گۆڵپارێزەكانی یانەكە بەرز بكاتەوە، خۆیشی زانیارییەكی باشی هەیە لەسەر ئاستی گۆڵپارێزەكان و لەگەڵ چەندین یانەی شاری سلێمانی كاری كردووە.
Top