یانەی ئەكاد لە پایتەخت یاریی بالەی كچان زیندوو دەكاتەوە
راپۆرتی: كارزان كانەبی
راندی مەتێ راهێنەری تیپی تازەپێگەیشتووان و لاوانی بالەی كچانی یانەی ئەكاد لە بارەی دروستكردنی ئەم تیپە بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «سەرەتای ساڵی 2012 كە من وەكو راهێنەر دەست بەكار بووم لە تیپی یەكەم كۆمەڵێك یاریزانی بە توانامان هەبوو، بەڵام دوای ماوەیەك ژمارەیەك لە یاریزانەكانمان بە هۆكاری جیاواز ریزی یانەكانیان بەجێهێشت، بۆیە ئێمە شوێنگرەوەی ئەم یاریزانانەمان نەبوو، لەبەر ئەوە ئەم بیرۆكەمان لا گەڵاڵە بوو كە بتوانین تیپێكی تریش دروست بكەین بۆ ئەوەی وەكو قوتابخانەیەك بێت بۆ دروستكردنی یاریزانانی بەتوانا، لە هەمان كاتیشدا دكتۆر سائیر سەرۆكی یانەكە پشتگیری بیرۆكەكەی ئێمەی كرد بۆ دروستكردنی ئەم قوتابخانەیە بۆ ئەوەی زۆرترین یاریزانان كۆبكەینەوەو مەشقیان پێ بكەین و بتوانین باشترین یاریزانان بهێنین».
لە بارەی كۆكردنەوەی یاریزانانیش گوتی: «ئێمە لە رێگەی مامۆستایانی وانەی وەرزشی لە قوتابخانەكانی شارۆچكەی عەنكاوە ئەم هەڵمەتمان دەست پێكرد و لە هەمان كاتیشدا یاریزانانی تیپی یەكەم هۆكار بوون بۆ كۆكردنەوەی یاریزانان، لەم ماوەیەشدا زیاتر لە 55 یاریزانی تازە پێگەیشتوومان كۆكردەوە، لە كۆی ئەم هەموو یاریزانانەش تەنیا 30 یاریزانمان دەستنیشان كرد و ئاستی تەمەنیان لە نێوان 14 ساڵ بۆ 17 ساڵە و ئێمە ئەو تیپە وەكو قوتابخانەیەك دروست دەكەین و بەردەوام دەبین لە هێنانی یاریزانان».
لە بارەی وازهێنانی كۆمەڵێك یاریزانیش لە تیپەكە راندی گوتی: «ژمارەیەك لە یاریزانانی تیپەكەمان ریزی یانەكەیان جێهێشت بەهۆی شەڕی هەرێمی كوردستان لەگەڵ چەكدارانی تیرۆریستی داعش و بەرەو وڵاتانی دەرەوە رۆیشتن». گوتیشی: «داواكارین لە یەكێتیی ناوەندیی تۆپی بالەی عێراق و كوردستان كە خول بۆ تازەپێگەیشتووان و لاوان بكەنەوەن، چونكە بەردەوامیی مەشقی یاریزانان دەبێتە هۆكاری بێزاربوونیان لە وەرزش كردن، كە وادەكات رەنگە ئەوانیشمان لە دەست بچێت، بەڵام ئێمە هەوڵ دەدەین یاریزانان بەردەوام بن لە یانەكەمان و بۆ تیپی یەكەمیش سەربخرێن».
تیلما سالم یاریزانی تیپی تازە پێگەیشتووانی ئەكاد گوتی: «ئەمساڵ ئێمە بۆ ئەوەی بتوانین ئاستی راستەقینەی خۆمان پێشكەش بكەین وەكو سەرجەم یاریزانانی تر لێرە درێژە بە مەشق و ئامادەكارییەكانمان دەدەین، هەوڵیش دەدەین ئێمە بەردەوام بین و درێژە بەو ئاستە بەرزە بدەین كە لە رۆژانی مەشقەكان پێشكەشمان كردووە، سوپاسی یانەكەشمان دەكەین كە بەردەوام لە مەشق و راهێنانین بۆ ئەوەی بەشداریی خولەكان بكەین و ببینە یاریزانی لێهاتوو بۆ خزمەتكردنی یانەكەمان».
لەلای خۆیەوە راڤیالا نیهاد كچە یاریزانی یانەی ئەكاد، بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «سەرجەم یاریزانانی قوتابخانەی تیپی بالەی یانەی ئەكاد ئەوپەڕی تواناكانی خۆیان خستۆتەگەڕ بەئامانجی بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە لە پاڵەوانێتییەكان، سوپاسی یانەكەشمان دەكەین كە ئەوان هەردەم لە پشتی ئێمە بوون بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە و پێگەیاندنی ئێمە، داواكاریشین لە یەكێتیی ناوەندیی تۆپی بالەی كوردستان و عێراق خولی بەردەواممان بۆ بكەنەوە بۆ ئەوەی تواناكانی خۆمان پیشانی ئەوان بدەین و ئەوانیش بەردەوام هاوكارمان بن بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە لەسەر ئاستی دەرەوەی عێراقیش.
ڤیولێت یوخەننا، یاریزانێكی دیكەی تیپی لاوانی ئەكادـە و ئەویش لە بارەی یانەكەیانەوە بەمجۆرە رای خۆی دەربڕی: «ئێمە ماوەی یەك ساڵە لە مەشقی بەردەوامداین بۆ بەهێزبوونی ئاستی یاریزانان، دەستەی راهێنەرانی ئێمەش بەردەوام بە خۆبەخشی لە خزمەتی ئێمەن بۆ دروستكردنی ئێمە و دەستنیشان كردنی تیپێكی بەهێز بۆ یانەی ئەكاد، چونكە یانەی ئێمە بەردەوام پشتیگری یاریزانان دەكەن، تەنیا یەك داواكاریمان هەیە، ئەویش كردنەوەی پاڵەوانێتییە بۆ ئاستەكانی تازەپێگەیشتووان و لاوان، لەبەر ئەوەی زۆرمان پێویستە و چاومان لەوەیە لەگەڵ یانەكانی تر یاری بكەین و ئاستمان تاقی بكرێتەوە.
