ئەمڕۆ یاریزانانی كورد لە توركیا بەشداریی پاڵەوانێتییەكی تێنس دەكەن

ئەمڕۆ یاریزانانی كورد لە توركیا بەشداریی پاڵەوانێتییەكی تێنس دەكەن
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە ژمارەیەك یاریزانی تێنسی سەرمێزی یانەكانی شاری هەولێر بەشداری لە پاڵەوانێتییەكی كراوەی تێنسی سەرمێز بكەن لە ژێر ناوی پاڵەوانێتیی ئەنتالیای كراوە كە لە شیلەی ئەستەنبول بەڕێوە دەچێت. لەم پاڵەوانێتییە ژمارەیەك لە یاریزانانی تۆپی تێنسی سەرمێز لە شاری هەولێر لەسەر ئەركی خۆیان بڕیاری بەشداریكردنیان داوە بە ئامانجی بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە كە ساڵانە ژمارەیەكی زۆر لە یاریزانانی وڵاتانی جیهانی بەشداری لە پاڵەوانێتییەكە دەكەن.
سەردار عەبدولخالق قەساب سكرتێری یەكێتیی ناوەندی لقی هەولێری تێنسی سەرمێز، لە بارەی بەشداریكردنی شاندی شاری هەولێر لەم پاڵەوانێتییەدا بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: « ئێمە وەكو شاندی شاری هەولێر بە بەشداریی زیاتر لە 10 یاریزان لە ئاستە جیاوازەكان بڕیاری ئەوەمان داوە لەسەر ئەرك و خەرجیی خۆمان لە شاری ئەستەنبول بەشداری لە پاڵەوانێتیی شیلەی كراوەی نێودەوڵەتی بكەین وەكو هیواو حەزێكمان بۆ ئەم یارییە، یارییەكانیش بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە دەست پێبكات و تاكو رۆژی 5ی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت، رۆژانەش مەشق و ئامادەكاریی تایبەتمان كردووە بە ئامانجی بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە لەم پاڵەوانێتییەدا»، گوتیشی: «تاكو ئێستا هیچ كەسێك هاوكاریی ئێمەی نەكردووە و هەموومان لەسەر گیرفانی خۆمان بەشداری دەكەین و لە مانگی حوزەیرانی رابردووش بەشداریمان كردو توانیمان پلەی یەكەم بەدەست بهێنین، ئەم جارەش چاومان لە ئەنجامی گەورەیە بۆ شاری هەولێر، چونكە خاوەن ژمارەیەك یاریزانی بەتواناین لەسەر ئاستی كوردستان.
Top