یانەی بروسك ئەم وەزرە بە تیپێكی تەواو جیاواز دەردەكەوێت
راپۆرتی: كارزان كانەبی
فاتیح حەمە خان راهێنەری تیپی تۆپی پێی یانەی وەرزشی بروسك لە بارەی ئامادەكارییەكانەوە بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «ئامادەكارییەكانمان وەكو پێویستە رۆژانە لەسەر یاریگەی خۆمان مەشقی چڕ ئەنجام دەدەین، هەر چەندە من یەكەم وەرزمە لەگەڵ یانەی بروسك كاردەكەم، بەڵام هەوڵمانداوە تیپێكی تەواو جیاواز دروست بكەین و زۆربەی هەر زۆری یاریزانانی یانەكەش لاون، ئەم وەرزەش ئامانجمان ئەوەیە بتوانین ئەنجامێكی شایستە بەدەست بهێنین، بەهیوای ئەوەشین یاریزانان و دەستەی كارگێڕی هەموومان بەیەكەوە بتوانین ناوی یانەی بروسك بەرز بكەینەوە، یانەكەش بگەڕێتەوە ئاستی پێشووی خۆی، لە ئێستاشدا هیچ كێشەیەكەمان نییە، جگە لەكێشەی دارایی نەبێت، پەنا بەخوا ئەویش چارەسەر دەكرێت و دەتوانین ئەنجامی باش بەدەست بهێنین.
لە لای خۆیەوە كاوە ئیبراهیم راهێنەری گۆڵپارێزی یانەی بروسك، لەبارەی ئامادەكارییەكانی یانەكەیان گوتی: «لە ئێستادا كێشەی دارایی بۆتە كێشەی سەرەكیی زۆربەی زۆری یانە بەشداربووەكان لەم وەرزی خولی نایابی كوردستان، ئەوەی تایبەت بێت بە یانەی بروسك، ئەوەیە كە ئێمە بودجەی ساڵی (2013-2014)مان وەرنەگرتووە، ئەوە (2014-2015)یشی هاتەسەر، لەگەڵ ئەوەشدا یاریزانانی تیپەكەمان زۆر بەوەفا بوون بۆ یانەكە و هەڵوێستی باشیان هەبووە لەكاتی ئەم قەیرانە داراییەش، جگە لەوەی نیوە مووچە وەردەگرن و گرێبەستی ساڵی رابردووشیان وەرنەگرتووە بەردەوامیشن لە مەشقەكان، گرێبەستەكانی ئەمساڵیشیان وەرنەگرتووە، ئەوەشمان پێیان گوتووە، ئامادەكارییەكانی ئێمە جیاوازن لەگەڵ یانەكانی دی، چونكە ئێمە و یانەی برایەتی ماوەی شەش مانگە دانیشتووین لە یانەكەمان، وەكو یاریزانێكی تووشبووی بە پێكانمان لێ هاتووە، پێویستیمان زیاتر بە مەشق و تەكنیكی تازە و ئەنجامدانی یاریی دۆستانەیە، تیپەكانی دیكەش بۆ ماوەی دوو مانگە لە وەرزش دوورن». لە بارەی گۆڵپارێزەكانیش گوتی: «مەشقەكانمان چڕ كردۆتەوە هەر چەندە مەشقی ئەمساڵمان زۆر زەحمەتترە لە وەرزی رابردوو، چونكە خولەكان جیاوازترن، گۆڵپارێزەكانیشمان بە ئامادەگییەكی باش گەیاندووە، واتە كۆمەڵێك گۆڵپارێزی باشمان ئامادە كردووە، هەروەها نامانەوێ ئەمساڵ هەر بۆ مانەوە یاری بكەین، بەڵكو دەمانەوێ ئاستێكی بەرزتر پێشكەش بكەین.
هەر لەو بارەیەوە توانا زوبێر كاپتنی یانەی بروسك گوتی: «ئامادەكارییەكانمان یەكجار باشە، چونكە یاریزانانی ئێمە تەواو جیاوازن لە وەزری رابردوو، تیپێكی تا رادەیەك گەنجانەمان هەیە، رۆژانەش لەسەر دەستی دەستەی راهێنەرانی بە ئەزموونی یانەكەمان مەشقی خۆمان ئەنجام دەدەین، لە ئێستادا راستە تیپەكەمان كێشەی دارایی هەیە، لەسەرجەم یانەكانیش ئەو قەیرانە هەیە، بەڵام ئەوە نەبۆتە هۆكار بۆ ئەوەی مەشقەكانمان دوابخرێت، یاخود پەكمان بكەوێت، رۆژانە بەو پەڕی دڵنیاییەوە مەشقەكانی خۆمان ئەنجام دەدەین، ئەم وەزرەش چاومان لە بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستەیە، پێشبینیش دەكەم ئەم وەرزە ئاستی خولی نایابی كوردستان بەهێز بێت بەهۆی ئەوەی یانەكان چەندین یاریزانی بەتوانایان هێناوە.
محەمەد حەمە خان سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی وەرزشی بروسك، سەرەتا باسی ئەوەی بۆ گۆڵان كرد كە لە ئێستادا ئامادەكارییەكانیان لەسەر دەستی راهێنەری بەتوانا فاتیح حەمە خان دەستی پێكردووە و ستافێكی راهێنەری بەئەزموونان هەیە. گوتیشی: «هەمیشە هەوڵی ئەوەمان داوە كە تیپێكی توكمە دروست بكەین بۆ یانەی بروسك، ئەمساڵیش جگە لەوەی كە چەندین كێشەمان هەیە، وەكو نەبوونی مووچەی پێویست و نەدانی گرێبەستی وەرزی رابردوو كە ئەمانە هەمووی گرفتن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەمانهێشتووە تیپەكە بوەستێ، بە هەر جۆرێك بێت بە نیوەچڵی مووچەكانمان دابین كردووە، بەڵام هیوادارین قەیرانی دارایی لە كوردستان چارەسەر بێت، بۆ ئەوەی مووچە و گرێبەست بۆ یاریزانانیش دابین بكەین، كە ئەویش مافێكی سروشتیی خۆیانە، بەهیوای ئەوەشین بتوانین باشترین تیپ بین لە خولەكە و ئەنجامی بەرچاو دەستەبەر بكەین.
