لە جامی یـەكێتی ئاسیا هەولێر هەلێكی زێڕینی لە دەستدا
بۆ ئەم مەبەستەش شاندی یانەی هەولێر بەر لە بەڕێوەچوونی یارییەكە بە پێنج رۆژ گەیشتە عەممان-ی پایتەختی ئوردن بۆ خۆئامادەكردن بۆ ئەم یارییە. هەرچەندە وا بڕیار بوو یارییەكە لە رۆژی سێشەممە (16/9) لە یاریگەی زەرقا كاتژمێر 7ی ئێوارە ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی بوونی كێشەی كارەبا لە نێو یاریگە یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا پێش بەڕێوەچوونی یارییەكە بە چەند كاتژمێرێك كاتی یارییەكەی بۆ كاتژمێر 4ی ئێوارە گۆڕی.
یانەی هەولێر لەم یارییە ئاستێكی بەرزی پێشكەش كرد، بەڵام یاریزانانی یانەكە چەندین هەلی ئاسانی گۆڵ تۆماركردنیان لە دەستدا، بەتایبەتی یاریزانان ئەمجەد رازی و لوئەی سەڵاح لە گێمی یەكەمی یارییەكە كە بە بێ گۆڵ تەواو بوو.
لە گێمی دووەمی یارییەكەدا یاریزانانی هەولێر هەر لە سەرەتاوە فشارێكی زۆریان خستە سەر گۆڵی تیپی كیتچی، تا یاریزان لوئەی سەڵاح توانی گۆڵی یەكەم تۆمار بكات، بەڵام لە هێرشێكی پێچەوانەدا یانەی كیتچی لێدانێكی سزای بۆ هەژماركرا و یاریزانی پیشەگەری ئیسپانی بیلانسكۆ توانی گۆڵی بەرانبەر تۆمار بكات، هەرچەندە یانەی هەولێر لەم گێمەشدا چەندین هەلی ئاسانی گۆڵ تۆماركردنی لە دەستدا، بەڵام یارییەكە بە ئەنجامی (1-1) گۆڵ بۆ هەردوو یانە تەواو بوو.
ئەنجامی ئەم یارییە تا رادەیەك بۆ هەولێرییەكان خراپ بوو، چونكە یارییەكە لە نێو یاریگەی ئەوان ئەنجامدرا، بەڵام هیوای سەركەوتنیان بۆ یاری كۆتایی ماوە كاتێك لە رۆژی (2014/9/30) لە وڵاتی هۆنگ كۆنگ یاری چوونی ئەم پاڵەوانێتیە ئەنجام دەدرێت.
جێگەی باسە ئەگەر یانەی هەولێر بگاتە یاری كۆتایی پاڵەوانێتیەكە، ئەوە یارییەكە لە یاریگەی یانەكە لە وڵاتی ئوردن ئەنجام دەدرێت.
رێبین رەمزی - ئوردن
