شەممەی داهاتوو چارەنووسی ئەم وەرزەی تۆپی پێی كوردستان دەردەكەوێت
سەفین كانەبی بە سایتی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستانی گوت: "بڕیاربوو ئەمڕۆ 15ی ئەیلول بڕیار لەسەر بەڕێوەچوون یان بەڕێوەنەچوونی خولەكانی ئەم وەرزەی كوردستان بدەین، بەڵام بەهۆكاری تەكنیكییەوە ئەم بڕیارەمان بۆ شەممە دواخست.
گوتیشی: "شەممەی داهاتوو كۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی یەكێتیی تۆپی پێ ئەنجامدەدرێت و تێیدا چارەنووسی ئەم وەرزەی خولەكانی كوردستان یەكلادەكەینەوە و بڕیار لەسەر بەڕێوەچوون یان بەڕێوەچوونی وەرزی نوێی خولەكانی كوردستان دەدەین.
یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان و یانە وەرزشییەكانی كوردستان وەكو هەموو لایەنەكانی دیكەی ژیان لە كوردستاندا دووچاری قەیرانی دارایی بوونە، ئەمەش هۆكاری ئەوەبوو كە تا ئێستا بڕیار لەسەر دەستپێكردنی ئەم وەرزەی خولەكانی كوردستان نەدراوە.
هاوكات دوێنێ یەكێتیی تۆپی پێ بەهۆی هەندێك هۆكارەوە بڕیاری دواخستنی تاقیكردنەوەی كوپەری ناوبژیوانانی كوردستانیشی دا، كە بڕیاربوو 20ی ئەم مانگە ئەنجام بدرێت.
