ئەمرۆ دووشەممە لە هۆتیلی ریجنسی پالاس لە عەممان-ی پایتەختی ئوردن كۆنگرەی هونەری و رۆژنامەنووسی یارییەكەی هەولێر و كیتچی هۆنگ كۆنگ لە چوارچێوەی یارییەكانی قۆناغی چوار گۆشەی زێرینی جامی یەكێتی ئاسیا ئەنجامدرا، سەرەتا لە كۆنگرە هونەرییەكە باس لە كاتی دەستپێكردنی یارییەكە كرا، كە رۆژی سێشەممە لە یاریگەی (ئەمیر محەمەد) لە شاری زەرقا كاتژمێر 7ی ئێوارە ئەنجام دەدرێت و هەروەها كاتی ئەنجامدانی مەشق و راهێنانی ئەمرۆ هەردوو تیپ ئاشكرا كرا و دەستەی ناوبژیوانی یارییەكە، كە لە وڵاتی سریلانكا یارییەكە بەرێوە دەبن، پاشان هەردوو یانە درێسی یاریكردنی یارییەكەیان ئاشكرا كرد، كە یانەی هەولێر بە درێسی ( زەرد) یاری دەكات و یانەی كیتچی بە درێسی (شین) یاری دەكات.
پاشان كۆنگرەی رۆژنامەنووسی یارییەكە ئەنجامدرا، بەڵام بەهۆی نەبوونی رۆژنامەنووس لە نێو هۆڵ بەهۆی كرێنەوەی كەناڵی (BEin sport) مافی گواستنەوەی یارییەكان و كۆنگرە رۆژنامەنووسیەكان رێگە نەدرا هیچ كەناڵێك بێتە نێو هۆڵەكە.
لە لایەكی ترەوە راهێنەری یانەی هەولێر ئەیوب ئۆدیشۆ بڕیاری دا مەشق ئەنجام نەدا و حەوانەوە بداتە یاریزانەكان بۆ ئەوەی لە رووی دەروونیەوە ئامادە باشیدا بن.
جێگەی باسە سێشەممە یارییەكە لە كەناڵی (BEin sport 7HD) دەگوازرێتەوە.
رێبین رەمزی - ئوردن - عەممان