یانەكانی ئەوروپا بە بۆچوونەكانی بلاتەر رازی نین

یانەكانی ئەوروپا  بە بۆچوونەكانی بلاتەر رازی نین
یانەكانی ئەوروپا رەتیانكردەوە ئەنجامدانی یارییەكانی پاڵەوانیەتی جامی جیهانی 2022 كە بڕیارە لە قەتەر بەڕێوەبچێت، كاتەكەی گۆڕانكاری بەسەردا بێت، بەڵكو بە پێویستی دەزانن هۆكاری بەهێز و یەكلاییكەرەوە هەبێت بۆ گۆڕینی كاتی بەڕێوەچوونی یارییەكان لە وەرزی هاوینە بۆ وەرزێكی تری ساڵ كە وەرزی زستانە.
هەروەها یەكێتی یانەكانی ئەوروپا دژی بۆچوونی سیب بلاتەری سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتین بە گۆڕانكاری لە كاتی بەڕێوەچوونی پاڵەوانیەتییەكە لەوەرزی هاوینە، بەڵكو تەكنەلۆژیای فێنككەرەوەی قەتەر كە پێشكەشی كردووە، بەشێكی گرنگ و سەركەوتووە بۆ میوانداریەتیكردنی ئەم پاڵەوانیەتییە لەكاتی خۆی.
لەلای خۆیەوە جێگری سەرۆكی یەكگرتووی یانەكانی ئەوروپا ئۆمبرتۆ جاندینی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: زۆر گرنگە هۆكارێكی بەهێز و بڕواپێهێنەر بەدەست بهێنین، بۆ رازیكردنی بەرپرسانی تۆپی پێی ئەوروپا لە پێناو هەنگاونان بۆ گۆڕانكاریكردن لەكاتی بەڕێوەچوونی یارییەكان، چونكە ئەم كارە سەركێشییەكی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەپێچەوانەوە هەر گۆڕانكارییەك لەكاتی بەڕێوەچوونی یارییەكان مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر تەواوی تۆپی پێی جیهانی .
شایانی باسە جۆزێف سیپ بلاتەر سەرۆكی فیفا پێشنیاری كردووە كاتی ئەنجامدانی یارییەكانی مۆندیالی قەتەر 2022 بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە وەرزی هاوین بۆ وەرزی زستان بگۆڕدرێت.
Top