هەر چەندە ئەم وەرزە تیپی تۆپی پێی یانەی وەرزشی زاخۆ بە ئامانجی بەدەست هێنانی ئەنجامی شایستەیە لە خولی نایابی یانەكانی عێراقی و كوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا تیپی تۆپی پێی یانەی زاخۆ بەردەوامی داوە بۆ پەلكێش كردنی یاریزانان بە ئامانجی بەدەست هێنانی ئەنجامی گەورە لەم وەرزەی خولەكانی كوردستان و عێراق، لەم بارەشەوە سەرچاوەیەك لە یانەی زاخۆ ئەوەی ئاشكرا كرد كە « دەستەی كارگێڕی ئەم وەرزە جیا لە ساڵان بەردەوامە لە خۆ بەهێز كردن بە ئامانجی بەدەست هێنانی ئەنجامی شایستە لە خولەكەدا، هەر بۆیە ئێمە بەفەرمی گرێبەستمان لەگەڵ یاریزان بیلال لوئەی یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی سوریا و یانەی كەرامەی ئەو وڵاتە مۆركردووە بۆ ئەوەی لە خولی نایابی كوردستان لە هێڵی بەرگری بەشدار بێت لەگەڵ زاخۆ لە خولی كوردستان، گوتیشی: لەگەڵ دیدار حامد رێكەوتووین بۆ ئەوەی گرێبەستی لەگەڵ واژوو بكەین و هەردوولامان بەزارەكی رێكەوتووینە، بە پێی سەرچاوەكانیش دیدار داوای زیاتر لە 160 ملیۆن دیناری كردووە ئەویش بۆ خولی عێراقی یاری دەكات، سەبارەت بە یاریزان تیاگۆی بەرازیلی گوتی» هیچ كێشەیەكمان لەگەڵی نییەو ئەو ئێستا بەفەرمی یاریزانی یانەی زاخۆیە و لە خولی نایابی عێراقیش یاری دەكات.