شنیار فوئاد یاریزانی سەولوكانون: لەسەر ئاستی كوردستان پلەی یەكەم و لە پاڵەوانێتیی عەرەبیش مەدالیای برۆنزیم بەدەست هێناوە

*چۆن بە یاریی سەولوكانون ئاشنا بووی؟
- من لە شارۆچكەی دوكان دەژیم، لای هەموومانیش ئاشكرایە كە قەزای دوكان خاوەن دەریاچەیەكی گەورەیە و شوێنێكی گونجاوە بۆ ئەم یارییە، ئەم وەرزشەش خولیای منداڵیم بوو، حەزم دەكرد جۆرە وەرزشێك ئەنجام بدەم، لە ناو ئاو بێت.
* بۆچی لە ناو ئەم هەموو وەرزشە جۆراوجۆرە تەنیا ئەم یارییەت هەڵبژارد كە بۆ كچان هەندێك ئەستەمە وەرزشكردن لە ناو ئاودا؟
- چونكە ئەم یارییە لەگەڵ خواست و ئارەزووی خۆم دەگونجێت و یارییەكی جیهانییە، ساڵانە چەندین پاڵەوانێتیی تێدا ئەنجام دەدرێت، هیچ كاتێك ئەم یارییە بۆ من جێگەی ترس نەبووە.
*هەست ناكەیت ئەم یارییە لە ناو ئاودا مەترسی خنكانی تێدایە، یاخود ژیانت لە مەترسیدا دەبێت؟
- نەخێر، چونكە من هەر لە منداڵییەوە لە دەریاچەی دوكان مەلەم كردووە و شارەزایی باشم تێدا هەیە و ترسی خنكانم نییە.
*ئاستی ئەم یارییە لە شارەكانی كوردستان چۆن دەبینی؟
- ئەم یارییە لە كوردستان تازەیە، یانەكانی كوردستان زۆر گرنگی پێ نادەن، تەنیا یانەكانی دوكان و پیرەمەگروون لە سنووری پارێزگای سلێمانی تیپیان هەیە، خۆشبەختانە ئێمەش وەكو تیپی كچانی دوكان توانیومانە ئەنجامی باش لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق تۆمار بكەین.
* بۆ بەرەوپێشچوونی ئەم یارییە لە كوردستاندا پێت باشە چی بكرێت؟
- پێم باشە بەرپرسانی وەرزشی لە كوردستان گرنگیی زیاتر بەم یارییە بدەن، چونكە داهاتوویەكی باشی دەبێت، ئەگەر لە ئێستاوە كار بكرێت بۆ فێركردنی منداڵ و كردنەوەی خولی تایبەت بەم یارییە، چونكە ئەم یارییە، یارییەكی جیهانییە و دەتوانرێ ئەنجامی بەرچاوی لەسەر ئاستی جیهانی لێ بەدەست بێت.
* هەست ناكەیت ئەم یارییە لە كوردستان گرنگی ئەوتوێ پێ نادرێت؟
- بەڵێ زۆر راستە، ئەوەی راستی بێت ئەم یارییە لە كوردستان هیچ گرنگییەكی پێ نادرێت و بگرە فەرامۆشیش كراوە.
* كێشەو گرفتی سەرەكیی ئێوە لەم یارییە چییە ؟
- كێشەی سەرەكیی ئێمە ئەوەیە كە ئەنجامەكانمان هیچ گرنگییەكی نییە لای بەرپرسانی وەرزش و تەنانەت دەستخۆشیمان لێناكەن كاتێك ئەنجامی شایستە بەدەست دەهێنین.
* بۆچی لە كوردستان رێژەی بەشداریكردنی ئافرەت لەم یارییەدا كەمە؟
- دوو هۆكار هەیە، یەكەمیان ئەوەیە لەلایەن لێژنەی ئۆلۆمپی و وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانەوە گرنگی پێنادرێت وەكو یارییەكانی تر، لەلایەكی دیكەوەش خێزانی كورد رێگە نادەن كە كچەكانیان وەرزش بكەن و رێگرییان لێ دەكرێت.
* باشترین ئەنجامەكانت وەكو یاریزان چی بووە؟
- چەندین ئەنجامی باشم بەدەست هێناوە لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق، لە ئاستی كچان پلەی یەكەمم لەسەر ئاستی كوردستان بەدەست هێناوە، هەروەها لە پاڵەوانێتیی وڵاتانی عەرەبی لە میسر توانیم پلەی سێیەم و مەدالیای برۆنزی بەدەست بهێنم، هەوڵدەدەم لە داهاتوو ئەنجامی باشتریش بەدەست بهێنم.
* خانەوادەكەت تا چەند بۆ وەرزشكردن هاوكاریت دەكەن؟
- خانەوادەكەم پاڵپشتییەكی بەهێزن بۆ من، بە تایبەتی دایك و باوكی بەڕێزم بۆ من هەمیشە هاوكار بوون و هانم دەدەن بۆ بەردەوامبوونم لە وەرزشكردن، باوكیشم ئەندامە لە هەڵبژاردەی عێراق، ئەو زیاتر هانم دەدات بۆ بەردەوامبوونم لە وەرزشكردن.
* وەكو كچە یاریزانێك پەیامت بۆ ئەو كچانەی كە دوورن لە وەرزشكردن چییە؟
- پەیامی من بۆهەموو كچان ئەوەیە كە ئەوانیش بێنەپێش و تواناكانی خۆیان نەشارنەوە و بۆ بەرەوپێشچوونی وەرزش لە كوردستان و ناساندنی كوردستان بە وڵاتانی دەرەوە لە رێگەی وەرزشەوە هەوڵبدەن.
* چ یانەیەك داوای كردووە لە ریزی یانەكایان یاری بكەی؟
- بەڵێ چەند یانەیەك داوای گرێبەستیان لێ كردووم بۆ ئەوەی یارییان لەگەڵدا بكەم، بەڵام بەهۆی خۆشەویستیم بۆ یانەی دوكان حەزم نەكردووە ئەم یانەیە بەجێبهێڵم، هەر لەم یانەیەشدا بەردەوام دەبم.
* ئەگەر لە كۆتاییدا شتێكت بۆ وتن مابێت؟
- دەمەوێ زۆر سوپاسی راهێنەرەكەم بكەم بەهۆی ئەوەی كە ئەو هۆكار بوو بۆ ئەوەی من بگەمە ئەو ئاستەی ئێستا، هیوادارم لە داهاتوویەكی نزیكدا بتوانم لە وڵاتانی دەرەوە ئاڵای كوردستان بەرز بكەمەوە و لە رێگەی وەرزشەوە خزمەت بە كوردستان بكەم، سوپاسیش بۆ گۆڤاری گوڵان.
