دوای ئەوەی یانەی هەولێر پێش دەستپێكردنی یارییەكانی قۆناغی هەشتەمی جامی یەكێتی ئاسیا، بەفەرمی نووسراوێكی ئاراستەی یەكێتی تۆپی پێی ئوردن كرد سەبارەت بە دەستنیشانكردنی ئوردن وەكو یاریگای یانەی هەولێر لەم پاڵەوانێتیە، بەڵام یەكێتی تۆپی پێی ئوردن بەفەرمی داوای لێبوردنی لە ئەنجامدانی یارییەكانی یانەی هەولێر كرد بەهۆی بوونی نۆژنكردنەوەی یاریگاكان و میوانداری كردنی جامی جیهانی تازەپێگەیشتووان بۆ كچان لە ئوردن، بۆیە یانەی هەولێر بڕیار دا یاریگاكانی لوبنان وەكو یاریگەی خۆی دەستنیشان بكات، بەڵام یەكێتی تۆپی پێی لوبنان بەهۆی باردۆخی خراپی ئەم وڵاتە بڕیاری دا یارییەكان بە بێ جەماوەر ئەنجام بدرێت، بۆیە یانەی هەولێر بۆ جاری دووەم بڕیاری دا نووسراوێك ئاراستەی یەكێتی تۆپی پێی ئوردن بنرێت و داوای ئەنجامدانی یارییەكانی پێش كۆتایی و كۆتایی پاڵەوانێتیە لەم وڵاتە ئەنجام بدرێت، خۆشبەختان یەكێتی تۆپی پێی ئوردن بەفەرمی رەزامەندی خۆی نیشان داوە یارییەكانی هەولێر لەم یاریگایە ئەنجام بدرێت، بۆیە یانەی هەولێر لە رێگەی یەكێتی تۆپی پێی عێراق نووسراوێكی ئاراستەی یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا كردووە، سەبارەت بە گۆرینی یاریگای یانەی هەولێر لە لوبنان بۆ ئوردن، بەڵام تا ئێستا یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا بەفەرمی رەزامەندی خۆی نیشان نەداوە وا بڕیارە لەم چەند رۆژی داهاتوو بڕیاری كۆتایی خۆی بدات.
رێبین رەمزی