قەیرانی دارایی یانەی هەولێر بەردەوامە هەولێرییەكان خۆیان بۆ جامی یەكێتیی ئاسیا ئامادە دەكەن
رێبین رەمزی
قەیرانی دارایی یانەی هەولێر بەردەوامە
بە پێی سەرچاوەكان قەیرانێكی دارایی گەورە رووی لە یانەی هەولێر كردووە و بووە هۆكاری ئەوەی، كە یانەكە نەتوانێت گرێبەست لەگەڵ یاریزانی تازە مۆربكات بۆ ئەوەی تیپەكەی بەهێز بكات لە پاڵەوانێتیەكە ئەمەش كێشەیەكی گەورەی بۆ راهێنەر و ئەندامانی دەستەی كارگێڕی یانەكە دروست كردووە لە هەمان كاتدا یانەی هەولێر یارییەكانی خۆی لە پاڵەوانێتیەكە لە دەرەوەی كوردستان ئەنجام دەدات بەهۆی ئابلوقەی وەرزشی لەسەر عێراق ئەمەش كێشەیەكی ترە بۆ یانەكە دروست بووە دەبێتە بار بەسەر یانەكە، بۆیە دەستەی كارگێڕی یانەی هەولێر هانای بۆ چەند لایەنێك بردووە تاكو هاوكاری یانەكە بكەن تا لەم قەیرانە داراییە رزگاریان بكات و بتوانن لە جامی یەكێتی ئاسیا بە باشترین شێوە بەشداری بكەن، تا ئێستا هەوڵی یانەكە بۆ چارەسەركردنی ئەم قەیرانە داراییە سەركەوتوو نەبووە و گرێبەست و مووچەی مانگانەی یاریزانەكانی نەداوە.
هەولێر یارییەكانی لە لوبنان ئەنجام دەدات
دوای ئەوەی یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا بەفەرمی ئابلوقەی وەرزشی لەسەر عێراق چەسپاند هەرچەندە هەوڵێكی زۆر هەیە، كە یارییەكانی یانەی هەولێر لە جامی یەكێتی ئاسیا بگەرێتەوە هەولێری پایتەخت، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێكی فەرمی لەمباریەوە نەدراوە، بۆیە یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا داوی لە یانەی هەولێر كرد یاریگایەك لە دەرەوەی عێراق هەڵبژێرێت بۆ ئەنجامدانی یارییەكانی لە جامی یەكێتی ئاسیا، یانەی هەولێر بەفەرمی بڕیاری دا یارییەكانی لەم پاڵەوانێتیە لە یاریگەی شاری وەرزشی بەیروت (كەمیل شەمعون) لە وڵاتی لووبنان ئەنجام بدات.
هەولێر گۆڕانكاری لە پیشەگەرەكان دەكات
دەستەی راهێنەرانی یانەی هەولێر بڕیاری دا گرێبەستی هەردوو یاریزانی پیشەگەر (نەدیم سەباغ) بە رەگەز سووری و (گۆتۆر) بە رەگەز ئیسپانی نوێبكاتەوە بۆ ئەم وەرزە و هەروەها بەفەرمی یانەكە دەستبەرداری هەردوو یاریزانی پیشەگەر (بورهان ئەحمەد صهیۆنی) سوری و (رۆبیاتۆ)ی ئیسپانی ببێت و هەروەها راهێنەری لێهاتووی جەستەیی یانەكە (گۆنزالۆ) كە بەرەگەز ئیسپانییە رووی لە وڵاتی قەتەر كرد، بۆیە دەستەی كارگێڕی یانەكە بەفەرمی گرێبەستی لەگەڵ دوو یاریزانی پیشەگەری ئیسپانی مۆركرد ئەویش هەریەكە لە یاریزانان (ئیڤان كارێل)، كە لە هێڵی هێرشبەر یاری دەكات و ( ڤیكتۆر مانویل)، كە لە هێڵی ناوەڕاست یاری دەكات و هەروەها بەفەرمی گرێبەستی لەگەڵ راهێنەرێكی لێهاتووی جەستەیی ئیسپانی (ئەلبیرتۆ مارتنیز) مۆركرد.
متمانە بە دەستەی راهێنەران نوێكرایەوە
بەفەرەمی دەستەی كارگێری یانەی هەولێر متمانەی بە دەستەی راهێنەرانی یانەكە بۆ وەرزی نوێ نوێكردووە، كە تیاییدا راهێنەر ئەیوب ئۆدیشۆ وەكو راهێنەر و جەلیل زێدان وەكو راهێنەری گۆڵچی لە كارەكانیان بەردەوام دەبن و هەروەها بەفەرمی سەعدی تۆما یاریدەدەری راهێنەر گرێبەستەكەی نوێنەكرایەوە و یانەكەی جێهێشت تا ئێستا هیچ كەسێك وەكو یاریدەدەری راهێنەر دەستنیشان نەكراوە.
دەستەی راهێنەرانی یانەی هەولێر بەفەرمی بڕیاریدا متمانەی خۆیان بە گشت یاریزانەكانی یانەكە نوێبكەنەوە بۆ ئەوەی لە وەرزی داهاتوو بە درێسی یانەكە یاری بكەن هەرچەندە زۆربەی یاریزانەكان گرێبەستیان لەگەڵ یانەی هەولێر تا كۆتایی جامی یەكێتی ئاسیایە بۆیە هەریەكە لە یاریزانان (جەلال حەسەن، سەرهەنگ موحسین، نەریمان خدر، دیدار حامد، دلێر حاتەم، كۆسرەت بایز، دیار رەحمان، هەردی سیامند، میران خەسرۆ، بارزان شێرزاد، سیروان خدر، فەرحان شكور، نەبیل سەباح، سەعد عەبدولئەمیر، عەلی فائز، بورهان جومعە، موسەنا خالید، لوئە سەڵاح، ئەمجەد رازی، هاوار مەلا محەمەد، هەڵگورد مەلا محەمەد) لە ریزی یانەكە بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی جامی یەكێتی ئاسیا تەواو بكەن.
هەولێر گرێبەستی لەگەڵ دوو یاریزان مۆركردووە
لەسەر داوای دەستەی راهێنەرانی یانەكە، یانەی هەولێر بەفەرمی گرێبەستی لەگەڵ یاریزانی یانەی قوە جەوییە ئەحمەد محەمەد بۆ ماوەی یەك وەرز مۆركرد، ئەم یاریزانە لە هێڵی بەرگری باڵی راست یاری دەكات و هەروەها بەفەرمی یاریزانی پێشووی یانەی هەولێر حاتم زێدان گەڕایەوە یانەی هەولێر دوای ئەوەی بەشێوەی خواستن بۆ ماوەی دوو وەرز لە یانەی زاخۆ یاری دەكرد.
خشتەی یارییەكان
خشتەی یارییەكانی جامی یەكێتی ئاسیا بۆ تۆپی پێی لە قۆناغی 8 و پێش كۆتایی و یاری كۆتایی بەمشێوەیە.
یارییەكانی قۆناغی هەشت چوون (19/8/2014)
1-هانۆی تی تی ڤێتنام - هەولێر
2-ڤیسای نی نی ڤێتنام - كیتچی هۆنگ كۆنگ
3- قادسیە كوەێت - حەد بەحرێن
4- كوەێت كوەێتی - پرسیبۆرا جایابۆرا ئەندنووسیا
یارییەكانی قۆناغی هەشت هاتن (26/8/2014)
1- هەولێر - هانۆی تی تی ڤێتنام
2- كیتچی هۆنگ كۆنگ - ڤیسای نی نی ڤێتنام
3- حەد بەحرێن - قادسیە كوەێت
4- پرسیبۆرا جایابۆرا ئەندنووسیا - كوەێت كوەێتی
یارییەكانی پێش كۆتایی چوون (16/9/2014)
1- براوەی یاریی یەكەمی قۆناغی هەشت- براوەی یاریی دووەمی قۆناغی هەشت
2- براوەی یاری سێیەمی قۆناغی هەشت - براوەی یاری چوارەمی قۆناغی هەشت
یارییەكانی پێش كۆتایی هاتن (30/9/2014)
1- براوەی یاریی دووەمی قۆناغی هەشت - براوەی یاری یەكەمی قۆناغی هەشت
2- براوەی یاریی چوارەمی قۆناغی هەشت - براوەی یاری سێیەمی قۆناغی هەشت
یاری كۆتایی (18/10/2014)
1- براوەی یاریی یەكەمی یاری پێش كۆتایی - براوەی یاری دووەمی یاریی پێش كۆتایی
