یاریزان مریەم عەبدولحەمید: لەسەر ئاستی عێراق لە بازی بەرزدا ژمارەی پێوانەییم شكاندووە
دیمانە: كارزان كانەبی
*چۆن بوو یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدانت هەڵبژارد؟
- خولیایەكی زۆرم هەبوو بۆ یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان، هەر بۆیە بە هۆی ئەو حەزەی خۆم توانیم لەم یارییە سەركەوتووبم و خۆمی لێ بدۆزمەوە.
* ئاستی یاریی گۆڕەپان و مەیدان بە گشتی چۆن دەبینی لە كوردستان ؟
- لە ئێستادا ئاستی ئەم یارییە پێشڤەچوونێكی باشی بەخۆیەوە بینیوە لە گشت روویەكەوە، یانەكانی كوردستانیش خاوەنی چەندین یاریزانی بەتوانان لەسەر ئاستی عێراق ئەنجامەكانیشیان زۆر بەرچاوە، بوونی یاریگای شیاویش لە شارەكانی كوردستان هۆكارن بۆ پێشكەوتنی ئەم یارییە لە كوردستان.
*ئەی ئاستی ئەم یارییە لە پایتەختی كوردستان ؟
- لە هەولێر ئێمە تاكە یانەین كەوا ژمارەیەكی زۆر لە یاریزانانمان هەیە و توانایەكی باشمان هەیە كە دەستەی ڕاهێنەرانمان دەتوانن چەندین یاریزانی ئاست بەرز دروست بكەن، ئەمەش دەبێتە هۆكار كەوا ئاستی ئەم یارییە لە شاری هەولێر بەرەوو پێش چوونی بەخۆیەوە بینیوە.
*پێت باشە چی بكرێت بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم یارییە لە شارەكانی كوردستان ؟
- ئەگەر ئێمە بمانەوێ ئاستی ئەم یارییە بەرز بكەینەوە بە شێوەیەكی باش پێش هەموو شتێك دەبێت پاڵەوانێتیی زیاتر بكرێتەوە لە شارەكانی كوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت گرنگی بە كردنەوەی قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان بدرێت، لە پاڵ ئەمانەی باسمان كرد كردنەوەی یاریگای باش و مۆدیرن بۆ ئەوەی بتوانین یاریزان و تیپی باش دروست بكەین، هاندانی وەرزشكاران بۆ زیاتر هاتنیان بۆ ناو وەرزش ئەمانە هەمووی هۆكارن بۆ بەرز بوونەوەی ئاستی یارییەكە.
* ئەنجامەكانت وەكو یاریزان ؟
- خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستەم لەگەڵ یانەی هەولێر لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق لە یارییەكانی بازی بەرز و یەك باز، لە بازی بەرزیش ژمارەی پێوانەییم شكاند لەسەرئاستی عێراق.
*كێشەو گرفتتان چییە لەم یارییە وەكو یاریزان لە یانەی هەولێر؟
- زۆر سوپاسی دەستەی كارگێڕیی یانەكەمان دەكەم كەوا نەیهێشتووە هیچ كات كێشەو گرفتمان هەیە هەبێت، بەهیوای ئەوەشین زیاتر گرنگی بە یاریزانان بدرێت.
*خانەوادەكەن رێگریت لێ ناكەن لە وەرزش كردنت ؟
- بە پێچەوانەوە بە هەموو شێوەیەك خانەوادەكەمان پاڵپشتی منن بۆ ئەوەی بەردەوام بم لە وەرزش كردن، ئەوان هۆكاری سەرەكین بۆ بەردەوام بوونی ئێمە وەكو یاریزان لە یارییەكان و بەدەست هێنانی ژمارەی پێوانەیی تازە.
* هیواو ئاواتت وەكو كچە وەرزشكارێك ؟
- بەهیوای ئەوەم زیاتر گرنگی بەتواناكانی خۆم بدەم وەكو یاریزان، بتوانم ژمارەیەكی پێوانەیی لەسەر ئاستی جیهانی یان وڵاتانی عەرەبی بە ناوی خۆم بشكێنم.
*وەرزش كردن رێگریت لێ ناكات لە خوێندنت؟
- نەخێر هیچ كات نەبۆتە بەربەست لە خوێندنم، چونكە من كارەكانی خۆم دابەشكردووە بۆ وەرزش و خوێندن.
*هیچ یانەیەك داوای لێ كردوویت یاری بۆبكەیت؟
- تاكو ئێستا نەبووە.
*یانەی هەولێر هاوكاریتان دەكەن ؟
- زۆریش هاوكاریمان دەكات ئەوان هۆكارن بۆ بەدەست هێنانی ئەنجامی شایستە لەپاڵەوانیتییەكان.
*ئەگەر لە كۆتایدا شتێكت مابێت.؟
- سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەكەم بەهیوای ئەوەم زیاتر گرنگی بە كچانی وەرزشكار بدەن بۆ زیاتر بەرەو پێشچوونیان.
