هەولێر متمانەی بە چەند یاریزانێك نوێكردەوە

هەولێر متمانەی بە چەند یاریزانێك نوێكردەوە
رۆژی شەممە لە بارەگای یانەكە دەستەی كارگێری یانەی هەولێر بە سەرۆكایەتی د.عەبدوڵڵا مەجید كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ كۆمەڵە یاریزانێك ئەنجام دا بە مەبەستی نوێكردنەوەی گرێبەستیان و باسكردنی گیروگرفتی یانەكە، لەم كۆبوونەوەیە مەحمود عەزیز جێگری سەرۆكی یانە ئامادەی بوو، كە تیاییدا سەرۆكی یانە بە تێروتەسلی باسی لە كێشەی دارایی یانەكە كرد و داوای لە یاریزانەكان كرد، كە لەم قۆناغەدا لەگەڵ یانەكە بن بۆ ئەوەی بەهەردوولا لەم بارودۆخە كاتیە رزگاریان بێت و بەتوانن لە جامی یەكێتی ئاسیا دەستكەوتێكی مێژوویی بۆ یانەكە تۆمار بكەن.
لە لایەن خۆیانەوە یاریزانانی ئامادەبوو پشتیوانی خۆیان بۆ یانەكە دووپات كردووە و تەئكیدیان لەوە كردووە، كە لەم قۆناغە هەستیارە بە دڵ و بەگیان لەگەڵ یانەكە بەردەوام دەبن و هەست بە كێشەی دارایی یانەكە دەكەن و تەئكیدن لەوەی كە ئەم كێشە كاتییە و بە پشتیوانی هەمووان چارەسەر دەكرێت و تەئكیدیان لەوە كردووە، كە لەگەڵ یانەكە بەردەوام دەبن.
بۆیە هەردوو لا رێكەوتن لەسەر نوێكردنەوەی گرێبەستی ئەم یاریزانانە (سەرهەنگ موحسین، دیدار حامد، دلێر حاتم، نریمان خدر، هەردی سیامند، میران خەسرۆ، كۆسرەت بایز، سیروان خدر، هەڵگورد مەلا محەمەد، هەوار مەلا محەمەد، دیار رەحمان).
وا بڕیارە رۆژانی یەكشەممە و دووشەممە كۆبوونەوە لەگەڵ یاریزانەكانی تر ئەنجام بدرێت بەمەبەستی نوێكردنەوەی گرێبەست و هەروەها رۆژی دووشەممە كاتژمێر 6ی ئێوارە راهێنەری یانەی هەولێر ئەیوب ئۆدیشۆ كۆبوونەوە لەگەڵ یاریزانان ئەنجام دەدات بۆ دەستنیشانكردنی كاتی یەكەم مەشقی یانەكە.
ماڵپەری فەرمی یانەی هەولێر
Top