دیار كەمال: زۆر گرنگە سەرچاوەی دارایی یانەكان بە یاسا رێكبخرێ
دیمانە: كارزان كانەبی
*چۆن بوو بڕیارت دا لەگەڵ یانەی پێشمەرگەی سلێمانی كار بكەیت؟
- دوای ئەوەی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بڕیاری دا من دەستنیشان بكات بەو پێیەی ئەم یانەیە روو لەوە دەكات كە تیپی تۆپی پێی یانەكەی بە زانستی بكات بۆ خۆئامادەكردن بۆ وەرزی داهاتوو، دوای ئەوە منیش چەند لایەنێكی گرنگم لەگەڵ باسكردن و ئەوانیش لارییان نەبوو لەسەر ئەو خاڵانەی من لەسەر بنەمای كاركردنی زانستی دەستێوەرنەدان لەكارەكەم، بۆیە بڕیارم دا كاریان لەگەڵدا بكەم.
* بەگرێبەست لەگەڵیان رێككەوتیت، یاخود هەر بە شێوەی مووچە كاریان لەگەڵدا دەكەی؟
-نەخێر، بڕوابكە تا ئێستاش باسی مووچەشم لەگەڵ نەكردوون، گرنگ ئەوەیە نرخی كاری ئێمە بزانرێ، كەسانی پسپۆر بەچاوی گەورە سەیر بكرێ ئەوە گرنگە بەلای منەوە.
* چۆن بوو وەك سەرپەرشتیار دەستنیشانكرایت لەكاتێكدا خۆت راهێنەری گۆڵپارێز بووی لەچەند یانەیەك وەك ئاڵا و هەولێر؟
-راستە پێشووتریش چەند یانەیەكی سلێمانی داوایان لێكردم وەك راهێنەری گۆڵپارێز كاریان لەگەڵدا بكەم، بەڵام لەڕاستیدا بەهۆی سەرقاڵ بوونم بە كاری زانكۆوە ناتوانم ئەركی ڕاهێنەری بگرمە ئەستۆ، چونكە پێویستی بە كات تەرخان كردن و بەگەڕخستنی توانای جەستەیی و هزری هەیە، لەبەر ئەوە وەك سەرپەرشتیار دەستنیشان كرام.
* بڕیاری ئەوەت دابوو لەگەڵ هیچ یانەیەك كارنەكەی چۆن بوو پاشگەز بوویتەوە؟
-قسەكەت راستە، ئێستاش بۆچوونم وایە كە پێویستە لەگەڵ كەسانێك كاربكەیت كە لێت تێبگەن و دەست لەكارت وەرنەدەن و رێزی كارەكەت بگرن، لە پێشمەرگە لەم ماوەیەدا تا كاركردنی ئێستام كارەكانم بەباشی ئەنجامداوە و گۆڕانكاریم كردووە لە چەند لایەنێكی تیپ بە هەماهەنگی لەگەڵ راهێنەران، بۆیە ئەگەر لێرەش پێچەوانەی كاركردنی زانستی دروست كاربكرێ بێگومان دەست لەكاردەكێشمەوە.
* بەنیازیت لەگەڵ یانەی پێشمەرگە چی بكەیت ؟
-پلانمان وایە لەگەڵ راهێنەر كۆمەڵێك گۆڕانكاریی سەرەكی بكەین و ئەو هەڵانەی روویانداوە لە پێشووتر دووبارەی نەكەینەوە، پلانمان هەیە خۆ ئامادەكردنێكی باش و تەندروست و دووربینی بۆ داهاتوو كاربكەین، لە وەرزشدا كاتێك بە دروستی كارت كرد دڵنیابە ئەنجامی باشت دەبێت.
* وەكو مامۆستایەكی زانكۆ بە نیازی هیچ پلانێكی نیت بۆ وەرزشی كوردستان؟
-من لەماوەی ڕابردوودا سیمینارێكم پێشكەش كرد لەزانكۆ لەسەر سەرچاوەی دارایی یانەكان، چونكە زۆر بەلامەوە گرنگە كارلەسەر ئەوە بكرێ سەرچاوەی دارایی یانەكان بە یاسا رێكبخرێ و بە وردی قسەی لەسەر بكرێ و ئەو كاریگەریانە باس بكرێ كە رەوتی وەرزش و سەرچاوەی دارایی یانەكان پەك دەخەن و ئەو رێگەچارانە كامانەن كە بەهۆیەوە بتوانی رێگەی دروست و چارەسەری درێژخایەن بۆ ئەم كێشەیە بدۆزینەوە.
* بە شێوەیەكی گشتی خولی كوردستان چۆن دەبینی؟
-بەشێوەیەكی گشتی سەركەوتووە گرنگ ئەوەیە لە بەڕێوەبردنی ئەم خولانە بەرپرسانی رێكخەر ئەزموونی رێكخستن وەربگرن، گوێ لەراوبۆچوونی شارەزایان و ڕاهێنەران بگرن چونكە ئەوان لەدیوی دەرەوەی رێكخستنەكەن و هەڵەكان جوانتر دەبینن.
* هەوڵ نادەن یانەی پێشمەرگە بەشداری پێبكەن لە خولی عێراقی كە ساڵێك لە خولی نایاب بووە؟
-بەشداریكردن و خۆئامادەكرن بۆ خولی عێراق پێویستە لەسەر بنەمای لێهاتوویی دارایی یانە و توانای یاریزانان لەم كاتەی ئێستادا ستراتیژیەتیی یانە پاڵپشتە بەوەی كە لەبەردەستدایە ئەمەش تەنیا بۆ فەراهەمكردنی تیپەكەمانە بۆ خولی كوردستان .
* دوو وەرزە یانەی پێشمەرگە دابڕاوە لە بەدەستهێنانی نازناو هۆكاری چی بووە؟
-هۆكار زۆرە و ئەو كەسەی پێش ئێمە كاریكردووە بەدڵنیاییەوە مەبەستی بەدەستهێنانی ئەنجامی باش بووە، بەڵام سروشتی كاركردن و شێوازی كاركردن و بیركردنەوە و چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ رووداوەكانی ناو تیپ رۆڵی دەبێت لەسەر باش بوون یان خراپ بوونی ئەنجامی یانە، بۆیە پێویستە ئێمە بە وردی بیربكەینەوە پاشان بڕیاربدەین.
* بریاڕت نەداوە قوتابخانەیەكی پێگەیاندنی گۆڵپارێزەكان بكەیتەوە لەشاری سلێمانی؟
-لەراستیدا هەموو كاتێك پێشنیاری ئەوەم كردووە كە لە هەولێریش بووم، ئەمە ئەركی یەكێتی تۆپی پێیە كە ئەم قوتابخانەیە بكاتەوە، ئەگەر ئەم كارەش نەكرا پێویستە راهێنەرانی (بێچووە شێران - تازە پێگەشتووان) زۆر ئاگاداربن لە دەستنیشانكردنی گۆڵپارێز و لایەنی باڵاو شێوازی جەستەی ئەو گۆڵپارێزە بیرلێبكەنەوە تا لەداهاتوو بتوانرێ سوودی لێوەبگیرێت، چونكە ئەمە لایەنێكی زانستی گرنگە .
* خۆشترین یادەوەریی وەرزشیت چییە لە ژیانتا؟
-یادەوەریی خۆش زۆرە،بەڵام ئەوانەی شانازیان پێوە دەكەم وەك یاریزان دەستنیشانكردن بە باشترین گۆڵپارێز لەسەر ئاستی هەرێم لەخولی تیپەكانی هەرێم، وەك راهێنەر ئەو ئەزموونە سەركەوتوانە بوو لە یانەی ئاڵا و لاوانی هەولێر كە توانیم چەند گۆڵپارێزێك پێشكەش بە هەولێر بكەم و هەمیشە شانازی بەوەوە دەكەم.
* ئەگەر جارێكی دیكە لە شاری هەولێر لەلایەن یانەكان داوات لێبكەن كاریان لەگەڵدا بكەی ئامادەی خزمەتی ئەو شارە بكەیت؟
-شاری هەولێر گەورەترین لانەی من بووە چەندین ساڵ منی لە ئامێز گرت، بۆیە هەركاتێك یانەیەكی شاری هەولێر داوام لێبكات ئەگەر رێوشوێنی ژیانی من و كاركردنم گونجا ئەوە بەبێ دوودڵی خزمەتی هەولێر ئەكەم.
* ماوەیەك زۆر رەخنەت لە بەرپرسانی وەرزشی دەگرت ئێستاش بەردەوامی؟
-كاری مامۆستای زانكۆ تەنیا وانە وتنەوە نییە، بەڵكو پێویستە قسەی هەبێت لەسەر شێوازی كاركردنی بەرپرسانی وەرزشی ئەم وڵاتە، هەركات دركی بە هەڵەیەك كرد پێویستە بیخاتە روو و چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە، بۆیە ئێستاش دەڵێم بەرپرسانی وەرزشی ئەم وڵاتە هەندێكیان تا ئێستاش وەك پێویست لەوەرزش تێنەگەیشتوون و لەوە ماڵوێرانتر ئەوەیە كەهەندێ كەسی وەرزشوان و خاوەن بڕوانامە لەچواردەوری ئەو بەرپرسانە كۆبوونەتەوە و بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بێدەنگن لەئاست هەڵەكان بەڵام لەكۆتاییدا (مانەوە تەنها بۆ باشەكانە).
