هۆكارەكانی ماڵئاوایكردنی ئیسپانیا چییە؟؟

هۆكارەكانی ماڵئاوایكردنی ئیسپانیا چییە؟؟
دوای دۆرانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەرانبەر هەڵبژاردەی شیلی و ماڵئاوایكردنی لە جامی جیهانی 2014، گشت رۆژنامەكانی جیهانی و كەناڵە تەلەڤزیۆنەكان باسی هۆكاری ئەم شكست گەورەیە دەكەن بۆچی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەم خێرایە رووخا و نەیتوانی بەرەنگاری كێشە و گرفتكان بێت، بە پێی شێكردنەوەی باس لە هۆكارەكانی دەرچوونی هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە جامی جیهانی 2014 دەكەین.
1- یانەكانی ئەتلەتیكۆ مەدرید و بەرشلۆنە و ریال مەدرید لە 90% یاریزانانی هەڵبژاردەی ئیسپانیان پێكهێنا، كە بەشداریان لە جامی جیهانی كرد، یاریزانانی ئەم سێ یانەیە لەگەڵ هەڵبژاردەكانیان ئاستیان وەكو پێویست نەبوو هۆكارەكەشی بۆ زۆری یاریكردن لە خولەكانی ئیسپانیا و ئەوروپا و ماندووبوون و هەروەها زۆربەی یاریزانەكان لە رووی تەمەن گەورە بوون و هەندێكیان بە ئاستە لاوازەكەیان شایستەی درێسی هەڵبژاردەی ئیسپانیا نەبوو.
2- بە بۆچوونی راهێنەری ئیسپانیا هیچ گۆڵچیك لە ئیسپانیا نییە تەنیا كاسیاس نەبێت، هەرچەندە كاسیاس لە وەرزی ئەمساڵدا لە زۆربەی هەر زۆری یارییەكان لە كورسی یەدەگ دانیشتبوو، كەچ ی وەكو یاریزانی سەرەكی لە مۆندیال یاری كرد و نێوەی گۆڵەكانی، كە لە هەڵبژاردەی ئیسپانیا تۆماركراوە لە ئەستۆی كاسیاس بوو، دەتواندرا سوود لە ئەزموونی دی خیا گۆڵچی یانەی مانچستەر یۆنایتد وەربگرێت.
3- ئەنجامی یاری یەكەمی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەرانبەر هەڵبژاردەی هۆڵەندە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر دەروونی یاریزانەكانی ئیسپانیا هەبوو و بەشێوەیەكی دیار لە یاری دووەمی ئیسپانیا بەرانبەر شیلی كاردانەوەی ئەنجامی ئەم یارییە دیاربوو.
4-هەروەها یەكێكی تر لە هۆكارەكان، كە خشتەی یارییەكانی یارمەتیدەر نەبوون بۆ ئیسپانیەكان، چونكە ئەگەر هاتوو خشتەی یارییەكان بەمشێوەیە نەبوایە و لە یەكەم یاری لەگەڵ دوو بەهێزترین هەڵبژاردەی كۆمەڵەكە یاری نەكردبایە ئەوە چانسی سەركەوتنی بۆ قۆناغی داهاتوو زیاتر دەبوو بەتایبەتی، ئەگەر دواین یاری خۆیان بەرانبەر هۆڵەندا بوایە.
5- هەردوو یاریزانی هێڵی بەرگری هەڵبژاردەی ئیسپانیا پیكیە و رامۆس خراپترین ئاستی خۆیان لە مێژووی یاریكردنیان لەم دوو یارییە پێشكەش كرد، هەرچەندە پیكیە لە یاری دووەم یاری نەكرد، بەڵام هۆكاری سەرەكی دۆرانەكانی ئیسپانیا بوو، پیكیە لەم وەرزە لەگەڵ بەرشلۆنە ئاستی وەكو پێویست نەبوو، بەڵام رامۆس وەرزێكی نموونەیی لەگەڵ ریال مەدرید پێشكەش كرد، كەچی لە مۆندیال زۆربەی گۆڵەكان هۆكارەكەی رامۆس بوو و ئاستێكی یەكجار خراپی پێشكەش كرد.
6-دیل بۆسكی متمانەیەكی تەواوی بە هێرشبەر كۆستا هەبوو، كەچی كۆستا لەم دوو یارییە سەلماندی كە ئەو شایستەی ئەو متمانەیە نەبوو، لە دوو یاری هیچ شتێكی پێشكەش نەكرد، بەڵكو هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە دوو یاری تەنیا یەك گۆڵی تۆمار كردووە ئەویش لە رێگەی لێدانی سزا، بۆیە یەكێك لە هۆكارەكان كۆستا-یە دیل بۆسكی دەیتوانی پشت بە داڤید ڤیا یان تۆریس ببەستیت بەتایبەتی لە یاری دووەم.
7- لە وەرزی ئەمساڵدا زۆربەی یانەكان، كە بەشێوازی تیكی تاكا یاریان دەكرد وەكو بەرشلۆنە و بایرن میونیخ دەتوانم بڵێم سەركەوتوو نەبوون، بۆیە پشت بەستنی دیل بۆسكی بە شێوازی تیكی تاكا هۆكارێكی تری شكستە مەزنەكەی ئیسپانیا بوو، بۆیە بە دەرچوونی ئیسپانیا لە جامی جیهانی دەتوانین بڵێن بەفەرمی تۆپی پێی ماڵئاوایی لە تیكی تاكا كرد.
8- دیل بۆسكی لە دانانی پێكهاتەی سەرەكی لە هەردوو یاری هەڵەی كۆشندەی ئەنجامدا، بەتایبەتی پشت بەستن بە یاریزانان رامۆس و ئەزكویبزولیتا و كاسیاس و كۆستا و یاریكردن بە یەك هێرشبەر، و سوود وەرنەگران لە یاریزان خوان فران لە هێڵی بەرگری و خافی مارتینێز و كازۆلا و فابریگاس لە هێڵی ناوەڕاست و دیڤید ڤیا لە هێڵی هێرشبەر.
ئەمانە هۆكاری سەرەكی دەرچوونی هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە جامی جیهانی 2014-ی بەرازیلە.
رێبین رەمزی
Top