محەمەد ئەحمەد بۆ گوڵان: گۆڵبۆڵ یارییەكی خاوەن پێداویستیی تایبەتەكانە بۆیە دەخوازرێت بایەخێكی زۆری پێ بدرێت
*چۆن بوو یاریی گۆڵبۆڵت هەڵبژارد؟
- من وەكو یاریزانێكی خاوەن پێداویستیی تایبەت زۆر خولیام بۆ ئەم یارییە هەبوو دەمتوانی ئاست و ئەنجامی باش بەدەست بهێنم، بۆیە توانیم لەم یارییەدا سەركەوتووبم.
* ئاستی ئەم یارییە چۆن دەبینی لە شارەكانی كوردستان؟
- ئەوەی ڕاستی بێت چەند یانەیەك هەیە لە شارەكانی كوردستان كە خۆی لە سێ یانە دەبینێتەوە، بەڵام ئەنجامدانی یارییە كەمە و ساڵانە یەك پاڵەوانێتیی دەكرێتەوە ئەوەش بۆ یاریزانان كەمەو نابێتە هۆكارێكی باش بۆ پێشكەوتنی ئاستی ئەم یارییە.
*چی بكرێت باشە بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی ئەم یارییە لە كوردستان؟
- زیاتر یانەكانی كوردستان هانبدرێت بۆ ئاشنا كردنیان بەم یارییە وكردنەوەی زیاتری پاڵەوانێتیی گۆڵبۆڵ بۆ یاریزانان و یانەكانی كوردستان بۆ ئەوەی ئەوانیش لەلایەن خۆیانەوە ئاشنایەتی زیاتریان بۆ دروست بێت لەگەڵ ئەم یارییە.
*كێشەو گرفتان چییە لەم یارییە؟
- پێشتر كێشەی نەبوونی یاریگامان هەبوو ئێستاش وا هۆڵێكی شایستەمان بۆ دروست كراوە، سوپاسی بەرپرسان دەكەین، بەهیوای ئەوەین زیاتر گرنگی بە یاریزانانی خاوەن پێداویستیی تایبەتی بدرێت.
* هەست ناكەی ئەم یارییە لە كوردستان گرنگی تەواوی پێ نادرێت؟
-گرنگی پێ دراوە، بەڵام وەكو پێویست نییە، ئەمیش بەهۆی ئەوەی كە ئەم یارییە بۆ یاریزانانی خاوەن پێداویستیی تایبەتە نەك بۆ هەموو یاریزانێك لەگەڵ ئەوەشدا یانەكان ژمارەیان زۆر نییە بۆیە زیاتر پێش ناكەوێت.
*تۆ قوتابی كۆلیژیت، ئایا وەرزش رێگە لە خوێندنت ناگرێت؟
- هیچ كاتێكی وام لێ ناگرێ، چونكە من بەرنامەیەكی باشم داناوە بۆ كارەكانی خۆم وەرزش و خوێندنەكەی خۆشم ئەنجام دەدەم.
* ساڵانە یەك تا دوو پاڵەوانێتیی دەكرێتەوە بۆ ئێوە ئایا ئەم ژمارەیە كەم نییە؟
- ئەم ژمارەیە زۆر كەمە، بۆیە داوكارین پاڵەوانێتیی زیاتر بكرێتەوە بۆ ئەوەی ئاستی خۆمان زیاتر بەرز بكەینەوە و یاریزانی بەتوانا دروست بكەین و تیپی بەهێزتر دروست بكرێت و هەماهەنگی زیاتر بكرێت لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە بۆ زیاتر خزمەت كردنی ئەم یارییە.
*داواكاریت چییە لە لایەنی پەیوەندیدار؟
- پێویستە خزمەتی زیاتری وەرزشەكانی ئێمە بكەن وەكو تیپی گۆڵبۆڵ بۆ ئەوەی بتوانین لە پاڵەوانێتییەكانی دەرەوە ئاستی ڕاستەقینەی خۆمان پێشكەش بكەین و ناوی كوردستانیش بەرز بكەینەوە لە ئاستی جیهان و پەیامی ئێمە ئەوەیە بۆ ئەوەی خزمەتی كوردستان بكەین.
* وەكو یاریزانێك هیواو ئاواتت لەم یارییە چییە ؟
- بەهیوای ئەوەم بتوانم لە پاڵەوانێتێكی نێودەوڵەتی ئاڵای كوردستان بەرزبكەمەوە بتوانم ئەنجامی شایستە لەسەر ئاستی جیهانیش بەدەست بهێنین بۆ كوردستان.
*وەكو وەرزشكارێكی خاوەن پێداویستیی تایبەت خانەوادەكەت چۆن هاوكاریت دەكات؟
- بە سوپاسەوە خانەوادەكەم هەمیشە هاوكار و پاڵپشتی منن لە وەرزشكاركردن و ئەوان هۆكارن بۆ بەرز بوونەوەی ئاستی من وەكو یاریزانێك لە یاریی گۆڵبۆڵ.
* هەست ناكرێ ئێوە بە مووچەیەكی كەم وەرزش دەكەن لە چاو یارییەكانی تر؟
- ئێمە وەكو وەرزشكار مووچەیەكی كەممان هەیە كە زۆر كەمە مانگانە، بەڵام زیاتر خولیاكەی ئێمە بۆتە هۆكار بۆ ئەوەی ئێمە بەردەوام بین لە ورەزش كردن.
* پەیامت چییە وەكو خاوەن پێداویستییەكی تایبەت؟
- دەمەوێ لەرێگای وەرزشكردنەوە بگەمە لوتكەی ئامانجەكانم و هیوای دواڕۆژبم.
*زۆر جار گوێ بیستی ئەوە دەبین كە خاوەن پێداویستیی تایبەت بە چاوێكی تر سەیر دەكرێت لەلایەن كۆمەڵگا؟
- ئێمەش بە شێكی گرنگی كۆمەڵگاین، بەڵام تاكو ئێستا من دووچاری ئەم گرفتە نەبوویمە بگرە زۆریش هاوكاری كراوم و رێزیان لێگرتووم.
*ئەگەر لە كۆتاییدا شتێكت مابێت ؟
- بەهیوای ئەوەم ئێوە زیاتر خزمەتی وەرزشكارانی خاوەن پێداویستیی تایبەت بكەن و ئێوە ببنە مینبەرێكی گرنگ بۆ ناساندنی ئێمە بەهەموو لایەك.
