هەر چەندە ئەم وەرزە ئەرسەلان جەلال توانی یانەی وەرزشی نەورۆز لە خولی نایابی یانەكانی كوردستان بهێڵێتەوە، ئاستی یاریزانانیش لە یارییەكان بەرز دەركەوتن لەمیانی یارییەكانی قۆناغی دووەم و بەدەست هێنانی چەندین سەركەوتنی گرنگ لە یارییەكانی ئەم وەرزە، ئەم ئەنجامە باشانەش بوونە هۆكار بۆ مانەوەی یانەی نەورۆز لە ریزی یانە پلە نایابەكانی كوردستان بەر لە وەرگرتنی ئەركی مەشقی ئەو یانەیش، تیپی نەورۆز بە بارودۆخێكی خراپ گوزەری دەكرد، لە ئێستاشدا یانەی نەورۆز لە هەوڵی مانەوەی ئەرسەلان جەلالن لە پۆستەكەی خۆی و لە هەمان كاتیشدا ژمارەیەك یانە هەیە لە هەوڵی ڕازی كردنی ڕاهێنەری ناوبراون بۆ دانەوەی مەشقەكانیان، لە بارەی ئەگەری جێهێشتنی تیپی نەورۆزیش، ئەرسەلان جەلال ڕاهێنەری یانەی وەرزشی نەورۆز بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی «تاكو ئێستا بەفەرمی من دەستبەرداری یانەی نەورۆز نەبوویمە و دەستەی كارگێڕیی یانەكەش داوای مانەوەیان لێ كردوومە بۆ ئەوەی وەزری داهاتووش بەردەوامبم، بەڵام بەفەرمی قسەیان لەگەڵ نەكردوە بۆ ئەوەی گرێبەستەكە نوێ بكەنەوە، لە هەمان كاتیشدا یانەی شەهیدانی دەروازەی ڕاپەرین هاتونەتە لام بۆ گفت و گۆكردن بۆ مۆركردنی گرێبەست، بەڵام من تاكو ئێستا بەفەرمی هیچ قسەیەكم لەگەڵیان نەكردووە بۆ واژوو كردنی گرێبەست، گوتیشی من دەمەوێ قسە لەگەڵ یانەی نەورۆز بكەم جارێك چونكە ئەوان دەڵێن نابێت بڕۆیت بە هیچ شێوەیەك، منیش دەمەوێ بۆ وەرزی داهاتوو ئەگەر مامەوە بتوانم تیپێكی نموونەیی رێكبخەم و ئەنجامی شایستە لەگەڵ تیپەكە بەدەست بهێنم و ئەم ساڵیش لەگەڵ یانەی نەورۆز ئاستێكی بەرزمان پێشكەش كردو توانیمان خۆمان بهێڵینەوە لە خولی نایابی یانەكانی كوردستان ئەوەش دەستكەوتێكی باش بوو لەگەڵ ئەوەشدا لە زۆربەی یارییەكان ئاستمان بەرز بووە و توانیومانە ئەنجامی شایستە لەبەرامبەر تیپی بەهێز بەدەست بهێنین، هیچ كێشەو گرفتێكمان لەگەڵ یانەی نەورۆز نەبووە .