لە خولی نایابی عێراقی دهۆك دووگۆڵی لێكرا و یاریش تەواو نەكرا

لە خولی نایابی عێراقی دهۆك دووگۆڵی لێكرا و یاریش تەواو نەكرا
كارزان كانەبی
لەمیانی یارییەكانی خولی نایابی یانەكانی عێراقی لە گەڕی نۆزدەهەمی قۆناغی دووەمی خولەكە، لەسەر یاریگای شەعب لە شاری بەغدا لە یارییەكی بەهێزدا هەردوو یانەی دهۆك و تەلەبە ڕووبەرووی یەكتری بوونەوە، لە گێمی یەكەمی یارییەكە یاریزانانی هەردوولا ئاستێكی بەرزیان پێشكەش كردو هەردوولاش ئاەرزووی تۆماركردنی گۆڵیان دەكرد، بەڵام گشت هەوڵەكانیان لەم گێمە بێ سوود بوو هەردوو لا بەبێ گۆڵ یەكسان بوون، لە گێمی دووەمی یارییەكە ڕاهێنەرانی هەردووتیپ چەند گۆڕانكارییەكیان لە ریزی پێك هاتەی یانەكەیان كرد بەمەبەستی گۆڕینی ئەنجامی یارییەكە، لە یانەی تەلەبە هەریەك لە یاریزانان عەلی سەلاح و كەرار جاسم هەوڵی زۆریاندا بۆتۆماركردنی گۆڵ لەبەرامبەریشدا محەمەد كۆفی یاریزانی پیشەگەری ئەفریقی یانەی دهۆك بە چەند هێرشێك وەڵامی داناوە بەڵام هەوڵەكانی تەلەبە سەركەوتووتربوو لە یارییەكە و لە خولەكی 78ی یارییەكە عەلی سەلاح بە لێدانێكی سەری جوان توانی گۆلێك لە تیپی دهۆك تۆماربكات، دوای ئەم گۆڵەش هێرشبەرانی دهۆك چەند هەوڵكیاندا بۆ ڕاست كردنەوەی ئەنجامی یارییەكە بەڵام هەوڵەكانیان بێ سوود بوو لە خولەكی 88ی یارییەكە ناوبژیوانی یارییەكە لێدانێكی سزای بۆ یانەی تەلەبە هەژماركردو عەلی سەلاح سەركەوتوانە جێ بەجێ كردو گۆڵی دووەمی تۆماركرد، لەدوای ئەم گۆڵەش گرژی كەوتە نێوان بەشێك لە یاریزانانی دهۆك وناوبژیوانی یارییەكە و بەهۆی دەركردنی هەریەك لە یاریزانان (ماوریسۆی ئەرجەنتینی وئەوس ئیبراهیم) یاریزانانی دهۆك و دەستەی كارگێری یانەكە بڕیاری پاشەكشەكردنیان دا لە یارییەكە، ئەندامانی دەستەی كارگێری یانەی دهۆكیش هۆكاری پاشەكشەكردنی تیپەكەیان بۆ ناعەداڵەتی ناوبژیوانی یارییەكە گەڕاندوە، تاكو ئێستاش هیچ بڕیارێكی فەرمی لەسەر ئەم یارییە نەدراوە، هەردوو یانەی جەوییە و بەغدادش بە گۆلێك یەكسان بوون.
Top