هاوار محەمەد: بە ئاواتم لە ئۆلۆمپیات مەدالیایەك بەدەست بهێنم
دیمانە: كارزان كانەبی
*چۆن بوو هاتییە نێو جیهانی وەرزشی گۆڵ بۆڵەوە ؟
- من ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە ئەم وەرزشە ئەنجام دەدەم، ئەویش لەسەر خواستی خۆم كە كەم بینم و زۆریشم حەز لە وەرزش بووە، بۆیە بیرم كردەوە كە باشترین هەلە بۆ من بتوانم توانای خۆم لەم یارییەدا بدۆزمەوە خۆشبەختانەش توانیم سەركەوتووبم.
* بۆچی ئەم یارییەت هەڵبژارد لە نێو كۆمەڵێك یاریی وەرزشكارانی خاوەن پێداویستی تایبەت؟
- ئەوە ئارەزووی خۆم بوو كە من هیچ كارێك ناكەم جگە لە وەرزش كردن و ژەنینی مۆسیقا بۆیە پێم باش بوو كە بە زووترین كات ئەم یارییە هەڵبژێرم و بەتەواوی شارەزا بووم لەم یارییەداو توانیشم ئاستی ڕاستەقینەی خۆم لە پاڵەوانێتیەكان پێشكەش بكەم.
* بۆچوونت لەسەر ئاستی پاڵەوانێتیی گۆڵ بۆڵی نێودەوڵەتی كە لە هەولێر بەڕێوەچوو چییە؟
- ئاستێكی زۆر بەرزی هەبوو ژمارەیەك هەڵبژاردەی بەتوانا كێبڕكێیان دەكرد لەسەر بەدەست هێنانی ئەنجامی شایستە لە پاڵەوانێتییەكە خۆشبەختانەش وەكو هەڵبژاردەی كوردستان پلەی سێیەممان بەدەست هێنا كە ئەوەش ئەنجامێكی باش بوو بۆ ئێمە.
* هەست ناكەی ئەم یارییە لە كوردستان فەرامۆش كراوە گرنگیی تەواوی پێ نادرێت؟
- بەڵی زۆر ڕاستە لە كوردستان تاكو ئێستا زۆر لە پێش نییە ببێتە جێگای متمانەی هەموو وەرزشكارانی خاوەن پێداویستیی تایبەت لەم یارییەدا، وەرزشكاری كەم ئەندامان بەگشتی وەكو پێویست نییە و گرنگی پێ نادرێت و چەندین پاڵەوانمان هەیە لەسەر ئاستی جیهانی كەچی گرنگی بە یارییەكانیان نادرێ.
*هۆكاری چییە كەوا گرنگی بە یارییە وەرزشییە جۆراوجۆرەكانی كەم ئەندامان یان بڵێین خاوەن پێداویستی تایبەت نادرێت؟
- ئێمەش نازانین هۆكارەكەی چییە، بە پێچەوانەوەش لەلایەن حكومەتەوە گرنگیمان پێ دراوە، بەڵام لەلایەن كۆمەڵگاوە وەكو پێویست نیە نازانم هۆكارەكەی چیە چ بە وەرزش بگرە بە خودی كەم ئەندامانیش نادرێت.
*چی بكرێت باشە بۆ زیاتر گرنگیدان بە یارییەكانی گۆڵ بۆڵی خاوەن پێداویستی تایبەت؟
- بە پلەی یەكەم پێویستە لەسەر دەزگاكانی ڕاگەیاندن گرنگیی زیاتر بەم یارییە بدەن و ئاشنای بكەن بە خەڵكی دیكە بۆ ئەوەی بزانن كە ئەم وەرزشە جیهانییە و پێویستی بە پشتگیریی هاندەران و دەزگاكانی راگەیاندن هەیە، خول و پاڵەوانێتیی بەردەوام بكرێتەوە.
* ساڵانە یەك تا دوو پاڵەوانێتیی دەكرێتەوە بۆ ئێوە ئایا ئەم ژمارەیە كەم نییە؟
- ئەم ژمارەیە زۆر كەمە، بۆیە داوكارین پاڵەوانێتیی زیاتر بكرێتەوە بۆ ئەوەی ئاستی خۆمان زیاتر بەرز بكەینەوە و یاریزانی بەتوانا دروست بكەین و تیپی بەهێزتر دروست بكرێت و هەماهەنگی زیاتر بكرێت لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە بۆ زیاتر خزمەت كردنی ئەم یارییە.
*كێشەو گرفتان چییە لەم یارییە وەكو گۆڵ بۆڵ؟
- نەبوونی گۆڕەپانی تایبەت بەم یارییە كە بۆتە بەربەست لەبەردەم یاریزانان بۆ زیاتر گرنگیدان بە ئاستی خۆیان و نەبوونی پاسی گواستنەوەی یاریزانان ئەوەش كاریگەریی هەیە لە سەر ئاستی یاریزانانی ئێمە .
*داواكاریت لە لایەنی پەیوەندیدارچییە؟
- پێویستە لەسەرئەوان كەوا خزمەتی زیاتری وەرزشەكانی ئێمە بكەن وەكو تیپی گۆڵ بۆڵ، بۆ ئەوەی بتوانین لە پاڵەوانێتییەكانی دەرەوە ئاستی ڕاستەقینەی خۆمان پێش بكەین و ناوی كوردستانیش بەرز بكەینەوە لە ئاستی جیهان و پەیامی ئێمە ئەوەیە بۆ ئەوەی خزمەتی كوردستان بكەین.
* هیواو ئاواتت لەم یارییە وەكو یاریزانێك چییە؟
- بەهیوای ئەوەم بتوانم لە پاڵەوانێتێكی نێودەوڵەتی ئاڵای كوردستان بەرزبكەمەوە ناوی خۆم و كوردستانیش لەسەر ئاستی جیهان بەرز بێت.
*وەكو وەرزشكارێكی خاوەن پێداویستی تایبەت خانەوادەكەت هاوكاریت دەكات؟
- بە سوپاسەوە خانەوادەكەم هەمیشە هاوكار و پاڵپشتی منن لە وەرزشكردن و ئەوان هۆكارن بۆ بەرز بوونەوەی ئاستی من وەكو یاریزانێك لە یاری گۆڵ بۆڵ.
* هەست ناكرێ ئێوە بە مووچەیەكی كەم وەرزش دەكەن لە چاو یارییەكانی تر؟
- ئێمە وەكو وەرزشكار مووچەیەكی كەمان هەیە كە زۆر كەمە مانگانە تەنیا سەد هەزار دینار وەردەگرین و ئەوەش زۆر كەمە نابێتە هۆكار بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی ئێمە وەكو یاریزان.
* وەكو خاوەن پێداویستیەكی تایبەت بۆوەرزش دەكەی؟
- من ئامانجم هەیە بۆیە وەرزش دەكەم، ئاواتیشم ئەوەیە كە بتوانم لە ئۆلۆمپیات مەدالیایەك بەدەست بهێنم.
*ئەگەر لە كۆتاییدا شتێكت مابێت ؟
- زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان كە خەمخۆری وەرزشكارانە و داواكارم لەلایەنی بەرپرس زیاتر گرنگی بە یارییەكانی وەرزشكاری خاوەن پێداویستی بدرێت و هاندەران زیاتر لە ناو گۆڕەپان بینین بۆ هاندانی وەرزشكاران.
