ساز فەرەیدون:گرفتی سەرەكیی وەرزشی ئافرەتان لە كوردستان نەبوونی ژێرخانی وەرزشییە
* چەند یاریت ئەنجام داوە و لە چ یانەیەك یاریت كردووە؟
- سەرەتا وەكو یاریزانی گۆڕەپان و مەیدان یاریم كرد و ئاستم لەم یارییە زۆر بەرز بوو لە ریزی یانەی هەولێر توانیم چەندین دەستكەوتێك بە دەستبهێنێم و ئاستم رۆژ لە دوای رۆژ پێشدەكەوت، بەڵام بەهۆی بوونی چەند كێشەیەك یانەی هەولێرم جێهێشت، پاشان پەیوەندیم بە یانەی شەقڵاوە كرد بۆ ئەوەی لە یاریی تۆپی دەست یارییان بۆ بكەم توانیم بوونی خۆم بسەلمێنم لەم یانەیە و لەم یارییە ئاستێكی بەرزم پێشكەش كرد و چەندین بۆندم لە یانەكان بۆ هات و یانەی قەڵام هەڵبژارد ئێستا لەرێزی ئەم یانەیە یاری دەكەم، كاتێك لە یانەی شەقڵاوە بووم یاریی تۆپی باسكەم بۆ ئەم یانەیە دەكرد و هەروەها بەشێوەی خواستن یاریزانی یانەی ئاڵا بووم لە فۆتسال (تۆپی پێی بچووككراوە).
* گرنكترین دەستكەوتانت چین؟
- سەرەتا لە گۆڕەپان و مەیدان، ئەم یارییە یارییەكی تاكە كەسییە واتا بە دەستهێنانی دەستكەوت بەماندووبوونی خۆت دێتن، بۆیە لە سێ باز و یەك باز هەردەم ركابەری سەرەكی بووم لەسەر پلەكانی یەكەم و دووەم و سێیەم لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان، هەروەها لەگەڵ یانەی شەقڵاوە بۆ تۆپی دەست توانیمان سەركەوین بۆ خولی پلە نایابەكانی كوردستان بۆ تۆپی دەست ، هەروەها لەگەڵ یانەی قەڵا توانیمان لە خولی عێراق پلەی دووەم بە دەستبهێنین.
* بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق كراویت؟
- بەڵی، لە یاریی گۆڕەپان و مەیدان چەندین جار بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق كرام بۆ ئەوەی بەشداری لە پاڵەوانێتییەكان بكەم، بەڵام بەهۆی چەند هۆكارێكەوە نەمدەتوانی پەیوەندی بە هەڵبژاردەكە بكەم و لە یاری تۆپی دەست، كە هەڵبژاردەی عێراق دامەزرا منیش یەكێك بووم لە یاریزانە بانگهێشتكراوەكان وا بڕیار بوو لە مانگی دووی ئەمساڵ بەشداری لە پاڵەوانێتییەك بكەین لە وڵاتی قەتەر، بەڵام بە بیانووی نەبوونی پارە نەمانتوانی بەشداری بكەین.
* بۆچی ئەم هەموو یاریەت ئەنجام داوە و لە یارییەك جێگیر نەبووی؟
- ئەوەی راستی بێت چەند هۆكارێك هەیە، سەرەتا كە یاریزانی گۆڕەپان و مەیدان بووم خولیای ئەم یارییە بووم، بەڵام بەهۆی كێشە نەمتوانی لەم یارییە بەردەوام بم بۆیە ناچار بووم یانەیەكی تر هەڵبژێرم ئەویش بەناچاری یاریی تۆپی دەستم هەڵبژارد و ئێستاش بەنیاز نیم ئەم یارییە بگۆڕم و بەردەوام دەبم وەكو یاریزانی تۆپی دەست.
* چۆن دەڕوانیە ئاستی وەرزشی ئافرەتان لە كوردستان؟
-تا رادەیك باشە، بەڵام كێشەیەكی گەورە هەیە لە كوردستان، هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ پێشخستنی تۆپی پێ.
دەبێت هیچ جیاوازی لە نێوان كوڕان و كچان نەبێت، كەچی لە كوردستان جیاوازییەكی زۆر هەیە ئەو بایەخەی بە كوڕان دەدرێت بە كچان نادرێت هیوادارم لە پشتگیری زیاتر بە ئافرەتان بدرێت تاكو وەرزشی ئافرەتان پێش بكەوێت.
*چ بكرێت بۆ پێشكەوتنی وەرزشی ئافرەتان؟
- هۆڵی تایبەت بۆ ئافرەتان درووست بكرێت بۆ ئەوەی مەشقی خۆیان ئەنجام بدەن و پاداشتی كچە پاڵەوانەكان بكرێت و مووچەیان زیاتر بێت و ئۆردوگای مەشقیان بۆ بكرێتەوە، بەڵام لە كوردستان مووچەی كوڕان سێ ئەوەندی كچانە بۆیە تا ئەم بیركردنەوەیە هەبێت وەرزشی ئافرەتان پێش ناكەوێت.
* لە یانەی قەڵا كێشە و گرفتان چییە؟
- كێشەی سەرەكیی ئێمە نەبوونی هۆڵی داخراوە، ئێمە ناچارین بە پارە هۆڵی داخراو بگرین بۆ ئەوەی مەشقی خۆمان ئەنجام بدەین و هەروەها كێشەیەكی تر ئەوەیە، كە منحەی مانگانەی تایبەت بە تۆپی دەست زۆر كەمە بەشی ئەوە ناكات بتوانین ئاستی خۆمان پێ بەرزبكەینەوە و كری هۆڵی داخراو بدەین، هەرچەندە ئێمە وەكو كچە یاریزان ئامادەین پارە بدەین بۆ ئەوەی هۆڵی داخراو بە كرێ بگرین، بەڵام كەسێكی خەمخوری وەرزش نییە لەو هەستەی كچە یاریزانەكان تێبگات بۆیە هیوادارم هۆڵێك بۆ یانەكەمان دابمەزرێت و پێشینەی مانگانە زیاد بكرێت و پشتگیری تەواوی ئەم تیپە بكرێت.
* تا چەند خێزان رۆڵی هەیە بۆ هاتنی ئافرەت بۆ نێو وەرزش؟
- رۆڵی خۆی هەیە، چونكە هەندێك خێزان رێگە بە كچەكانیان نادەن بێنە نێو وەرزش ئەمەش كێشەیەكی گەورەیە بۆیە هیوادارم هەموو خێزانەكان رێگە بە كچەكانیان بدەن بێنە نێو بواری وەرزش.
* دوا وتەت چییە؟
- زۆر سوپاسی ئێوە دەكەم، زۆر سوپاسی بنەماڵەكەم دەكەم، كە تا ئێستا رێ خۆشكەر بوون بۆ ئەوەی لە وەرزش بەردەوام بم و هیوادارم بایەخی زیاتر بە وەرزشی ئافرەتان بدرێت لە كوردستان بە تایبەتی هەولێر.
