كچە تایكواندۆكارانی كورد بەشداریی لە پاڵــەوانێتیی جیهانیدا دەكەن

كچە تایكواندۆكارانی كورد بەشداریی لە پاڵــەوانێتیی جیهانیدا دەكەن
كچە یاریزانانی تیپی تایكواندۆی هەردوو یانەی نەورۆز و ئافرەتانی هەولێر بە ناوی هەڵبژاردەی عێراق بەشداری لە پاڵەوانێتیی تایكواندۆی جیهانی دەكەن لە وڵاتی تایوان، هەڵبژاردەی عێراقیش بەسەرجەم ڕاهێنەرو یاریزانە كوردەكان بەشداری لەم پاڵەوانێتییەدا دەكەن كە بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە كێبڕكێیەكانی دەست پێبكات، هەریەك لە كچە یاریزانانی كوردستان لە هەردوو شاری هەولێرو سێلمانی (مەلەك عوبیدعەلی، فاتیمە نەجم، شەریڤان ئەیوب، هەناسامی، شیراز ستار)لە یانەكانی ئافرەتانی هەولێرو نەورۆز لە ئاستی پێشكەوتووان و لاوان و تازە پێگەیشتووان و لەگەڵ هەریەك لە ڕاهێنەران مزەفەر ئەكرەم لە یانەی ئافرەتانی هەولێرو بەختیار عەلی لە یانەی نەورۆز، بۆ ئامادەكاری بۆ ئەم پاڵەوانێتییەش كچە یاریزانانی تایكواندۆی كوردستان بۆ ماوەی 10 رۆژ لە شاری سلێمانی كەمپێكی مەشق و ڕاهێنانیان ئەنجامداوە بە ئامانجی بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە لەم پاڵەوانێتییە و لە ملكردنی مەدالیای زێڕ و بەرزكردنەوەی ناوی كوردستان و عێراق، بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە خۆئامادەكردنیان ئەم ڕاپۆرتەمان لەگەڵ ژمارەیەك لە یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق ئەنجامدا.
ڕاپۆرتی: كارزان كانەبی

لە بارەی ئامادەكارییەكانیان مزەفەر ئەكرەم ڕاهێنەری هەڵبژاردەی كچانی تایكواندۆی عێراق بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: ئێمە وەكو یانەی ئافرەتانی هەولێر چوار یاریزانمان دەست نیشان كراوە بۆ بەشداری كردن لەم پاڵەوانێتییە لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق، ئێمە كەمپێكی مەشقی چڕمان ئەنجامدا بۆ یاریزانانی تیپەكان لە شاری سلێمانی بەمەبەستی باشتر خۆئامادەكردنمان بۆ ئەم پاڵەوانێتییە ئەویش بە پاڵپشتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو بۆ بەدەست هێنانی ئەنجامی شایستە لەم پاڵەوانێتـیە، زۆر گەشبینین كە یاریزانانەكانمان بتوانن ئەنجامی باش بەدەست بهێنن هەر چی نەبێت دوو تا سێ یاریزانمان لە ئاستە جیاوازەكان ببنە خاوەنی مەدالیا، دەست خۆشی لە یەكێتیی ناوەندیی تایكواندۆی كوردستان دەكەین بۆ هاوكاری كردنی ئەم تیپە كە هەمیشە پاڵپشت بووە بە تایبەتی سەرۆكی یەكێتییەكە، هیچ كێشەو گرفتێكمان نییە وەكو تیپەكەش هەموومان ئامادەین بۆ ئەنجامدانی یارییەكان و بەدەست هێنانی ئەنجامی باش و متمانەی تەواومان بە یاریزانانی خۆمان هەیە كە دەتوانن ئەنجام بەدەست بهێنن.
لەلایەن خۆشیەوە كچە یاریزانی یانەی ئافرەتانی هەولێرو هەڵبژاردەی عێراق مەلەك عوبێد بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: خۆشحاڵم جارێكی تر لەگەڵ هەڵبژاردەی تایكواندۆی عێراقی وەكو كچە كوردێك بەشداری دەكەم لە پاڵەوانێتیی تایكواندۆی جیهان لە تایوان و ئامادەكارییەكانمان یەك جار باش بووینە بۆ بەدەست هێنانی ئەنجامی شایستە لە پاڵەوانێتییەكە، وەكو كچە یاریزانانیش متمانەی تەواومان بە خۆمان هەیە كە بتوانین ئەنجامی دڵخۆشكەر بۆ كوردستان وعێراق بەدەست بهێنین، هەر چەندە پێشتریش بەشداری پاڵەوانێتیی ئۆڵۆمپیاتی قەتەرم كردووە لە توركیاش بەشداریم كردووە و ئەنجامان هەبووە و سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەكەم كە هەردەم پاڵپشتی وەرزشكاران بووە و ئێمەش دەمانەوێ لە ئاست ئەو بەرپرسیاریتییە بین كە لەسەر شانمانە و ئامانجمان بەدەست هێنانی مەدالیایە لە كێبڕكێیەكان، پێشبینیش دەكەم ئاستی پاڵەوانێتییەكە زۆر بەرز بێت، بەخۆشحاڵیشەوە ڕاهێنەرانی تیپەكەمان زۆر لەگەڵمان ماندوو بووینەو هیچ كێشەو گرفتێكمان نییە. سوپاسی یانەی ئافرەتانی هەولێریش دەكەم كەوا هاوكاری بەردەوامانن لە پاڵەوانێتییە لە پشتگیرییەكانمان.
لەلایەن خۆشیەوە كچە یاریزانی تایكواندۆ فاتیمە نەجم یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق لە ئاستی لاوان لە بارەی ئامادەكارییەكانیان بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: ئامادەكارییەكانمان زۆر باشبووە لە رۆژانی ڕابردوو لەسەر دەستی ڕاهێنەری تیپەكەمان مامۆستا مزەفەر ئێمە بە ئامانجەوە بەشداری ئەم پاڵەوانێتییە دەكەن بەهیوای بەدەستهێنانی مەدالیا و چاویشمان لەبەدەست هێنانی ئەنجامە بۆیە بەشداری دەكەین، خۆشم بە خۆشحاڵ دەزانم وەكو كچە كوردێك كە بەشداری پاڵەوانێتیی جیهان دەكەم لە تایوان بتوانم مەدالیای زێڕ بەدەست بهێنیم و ناوی كوردستان و ئاڵای كوردستان لە پاڵەوانێتییە بەرز بكەمەوە، سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستان ویەكێتیی تایكواندۆی كوردستان دەكەین لە هاوكاری كردنی بەردەوامی ئێمە، هیچ كێشەو گرفتێكمان نییە وەكو كچە یاریزانانی هاوكاری بەردەوامان لێ كراوە، یانەكەشمان هاوكاری كردووین، ئاستی پاڵەوانێتییەش بەرز دەبێت بە هۆی زۆری بەشداری كردنی یاریزانانی بەتوانا لە سەر ئاستی جیهانی، ئێمە وەكو كچە یاریزانانی كورد هیچمان لە كچە یاریزانانی وڵاتانی تر كەمتر نییە، بۆیە هەموومان بە رۆحییەتێكی بەرزەوە دەچینە نێو ململانێیەكانی كێشە جیاوازەكان، لێرەشەوە بەڵێن دەدەین بە هەوادارانی ئەم یارییە كە بە ئەنجامەوە بگەڕێینەوە هەرێمی كوردستان ناوی خۆمان و كوردستانیش بەرز بكەینەوە. لە كۆتایی قسەكانیشم سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەكەم بۆ ئەو گرنگییەی بە وەرزشكارانی ئافرەتانی كوردستان دەدەن بەبێ جیاوازی و هاندانی ئافرەتان بۆ وەرزش كردن.
Top