یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی مانچستەر سیتی سەمیر نەسری رایگەیاند هاوڕێكەی یایا تۆرێ یاریزانی هەڵبژاردەی كۆتدیڤوار باشترین یاریزان هێڵی ناوەڕاستە لە جیهان، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو یاریزانە لە كیشوەری ئەفریقیایە ئەو مافەی تا ئێستا پێنەدراوە، نەسری لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی تەلیگرافی بەریتانی گوتی: یایا تۆرێ بە باشترین یاریزانی هێڵی ناوەڕاست لە جیهان دەست نیشان دەكرا ئەگەر لە كیشوەری ئەفریقیا نەبوایە، بەڵام بە هۆی رەگەز پەرستیەوە تا ئێستا ئەو مافە رەوایەی وەرنەگرتووە، ئەگەر یایا ئەرژەنتینی یان بەرازیلی بوایە ئەوە بە بێ ركابەر دەبووە باشترین یاریزانی هێڵی ناوەڕاست لەجیهاندا . شایانی باسە یاریزان یایا تۆرێ هۆكارێكی سەرەكی بوو لەبەدەست هێنانی نازناوی جامی كەپیتال وەن بۆ یانەی مانچستەر سیتی دوای ئەوەی گۆڵێكی تۆماركرد و یەكێكی دیكەی دروستكرد لە یاریی كۆتایی بەرامبەر یانەی سەندەرلاند كە بە ئەنجامی (3-1) گۆڵ لەبەرژەوەندی یانەی مانچستەر سیتی كۆتایی هات.