كەوسەر كاكە تەها:زۆر بە ئاواتەوەم هەڵبژاردەی فوتساڵی كوردســتان دابمەزرێ

كەوسەر كاكە تەها:زۆر بە ئاواتەوەم هەڵبژاردەی فوتساڵی كوردســتان دابمەزرێ
لە خولی نایابی فوتساڵی كچانی یانەكانی كوردستان چەندین یاریزانی بەتوانا و خاوەن ئاستێكی بەرزی یاری كردن دەركەوتن، یەكێك لەم یاریزانە بەتوانایانەش كچە یاریزانی شاری هەولێر كەوسەر كاكە تەهایە، ناوبراو لەدایكبووی ساڵی 1997ی شاری هەولێرە و ئەم ساڵیش ئاستێكی بەرزی پێشكەش كردووە لە خولی نایاب توانی لەگەڵ تیپەكەی پلەی دووەم بەدەست بهێنێت، ئێمەش لەنزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد

*چۆن بوو ئاشنایەتیت لەگەڵ یاریی تۆپی فوتساڵ دروست كرد؟
- من بە هۆی خولیای زۆرم بۆ ئەم یارییە و لە رێگای ڕاهێنەری تیپەكەمان مامۆستا سالار هاتوومەتە ناو ئەم یارییە و تاكو ئێستاش درێژە بەم یارییە دەدەم.
* ئاستی ئەم ساڵی خولی فوتساڵی كچانی كوردستان لە چ ئاستێك بوو؟
- ئەم وەرزەی خولی نایابی فوتساڵی لە ئاستی بەرز بوو، یانەكان هەموو هەوڵی خۆیان دەدا بۆ كێبڕكێی كردن لەگەڵ یەكتری ئێمەش هەر سەرەتا خۆمان باش ماندوو كردبوو، بەڵام نەمانتوانی نازناوەكە بەدەست بهێنین بۆیە تەنیا بە پلەی دووەم ڕازی بووین، بۆ ساڵی داهاتوو پەنا بەخوا ئاستمان زیاتر بەرز دەبێتەوە.
* چی بكرێت باشە بۆ ئەوەی ئاستی یاریی فوتساڵ بەرز بێتەوە؟
- لە ئێستادا سوپاسی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان دەكەین بە كردنەوەی خولێكی لەم شێوەیە، بەڵام بەهیوای ئەوەم گرنگی زیاتر بە كردنەوەی خولی بەردەوام بدرێت، قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان و پشتگیری كردنی كچە یاریزانان ئەمانە هەمووی هۆكارن بۆ سەرخستنی ئاستی ئەم یارییە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر هۆڵی داخراو هەبێت زۆر لە ئێستا یارییەكە پێشكەوتنی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێ.
* وەكو كچە یاریزانان كێشەو گرفتەكانتان زیاتر لەم یارییە چییە؟
- كێشەو گرفتێكی وامان نییە، تەنیا لە ئێستادا هۆڵەكەمان لە تەواو بوونە ئەگەر هۆڵەكەمان بە تەواوی ئامادەكرا كێشەمان نامینێ و ئاستمان زیاتر بەرەو پێش دەچێت وەكو ئەو یانانەی خاوەنی یاریگای تایبەت بەخۆیانن و هەر رۆژی لە یاریگایەك مەشق ناكەین.
* زۆر كات خانەوادەكان دەبنە رێگر لە وەرزش كردنی كچەكانیان، ئێوە ئەم رێگریەتان لێ كراوە؟
- نەخێر تاكو ئێستا رێگری لە وەرزش كردنمان نەكراوە، دایك و باوكم زۆر هاوكاری منن لەخزمەت كردنی وەرزش و گرنگیدانی زیاتر بە ئاستی ڕاستەقینەی خۆم، بۆیە هەموو كات هاوكارو پشتگیری منن.
* تا ئێستا لە هەڵبژاردەی عێراقی داوا نەكراوی؟
- نەخێر، بەڵام بەهیوای ئەوەم لە داهاتوو بانگهێشت بكرێم و لە رێگای هەڵبژاردەی عێراقیش گرنگی بە ئاست و توانای خۆم بدەم لە پاڵەوانێتییەكانی دەرەوە.
* هیچ یانەیەك گرێبەستی پێشكەش كردووی بۆ یاری كردن؟
- تا ئێستا ئەم دەرەفتەم بۆ نەڕەخساوە، بەڵام لە یانەی ئافرەتانی هەولێر زۆر ئاسوودەم و دەمەوێ لەو یانەیە زیاتر خزمەتی وەرزش بكەم.
* ئەگەر گرێبەستت بۆ هات یانەكە جێ دەهێڵی؟
- نەخێر ناتوانم ڕاهێنەر و یاریزانانی تیپەكەم جێ بهێڵم.
* حەز دەكەی هەڵبژاردەی كوردستان دابمەزرێ و تۆش


یەكێك بی لە یاریزانانی هەڵبژاردەكە؟
- ئەوە هیوای من و هەموو كچە یاریزانانی یاری فوتساڵە و بەهیوای ئەوەم بەرپرسانی وەرزشی لەداهاتوو ئەم خەونەی كچە وەرزشكارانی كورد بهێنە دێ و ئێمەش بە ئاڵای كوردستان بەشداری لە پاڵەوانێتیەكانی دەرەوە بكەین.
*خوێندن نەبۆتە رێگر لەبەردەم وەرزش كردنت؟
- نەخێر من هەموو كاتەكانی خۆم دابەشكردووە بۆ وەرزش كردن و خوێندن بۆیە ئەگەر بەرنامەیەكی باش دابنێیت دەتوانی سەركەوتووبیت.
* ڕاهێنەر تا چەند هاوكارتانە وەكو كچە یاریزانان؟
- بەڕاستی ئەو رۆڵێكی كاریگەری هەیە لە ناو كچە یاریزانانی تیپەكەمان، هەموو كات لێمان نزیك بووە، كاتی خۆی تەرخان كردووە بۆ پێشخستنی ئاستی ئێمە لێرەوە سوپاسی دەكەم.
Top