دوای ئەوەی لە وڵاتی ئیماراتی عەرەبی لە پارێزگای شاریقە، كۆڤان حەسەن یاریزانی كوردی شاری ئاكرێ بەشداری لە پاڵەوانێتیی فەزاعی نێودەوڵەتی كرد بۆ یاریزانانی خاوەن پێداویستیی تایبەت لەگەڵ شاندی هەڵبژاردەی عێراقی لەدەستپێكی پاڵەوانێتییەكەشدا، كۆڤان توانی ئاستێكی بەرز لە ڕكابەرییەكان پێشكەش بكات و بووە جێگای متمانەی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراقی لە هەردوو یارییەكانی هەڵدانی رم وهاوێشتنی دیسك (قرص) كە توانی پلەی یەكەم و سێیەم بەدەست بهێنێت لە پاڵ یاریزانانی تری وڵاتانی جیهانی بەشداربوو لەم پاڵەوانێتییە، لەبارەی بەدەست هێنانی ئەم ئەنجامە باشەش، كۆڤان حەسەن بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی» ئاستی پاڵەوانێتییەكە یەكجار بەرزە و كێبڕكێی بەهێز هەیە لە نێوان یاریزانانی هەڵبژاردە بەشداربووەكانی جیهان، ئێمەش وەكو هەڵبژاردەی عێراق توانیمان ئاستێكی بەرز پێشكەش بكەین و ببینە مایەی دڵخۆشی بۆ هاندەرانی وەرزشی وڵاتەكەمان، سوپاس بۆ خوای گەورەش توانیم دوو ئەنجامی بەرچاو بەدەست بهێنم لە پاڵەوانێتیی هاوێشتنی رم، توانیم پلەی یەكەم لەسەر ئاستی گشت هەڵبژاردەكان بەدەست بهێنم، لەگەڵ ئەوەشدا لە ململانێی هاویشتنی دیسكیش توانیم پلەی سێیەم بەدەست بهێنم، هاویشتنی قورسایم ماوە بۆیە دەمەوێ لەم ڕكابەرییەشدا ئەنجامی دڵخۆشكەر بەدەست بهێنم لە پاڵ ئەنجامەكانی ترم، سوپاسی ڕاهێنەرەكەشم دەكەم كە زۆر هاوكارم بوو و بەهیوای ئەوەم بتوانم بەردەوام بم لە بەدەست هێنانی نازناوەكان.