نەورۆز لە پێشڕەوی كردن بەردەوامە

نەورۆز لە پێشڕەوی كردن بەردەوامە
دوای ئەوەی یانەی نەورۆز ئەركی ڕاهێنەرایەتی لە قۆناغی دووەم بە ڕاهێنەری پێشووی یانەی شەهیدانی دەروازەی ڕاپەرین ئەرسەلان جەلال سپارد بۆ بەڕێوەبردنی یانەی نەورۆز لە قۆناغی دووەم كە ئاستی یانەكە وەكو پێویست نەبوو لە یارییەكانی قۆناغی یەكەم، لەم قۆناغەشدا لەگەڵ دەست بەركار بوونی ئەرسەلان جەلال ئاستی یانەی نەورۆز بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە لە كۆی ئەنجامدانی 3 یاریی یانەكە حەفت خاڵی گرنگی بەدەست هێناوە و یانەكە چەند خانەیەك هەنگاوی ناوە و كۆی خاڵەكانی بۆ 20 خاڵ بەرز بۆتەوە لە پلەی یازدەهەمی خولەكە دێت، لەم بارەشەوە ئەرسەلان جەلال ڕاهێنەری یانەی وەرزشی نەورۆز بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: ئێمە كە دەست بەكار بووین وەكو ستافی ڕاهێنەری تازە مەشقێكی باشمان ئەنجامدا بۆ ئەوەی تیپەكە سەر لەنوێ رێك بخەینەوە، دواتریش گۆڕانكاریمان لە شێوازی یاری و لە شێوازی دانەوەی مەشقەكان كرد، لە هەمان كاتیشدا گۆڕانكاریمان لە شێوازی یاری كردنی هێڵی یاریزانان كرد، گۆڕانكاریمان لە هەڵسوكەوتی یاریزانان كرد، بۆ ئەوەی بمانەوێ ئاستمان بەرەو پێش بچێت پێویستمان بە چەند یاریزانێكی پیشەگەر هەیە، هەر چەندە بەخۆم چەند یاریزانێكی پیشەگەرم لایە بۆیە لە ئێستا ئەگەر هەبێت ڕەنگە بهینین، بەڵام ئەگەر پێویستمان پێ نەبێت ناهێنین، گوتیشی بۆ یاری، ئێمە هەوڵ دەدەین خۆمان لە ریزبەندی یانەكانی خولەكە نزیك بكەینەوە، هەوڵ دەدەین هیچ یارییەك خاڵ لە دەست نەدەین چونكە هەموو یارییەك بۆ ئێمە گرنگی تایبەتی خۆی هەبێت چونكە لە قۆناغی یەكەم ئاستمان وەكو پێویست نەبوو، هیچ كێشەو گرفتێكیشمان نییە لە پێكهاتەی یانەكەمان بەهیوای ئەوەین باشترین ئەنجام بەدەست بهێنین.
Top