شیما وەلی: كچان دەتوانن ركابەریی كـوڕان بكەن، تـەنـیـا پێویستییان بە متمانە هەیە
* بۆچی یاریی گۆرەپان و مەیدانت هەڵبژارد؟
- لە منداڵییەوە حەزم لەم یارییە بوو.
* چۆن دەڕوانییە ئاستی كچە یاریزانەكان؟
- ئاستی كچە یاریزانەكان لە یاریی گۆڕەپان و مەیدان زۆر باشە و رۆژ بە رۆژ پێش دەكەوێت.
* وەكو كچە یاریزان كێشەتان چییە ؟
- ئەوەی راستی بێت كێشەی گەورەی ئێمە كەمیی پاڵەوانێتییەكان، چونكە پێویستە لە ساڵێك زۆرترین پاڵەوانێتیی ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی بتوانین ئاستمان بەرزبكەینەوە، هەروەها كچەكان پێویستیان بە ئەنجامدانی ئۆردوگای مەشقی هەیە لە دەرەوە، هەروەها ژمارەی كچە یاریزانەكان زۆر كەمە پێویستە هەوڵ بدرێت ژمارەیان زیاد بكرێت، جا چ سوود لە یاریزانەكانی شارەكان وەربگرێت یاخود لە دەرەوەی شارەكان بهێنن بۆ ئەوەی ببێتە هاندەرێك بۆ كچەكانی تر.
* هۆكاری كەمیی كچە یاریزان بۆ چی دەگەڕێتەوە؟
- هۆكاری یەكەم بۆ خانەوادەكان دەگەڕێتەوە، كە رێگە نادەن كچەكانیان روو لە وەرزش بكەن چونكە هێشتا لەوە نەگەیشتوون، كە كچ دەتوانێ زۆر شت بكات شانبەشانی كوڕان، بەڵكو لە كوڕان زیاتر دەتوانن ئەنجام بەدەست بهێنێت و باشتر بن، دەبێت خانەوادەكان متمانەیان بە كچەكانیان هەبێت، كە لە توانیان هەیە سەركەوتوو بن، زۆر سوپاسی دایك و باوكم دەكەم كە رێخۆشكەر بوون بۆ هاتنم بۆ نێو بواری وەرزش.
* تا چەند لە ئاستی خۆت رازیت؟
- زۆر لە ئاستی خۆم رازیم و لە مەشقكردندا زۆر ماندوو دەبم و مەشقێكی یەكجار زۆر دەكەم، چونكە بە مەشق كردن ئاستم پێش دەكەوێت و زۆر باوەڕم بە ئاستی خۆم هەیە و زۆر سوپاسی راهێنەرەكەم مامۆستا رێبوار دەكەم، كە لەگەڵم ماندوو دەبێت و منی گەیاندە لووتكە.
* چ بكرێت بۆ ئەوەی كچ زیاتر روو لە یاریی گۆڕەپان و مەیدان بكات؟
- شتێك هەیە، كە رەنگە كەس دركی پێ نەكردبێت، ئەوەیش زۆر كچ هەیە، كە نازانیت لە هەولێر یاریی گۆڕەپان و مەیدانی تایبەت بە كچان هەیە، بۆیە دەبێت لە رێگەی دەزگاكانی راگەیاندن بانگەشە بۆ ئەم یارییە بكرێت تاكو كچ زیاتر روو لەم یارییە بكات ئەمەش پێویستی بە پاڵپشتی و یەك دەستی هەموو لایەك هەیە.
* هیوا و ئاواتت چییە؟
- خەون بەو رۆژە دەبینم، كە لە یەكێك لە پاڵەوانێتییە جیهانییەكان ئاڵای كوردستان بەرزبكەمەوە و سروودی نیشتمانی وڵاتەكەم كوردستان گوێبیست بم.
* پەیامت بۆ خانەوادەكان چییە تاكو كچان بێننە نێو وەرزش؟
- هیوادارم خانەوادەكان زیاتر بایەخ بە كچەكانیان بدەن بۆ ئەوەی روو لە وەرزش بكەن، چونكە ئاستی كچان لە كوڕان بەرزترە ئەمە تەنیا قسە نییە، بەڵكو بە بەڵگە سەلمێندراوە، یاریزانانی كوڕ پارەیەكی زۆر وەردەگرن، كەچی هیچ ئەنجامێكیان نییە، كەچی یاریزانانی كچ پارەیەكی یەكجار كەم وەردەگرن دەتوانین بڵێن رەمزییە، كەچی ئاستیان بەرزە و دەستكەوتی زیاتریان هەیە، بۆیە دەبێت لە هەموو روویەكەوە پشتگیری لە یاریزانی كچ بكرێت.
* دوا وتەت چییە؟
- هیوای سەركەوتن بۆ هەموو كچە یاریزانێك دەخوازم و ئومێدەوارم لە لایەنە پەیوەندارەكان زیاتر بایەخ بە كچە یاریزان بدەن و پاڵپشتیان بن و هاوكاریان بن بۆ ئەوەی ئاستی وەرزشی ئافرەتان زیاتر پێش بكەوێت.
