زینە جەمیل: خانەوادەكەم ئازادییەكی تەواویان لە وەرزشدا پێ بەخشیوم

زینە جەمیل:  خانەوادەكەم ئازادییەكی تەواویان لە وەرزشدا  پێ بەخشیوم
یەكێك لە یاریزانە بە تواناكانی یاریی فوتساڵ لە شاری دهۆك، یاریزان زینە جەمیل ئەحمەد كە ئەم وەرزە لە یانەی زێرەڤانییەوە پەیوەندیی بە یانەی ئافرەتانی هەولێر كردووە، ئەم ساڵ لەگەڵ یانەكەی شاری هەولێر ئاستێكی بەرزی پێشكەش كردووە هەر بۆیە توانیشی لەگەڵ یانەی ئافرەتانی هەولێر پلەی دووەمی خولی نایابی فوتساڵی كچانی یانەكانی كوردستانی بەدەستبێنێت، زینە لە دایكبووی ساڵی 1991ی شاری دهۆكە، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كردو ئەویش وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.

*چۆن پەیوەندیت بە یانەی ئافرەتانی هەولێرەوە كرد؟
- پێشتر لە یانەی وەرزشیی زێرەڤانی بووم، بەڵام بەهۆی چەند كێشەیەكەوە یانەكەم جێهێشت و بەرەو یانەی ئافرەتانی هەولێر هاتم و لەگەڵ ئەوان ڕێكەوتم.
* بەچ شێوەیەك لەگەڵ یانەكەی پایتەخت پێك هاتوون؟
- وەكو یاریزانێك بە گرێبەست و مووچەی خۆم لەگەڵ ئەوان ڕێكەوتم.
* هەست ناكەی لە كوردستان وەكو پێویست گرنگی بە یارییەكانی فوتساڵ نادرێت؟
- ڕەنگە ئەگەر بڵێم گرنگی پێ نادرێت ئەوە بەهەلە داچووبووم، لە چاو ساڵانی پێشووتر زۆر باشترە ئاستی ئەم یارییە، بەڵام لە چاو یارییەكانی كوڕان ڕاستە گرنگی وای پێ نەدراوە لە رووی مادییەوەش گرنگیەكەی زۆر كەمە، گرێبەستی یاریزانانی كوڕ لە نێوان 50بۆ 60ملیۆن دینارە كەچی مووچەی كچان تەنیا مانگانە 200هەزاریان پێ دەدرێت.
* ئەم ساڵ كێشەی هاتوچۆت بۆ دروست نەبوو لە رووی پابەند بوون بە مەشق و یارییەكان لە دهۆكەوە بێتە هەولێر؟
- من هەموو رۆژەكان لێرە نەبوویمە، چونكە لە هەولێر لە ماڵی خاڵم ژیاوم، بەڵام بۆ وەرزشكار وا خۆشترە كە لە ماڵی خۆی وەرزش بكات، هەر چەندە لە یانەی ئافرەتانی هەولێر زۆر ئاسوودەم.
* بڕیاری ئەوەت نەداوە بگەڕێیتەوە شارەكەی خۆت؟
- تاكو ئێستا هیچ بڕیارێكی وام نەداوە.
* هیچ گرێبەستت بۆ هاتووە لە لایەن یانەكانی تر؟
- بەڵی بۆم هاتووە، بەڵام من هیچ بڕیارێكم نەداوە لەسەر چارەنووسی خۆم.
* پێت باشە چی بكرێت بۆ ئەوەی ئاستی یاریی فوتساڵی كچانی بەرز بكرێتەوە؟
- هەموو یاریزانێك لەسەر ئاستی خۆی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئاستی خۆی بەرز بكاتەوە زۆر جاریش گرێبەست و مووچەی یاریزانان رۆڵی خۆی دەبینێ، لە هەمان كاتیشدا زۆری كردنەوەی پاڵەوانێتی و گرنگیدانی زیاتر بە ئاستی كچان خۆی دەبێتە هۆی بەرز كردنەوەی ئاستی ئەم یارییە، لە هەمان كاتیشدا دروست كردنی هۆڵ و پشتگیری مادی و مەعنەوی دەبێتە هۆی گەشە كردنی ئاستی یارییەكە.
* لە كوردستان چ یانەیەك بە ڕكابەریی یانەی ئافرەتانی هەولێر دەزانی؟
- هەر یەكە لە یانەكانی زێڕەڤانی و ئەفرۆدێت كە دوو یانەی زۆر بەهێزن.
*كێشەو گرفتتان چییە وەكو یاریزانان؟
- هیچ یانەیەك نیە كێشە و گرفتی نەبێت، بەڵام ئەوەی تایبەت بێت بە ئێمە ئەوە بوو كە خولی فوتساڵی كچان تەواو بوو ئێمە لە یاریگای خۆمان یاریمان نەكردووە و لە ژێر كاری نۆژەن كردنەوە بوو، یاریگایەكی باشمان نەبوو هەر رۆژێ لە یاریگایەك مەشقمان دەكرد.
* كێشەت بۆدروست نابێت لە شارێكی دیكەوە دێتە هەولێر بۆ وەرزش كردن؟
- من لە خانەوادەیەكی باش پەروەردە كراوم كە ئازادییەكی تەواویان پێم داوە لە ورەزش كردن منیش لە ژێر ئەو متمانەی ئەواندام، هیچ كێشەیەكم نییە.
* هیواو ئاواتت لەم یارییەدا چییە ؟
- بەهیوای ئەوەم رۆژگارێك دابێت لە داهاتوو ببمە ڕاهێنەری تیپێكی كچان.
* بەچ یاریزانێكی جیهانی زۆر سەرسامی؟
- زۆر بە ئەنێستای یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی بەرشەلۆنە سەرسامم لە ناو یاریگا.
Top